جیهانی ئیسلامیدونیا

حکومەتی چین کەمپینی “لەناوبردنی ڤایرۆسە ئایدۆلۆژییەکان”ی ڕاگەیاندووە و موسڵمانانی ئویغوری بەئامانجگرتووە

“لەناوبردنی ڤایرۆسە ئایدۆلۆژییەکان”، ئەمە ناوی کەمپینەکەی حکومەتی چینە بۆ ناچارکردنی موسڵمانان بە وازهێنانیان لە دینی ئیسلام و فەرزەکانی دینەکەیان.

هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت، حکومەتی چین کەمپەینێکی سیستماتیک و زەبەلاح لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی موسڵمانانی ئویغور لە ڕۆژهەڵاتی_تورکستان ئەنجامدەدات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس وۆچ، لقی شینجیانگ (ڕۆژهەڵاتی تورکستان)ی ئەنجومەنی گەنجانی کۆمیۆنیستی چین لە مانگی ئازاری ٢٠١٧ وتوویەتی “ڕاهێنانی خەڵکی شینجیانگ (لە کامپەکانی پەروەردەکردنەوەی سیاسییدا) تەنیا یەک مەبەستی هەیە ئەویش فێربوونە لەبارەی یاسا و ڕێنماییەکانەوە، هەروەها بۆ لەناوبردنی بیرکردنەوەی توندڕەوانەی ئاینی و توندوتیژی تیرۆریستیی و چارەسەری نەخۆشییە ئایدۆلۆژییەکانە. ئەگەر پەروەردەکردنەکە باش بەڕێوەنەچوو، ئەوە بەردەوام دەبین لە دابینکردنی پەروەردەی خۆڕایی تا ئەنجام دەستدەخەین”.

کایرەت سەمەرقەند کە پێشتر لەلایەن چینەوە دەستبەسەرکراوە بە هیومان ڕایتس وۆچی وتووە “ئەوان (دەسەڵاتدارانی چین) دەیانەوێت بەتەواوی موسڵمانان و نوسینی موسڵمانان و پۆشاکی موسڵمانان لەناوببەن. ئەوان پلانی ئەوەیان هەیە کە گەلێکی هاوشێوەیان هەبێت و هەموو کەس چینی بێت”.

سۆفی ڕیچاردسۆن بەڕێوەبەری هیومان ڕایتس وۆچ لە چین دەڵێت “حکومەتی چین بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕی و دوژمنکارانە و بەدبەخت سەیری موسڵمانانی ئویغور لە شینجیانگ دەکات. لە هاتنە دەسەڵاتی سکرتێری نوێی پارتەکەش کە چین کوانگووە لە هەرێمەکە، دەسەڵاتداران دەستیان بە کەمپەینەکەیان کرد کە لەسەر کاغەز بە (سڕینەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر) ناسراوە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە بۆ ڕەوایەتیدانە بە بێڕێزیی زۆر بەرامبەر خەڵکی ناوچەکە”، هەروەها باسی لەوەش کردووە کە لە هەرێمەکە (هەرێمی شینجیانگ) دەسەڵاتداران “کەمپی پەروەردەکردنەوەیان دروستکردووە کە تیایدا خەڵکی ناچاردەکرێن سوێندبخۆن لەسەر دڵسۆزییان بۆ حزب و حکومەتی کۆمیۆنیستی چین”.

کایرەت سەمەرقەندیش لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی “لە کامپەکە فێری سرودی نیشتمانی و گۆرانیگەلێکیان دەکردین کە پیاهەڵدان بوون بە ماۆ زێدۆنگدا”.

موسڵمانێکی تریش کە نەیویستووە ناسنامەی ئاشکراکات بە هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت “لە هەموو خێزانێک ئەندامێکی خێزانەکە بەبێ هۆکار دەستگیرکراوە و زیندانیکراوە”، ئافرەتێکی موسڵمانیش بە ڕێکخراوەکەی وتووە “هەشت مانگە نە کوڕەکەمم بینیوە و نە گوێم لە دەنگی بووە و کچەکەشم کە تەمەنی ١٣ ساڵە لەو کامپانەدا دەستبەسەرە کە پەروەردەی سیاسیی تیایاندا دەکرێت”.

ئافرەتێکی تری موسڵمانیش بە هیومان ڕایتس وۆچی وتووە “کەمپەینەکە بە دەستگیرکردنی حیجابپۆشان و ئەوانەی دەموچاویان داپۆشیبوو دەستیپێکرد. چونەدەرەوە و هاتنەوەیەکیش نیوەی ڕۆژێکی دەوێت ئەمەش بەهۆی ئەو هەموو پشکنینەی کە لە هەرێمەکەدا هەیە، و ناسنامە و جەستەت و چەندین شتی تر دەپشکنن”.

ئافرەتێکیش باسی لەوە کردووە کە لە مەودای هەر ١٠ مەترێک پۆلیسێک هەیە و بە زەحمەت ناسنامەکەت دەخەیتەوە ناو جزدانەکەت (ئەمەش لەبەر ئەو هەموو پشکنینە بەردەوامەی موسڵمانان لە هەرێمی شینجیانگ)، وتووشیەتی “ئەمە کەی ژیانە” کە تەواوی ڕۆژ خەریکی پشکنینی موسڵمانان.

لەلایەکی ترەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی گەمارۆخستنە سەر بەرپرسانی باڵای چین و کۆمپانیاکان دەکات لەبەرامبەر دەستگیرکردنی سەدان هەزار موسڵمان لە چین.

دوای سەرکەوتنی پارتەکەی مهاتیر موحەمەد لە مالیزیا و بوون بە سەرۆک وەزیرانی مهاتیر موحەمەد، سەرۆک وەزیران بە بیانووی کەڵەکەبوونی قەرزی زۆر لەسەر وڵاتەکەی بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی چەند پرۆژەیەکی زەبەلاحی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتی چین.

نزیکەی ٥٠ وڵاتی جیهان زۆرینەی دانیشتووانەکەیان موسڵمانن، بەڵام هیچکامیان بە تاکە وشەیەکیش ناڕەزایی و دژایەتی خۆیانیان بۆ ئەو زوڵم و ستەمەی حکومەتی چین بەرامبەر موسڵمانانی ئویغور دەرنەبڕیوە.

لە ئێستادا بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمانی ئویغور لە کامپەکانی پەروەردەکردنەوەی سیاسیدا لە چین دەستبەسەرن و منداڵەکانیشیان لەلایەن حکومەتەوە دەبرێنە هەتیوخانەکان.

لە چین چەندین زوڵم و ستەم لەلایەن حکومەتی کۆمیۆنیستی (شیوعی)یەوە بەرامبەر موسڵمانان ئەنجامدەدرێت لەوانە، ناچارکردنی موسڵمانان بە خواردنی گۆشتی بەراز و خواردنەوەی عەرەق. هەروەها ڕێگری لە سیمبولەکانی موسڵمانان دەکرێت وەکو، قورئان و بەرماڵ و هەر سیمبولێکی تری ئیسلامی.

"لەناوبردنی ڤایرۆسە ئایدۆلۆژییەکان"ئەمە ناوی کەمپینەکەی حکومەتی چینە بۆ ناچارکردنی موسڵمانان بە وازهێنانیان لە دینی ئیسلام و فەرزەکانی دینەکەیان!(هیومان ڕایتس وۆچ)

Posted by ‎ئیسلامی :: eslami‎ on Tuesday, September 11, 2018

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close