جیهانی ئیسلامی

چین.. منداڵانی موسڵمان لە خێزانەکانیان جیادەکرێنەوە

ماڵپەڕی (ذە ئەتڵەنتیک) بڵاویکردووەتەوە، چین سیاسەتی جیاکردنەوەی خێزان (خێزانە ئویغورەکان) پەیڕەوی دەکات و منداڵان لە دایک و باوکیان جیادەکاتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێدەچێت بەم سیاسەتانەی “تەواوی نەوەیەک لە ناسنامەی موسڵمانێتییان بدزێت و داماڵێت”.

ذە ئەتلەنتیک لە ڕاپۆرتێکیدا باسی چەندین زوڵم و ستەمی کردووە کە لە موسڵمانانی ئویغور دەکرێت لە چین و ئاماژەی بەوەش کردووە کە زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمانی ئویغور لە زینداندان، و بەڕێوەبەرانی زیندانەکان (کە ناونراون کەمپی پەروەردەکردنەوەی سیاسی) هەوڵی بەزۆر دەدرێت بۆئەوەی موسڵمانان واز لە دینی ئیسلام بهێنن.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی (ذە ئەتلەنتیک)، مامۆستایانی چین هانی منداڵانی موسڵمانی ئویغور دەدەن کە سیخوڕی بەسەر دایک و باوکیانەوە بکەن، و دایک و باوکەکانیش دەترسن لەوەی کە منداڵەکانیان بیانخەنە زیندانەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە دەسەڵاتدارانی چین هەر لە پۆلیسەوە تا مامۆستا هەوڵی ڕووخاندنی خێزانە موسڵمانە ئویغورییەکان دەدەن.

ذە ئەتلەنتیک لە زاری کەسێکەوە، کە پێشتر مامۆستا بووە، باسی لەوە کردووە کە “منداڵان (ی ئویغور) ڕێگەیانپێنادرێت کە لەگەڵ منداڵانی تر بچنە قوتابخانە چونکە دایک و باوکیان کێشەی سیاسییان هەیە”. ذە ئەتلەنتیک باسی لەوەش کردووە کە مدناڵان لەلایەن حکومەتەوە دەبرێن تەنانەت کاتێکیش کە داپیر و باپیرانیان دەڵێن کە توانای بەخێوکردن و لەخۆگرتنیانیان هەیە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە چین لە شینجیانگ (ڕۆژهەڵاتی تورکستان) دەیان بینای نوێی دروستکردووە و کردوونی بە هەتیوخانە و ئەو منداڵانەی تیادان کە دایک و باوکیان لەلایەن حکومەتی چینەوە دەستگیرکراون.

کرێکار یاخود کارمەندی یەکێک لەو هەتیوخانانە بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، قەرەباڵغییەکی زۆر و دۆخێکی مەترسیدار لەناو هەتیوخانەکاندا هەیە و منداڵانی تەمەن شەش مانگ تا ١٢ ساڵی تیادا دەستبەسەرن “چەشنین ئاژەڵ لەناو کوخێکدا”.

هەر بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، یەکێک لە قوتابیانی ئویغور کە تەمەنی ٢٤ ساڵە و لە ئەمریکا دەخوێنێت و باوکی لە زیندانەکانی چینە، و لەبەرئەوەی باوکی ئەشکەنجەنەدرێت ناو و ناسنامەی خۆیی ئاشکرانەکردووە وتوویەتی “بیرمە کاتێک لە قۆناغی سەرەتایی بووین لە قوتابخانە کەسانێک دەهاتنە پۆلەکەمانەوە و پرسیاریان لێدەکردین: ئایا قورئانتان لە ماڵەوە هەیە؟ ئایا دایک و باوکتان لەڕووی ئاینییەوە چالاکن؟”، ئەو قوتابیە وتووشیەتی “منیش درۆم دەکرد و درۆم پێدەوتن، دەموت، دایک و باوکم هیچ چالاکییەکی ئاینییان نییە”. ئەو قوتابیە باسی لەوەش کردووە کە ئەگەر یەک هەڵە بکات ئەوە ئەو تاکە کەس نابێت کە دەخرێتە زیندانەوە بەڵکو هەموو خێزانەکەی کە بە خوێنیش بەیەک دەگەنەوە دەکەونە مەترسییەوە.

حکومەتی چین لەلایەن حزبی کۆمیۆنیستی چینەوە بەڕێوەدەبرێت (واتە حزبی شیوعی چین) و لە ئێستادا گەورەترین ستەم لەسەر ئاستی جیهان لە موسڵمانان لەم وڵاتە دەکرێت، بەڵام جیهانی ئیسلامی و میدیای ئیسلامی و سەرکردەی ئیسلامیی جیهان بێدەنگن لەئاست ئەو ستەم و زوڵمەی لە موسڵمانانی چین دەکرێت.

چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستاش حکومەتی چین دینی ئیسلامی بە “نەخۆشییەکی گوازراوە” وەسفکرد.

پێشتریش ماڵپەڕی (ذە ئەتلەنتیک) لە ڕاپۆرتێکیدا چەندین نهێنی لەبارەی زیندانیکردنی موسڵمانان و بەزۆرپێکردنی چەندین کاری لەلایەن حکومەتی کۆمیۆنیستی چینەوە (حکومەتی شیوعی چینەوە) ئاشکراکردبوو (کلیک لێرە بکەن بۆ خوێندنەوەی بەشێکی).

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close