جیهانی ئیسلامی

پاراگوای بڕیاریدا بە گەڕاندنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە قودسەوە بۆ تەلئەبیب

دوای ئەوەی پاراگوای لە ماوەی ڕابردوودا و دوای ئەمریکا باڵیۆزخانەکەیی لە ئیسرائیل لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس گواستەوە، ڕۆژی ٦ی ئەیلولی ٢٠١٨ بڕیاریدا بە گەڕاندنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە قودسەوە بۆ تەلئەبیب.

بڕیارەکەی پاراگوای کە ناڕەزایی ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە، دوای ئەوە هاتووە کە ماریۆ ئابدۆ بێنیتێز سەرۆکی نوێێ پاراگوای دوای دەستبەکاربوونی دەیەوێت سیاسەتی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێکبخاتەوە.

دوای ڕاگەیاندنی گەڕاندنەوەی باڵیۆزخانەی پاراگوای لە قودسەوە بۆ تەلئەبیب، ئیسرائیل لە وەڵامدا ڕایگەیاند کە باڵیۆزخانەکەی لە پاراگوای دادەخات و باڵیۆزەکەشی بانگدەکاتەوە.

لەلایەکی ترەوە هەریەکە لە تورکیا و دەسەڵاتی فەڵەستین پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد و ڕاشیانگەیاندووە کە باڵیۆزخانە (باڵیۆزخانەی تورکیا و فەڵەستین) لە پاراگوای دەکەنەوە.

هاوکات دوای ئەوەی پاراگوای بڕیاریدا بە جارێکیتر گەڕاندنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە قودسەوە بۆ تەلئەبیب، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوای لە سەرۆکی پاراگوای کرد کە پابەندی بڕیارەکەیانبن (بەوەی کە باڵیۆزخانەکەیان لە قودس بهێڵنەوە و نەیبەنەوە بۆ تەلئەبیب).

بەمپێیەش بێت لە ئێستادا تەنیا ئەمریکا و گواتیمالا باڵیۆزخانەکانیانیان لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس گواستووەتەوە و وەک پایتەختی ئیسرائیل دانیان بە قودسدا ناوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close