جیهانی ئیسلامی

فەڕەنسا: ئەگەر چەکی کیمیاوی لەکاتی گرتنەوەی ئیدلیب بەکاربێت بۆمبارانی سوریا دەکەین

بەرپرسێکی باڵای سەربازی فەڕەنسی ڕایگەیاند، فەڕەنسا ائامادەیە بۆمبارانی سوریا بکات ئەگەر چەکی کیمیاوی لەکاتی گرتنەوەی ئیدلیب لەلایەن حکومەتی سوریاوە بەکاربهێنرێت.

فرانسوا لیکۆینتری فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بە ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاندووە “ئێمە ئامادەین هێرش ئەنجامبدەین ئەگەر چەکی کیمیاوی جارێکیتر بەکاربهێنرێتەوە”.

ئەمەش دوای هەفتەیەک لە هۆشداریەکەی ڕووسیا بۆ ئەمریکا دێت کە تیایدا باسی لەوە کرد کە هێرشێکی درۆینە و هەڵواسراو لەلایەن ئەمریکاوە ڕێکدەخرێت.

ئەو بەرپرسە سەربازییەی فەڕەنسا (فرانسوا لیکۆینتری) وتووشیەتی “ئەو هێرشانەی ئەنجامیدەدەین لە ئاستی نیشتمانیدا دەبێت، بەڵام لە بەرژەوەندی ئێمە دەبێت کە ئەو کارە لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا ئەنجامبدەین”.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا نوسیبووی “بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا نابێت بە شێوەیەکی بێباکانە هێرش بکاتە سەر ئیدلیب، ڕووسیا و ئێرانیەکانیش هەڵەیەکی مرۆیی گەورە دەکەن بە بەشداریکردنیان لەم تراژیدیا مرۆییە شاراوەدا. لەوانەیە سەدان هەزار کەس بکوژرێن، مەهێڵن ئەوە ڕووبدات”.

هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیاش پێشتر هۆشدارییان داوە لەوەی لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیدلیبدا چەکی کیمیاوی بەکاربهێنرێت.

ئەمریکاش ڕووسیا بەوە تۆمەتباردەکات کە زانیاری هەڵە بڵاودەکاتەوە و جیهانی وا تێگەیاندووە کە هێرشی کیمیاوی بکرێت خەتای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی.

جگە لەمانە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش چەندجارێک هۆشداریی داوە لە دروستبوونی کارەساتی مرۆیی لە ئیدلیب.

هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاش ڕایگەیاند کە هەوڵدەدەن لەڕێگەی هەماهەنگییەوە لەگەڵ ڕووسیا و ئێران ڕێگریی لە دروستبوونی کارەساتێکی هاوشێوەی حەلەب بگرن (لە ئیدلیب). ئەمڕۆ ٧ی ئەیلولیش لە تاران کۆبوونەوەی لوتکەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا، حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بەڕێوەدەچێت و پێدەچێت کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بێت.

لەلایەکی ترەوە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بە شەڕ بێت یاخود بە ئاشتی ئەوا ئیدلیب “ئازاد دەکەنەوە”.

پارێزگای ئیدلیب دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای سوریاوە و هاوسنورە لەگەڵ تورکیادا، نزیکەی سێ ملیۆن کەسی تێدا دەژی کە نیوەیان ئاوارەی ناوخۆی سوریان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close