جیهانی ئیسلامی

چەند وتەیەکی جوان و بەهێزی سەلمان ئەلعۆدە بخوێنەرەوە

کۆتا پۆستی سەلمان ئەلعۆدە لە تویتەرەکەی پێش دەستگیرکردنی لەلایەن حکومەتی سعودیەوە ئەمە بوو: “هەست بە گرنگییەکی زۆر دەکەم کاتێک کوڕەکەم بە (بابە) بانگمدەکات”.

سەلمان ئەلعۆدەن، بۆ ئەم کچە بچکۆلە کە لە ژیاندا نەماوە دەنوسێت: “زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستیم پێتە، پێویستیم بە زەردەخەنە و خۆشەویستی و باسکە بچووکەکانتە کە لە منیان بئاڵێنیت”.

لە پۆستێکی تریدا نوسیویەتی: “خەڵکی پێیانوایە کە هەڵەکردن نیشانەی لاوازییە و دان بە هەڵەکانیاندا نانێن. ئەگەر هەڵەکردن نیشانەی لاوازیبێت ئەوە دانپێدانانی نێشانەی بەهێزییە”.

لە پۆستێکی تردا ئامۆژگاری خەڵک دەکات بەوەی “لە ژیاندا دوو شتت لەبیربێت: ئاگاداری بیرکردنەوەکانت بە کاتێک بەتەنیایت، وە ئاگاداری ووشەکانت بە کاتێک لەگەڵ خەڵکیت”.

لەبارەی تێگەیشتن لەیەکتریش پۆستێکی کردووە و نوسیویەتی “هەندێک لە دڵەکان لەیەکتری تێدەگەن، تەنانەت لە بێدەنگیشدا”.

لەبارەی ئارامگرییەوە نوسیویەتی “ئارامگربە، چونکە ئەوەی بۆت نوسراوە لەلایەن مەزنترین نوسەرەکانەوە نوسراوە کە اللە-یە”.

لەبارەی وانەوەرگرتن لە مەرگەوە نوسیویەتی “مەرگ فێرماندەکات کە زیاتر لەگەڵ ئەو کەسانە نەرمونیانبین کە خۆشماندەوێن و زیاتر لێخۆشبوو و لێبوردەبین لەگەڵ خەڵکی تردا”.

دوعایەکیشی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی “خوایەگیان لەم سەردەمی تاریکیە بمهێنە دەرەوە، بەو شێوەیەش دەتوانم هیوا بدۆزمەوە و ڕەزامەندی تۆش بەدەستبێنم.. ئامین”.

لە پۆستێکی تریدا نوسیویەتی “چیرۆکەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، باڵندەکان سبەینێ دەفڕن”.

لەبارەی تێکدان و بونیادنانەوە نوسیویەتی “هەمیشە تێکدان و ڕووخاندن ئاسانترە لە بونیادنان”.

لەبارەی نەژادپەرستییەوە نوسیویەتی “یەکەمین نەژادپەرست شەیتان بوو، ئەو وتی کە خۆی لە مرۆڤ باشترە. نەژادپەرست مەبن، مرۆڤەکان هەموویان لەلای خودا یەکسانن”.

لەبارەی فرمێسکڕشتن لەپێناو خودا نوسیویەتی “هەرچی ئاوی سەر زەوییە، لە زەریا و دەریاکان ناتوانن ئاگری دۆزەخ بکوژێننەوە، بەڵام تاکە دڵۆپە فرمێسکێک لەبەر خودا دەتوانێت لە ئاگری دۆزەخ ڕزگارمانکات”.

لەبارەی گەڕان بەدوای هاوسەری ژیاندا نوسیویەتی “کاتێک بەدوای هاوسەردا دەگەڕێیت، ئەولەویەت بدە بە دینەکەی، نەک نەژاد و کلتور و پلە و شەهادە و کارەکەی”.

لەبارەی نیگەرانبوونەوە نوسیویەتی “نیگەرانبوون بێکەڵک و بێسوودە، چەشنی ئەوەیە کە بە چەترێکەوە هاتوچۆتبێت و چاوەڕێی بارانبارین بکەیت، متمانەت هەبێت بە خودا و چیتر نیگەران و دوودڵ مەبە”.

ئامۆژگاری خەڵکیش دەکات بەوەی کە لەکاتی قسەکردندا ئاگاداری قسەکانیانبن و دەنوسێت ”لەوەی کە دەیڵێیت ئاگاداربە، لەوانەیە پێتوابێت کەس نەڕەنجێنێت، بەڵام لەوانەیە بەڕاستی کەسانێک توشی ئێش و ئازار بکات”.

لەبارەی هێزی سوژدەی موسڵمانانەوە نوسیویەتی ”موسڵمانێک لە سوژدەدا لە پاشایەکی تاج لەسەر بەهێزترە”.

لەبارەی بەفیڕۆچوونی تەمەنەوە نوسیویەتی “ئەگەر لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا بەهەمان شێوەی تەمەنی ٢٠ ساڵی بمێنینەوە ئەوە تەنیا مانای وایە کە ٢٠ ساڵی تەمەنمان بە خەسار و بەفیڕۆچووە”.

لەبارەی دیدگاوە نوسیویەتی “زۆر کەس هەن کە دیدگایان هەیە بەڵام ناتوانن ببینن، چونکە لەڕاستیدا ئەوە چاوی سەر نییە کە خودای پێ دەبینرێت بەڵکو چاوی دڵە”.

ئەو بانگخوازە لەبارەی شێوازی نوێژکردنەوە نوسیویەتی “لەکاتی نوێژدا پەلەپەل مەکە، ئێمە پێویستە ئەوە بزانین کە ئەوەی لە بەرامبەری وەستاوین ئەو کەسەیە کە کۆنترۆڵی ئەو شتەی لەژێردەستدایە کە ئێمە پەلەپەلمانە بۆ گەیشتن پێی”.

لە باسی جوانییەکانی ئیسلامدا نوسیویەتی “لە جوانیەکانی ئیسلام ئەوەیە کە خودا سەیری ڕەنگی پێست و سەروەت و سامانەکەت ناکات بەڵکو سەیری ناو دڵت دەکات (تەقوای ناو دڵت)”.

لەبارەی دۆخی جیهانی عەرەبییشەوە نوسیویەتی “لە جیهانی عەرەبیدا، نان گرانە و خوێن هەرزان”.

سەلمان ئەلعۆدە جگە لە ووتەی خۆی حەدیس و ئایەتی قورئان و ووتەی ئیمام و خەلیفەکانی ئیسلامی داناوە و لە یەکێک لە پۆستەکانیدا ووتەیەکی ئیمامی شافیعی نوسیوە کە فەرموویەتی “هەمیشە کە لەگەڵ کەسێکی بەئاگا و زیرەک گفتوگۆم کردووە ئیللا بردوومەتەوە، هەمیشەش کە لەگەڵ کەسێکی نەفام و نەزان گفتوگۆم کردبێت ئیللا دۆڕاندوومە”.

وتەیەکی تری ئیمامی شافیعی نوسیوە کە دەڵێت “ئەرێ ئەوە نابینن شێر لە بێدەنگیشدا سامی هەیە، بەڵام سەگ هەرچەندە زۆرکات دەوەڕێت کەچی سووک سەیردەکرێت”.

ساڵێکە لەلایەن حکومەتی سعودیەوە دەستگیرکراوە و داوای لەسێدارەدانی کراوە:

ڕۆژی ٤ی ئەیلولی ٢٠١٨ و دوای بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی سەلمان ئەلعۆدە بە شێوەیەکی نهێنی لە دادگای تایبەتی تاوانەکانی سعودیە، داواکاری گشتی داوای لەسێدارەدانی سەلمان ئەلعۆدەی کرد.

دکتۆر عەبدوڵا ئەلعۆدە کوڕی سەلمان ئەلعۆدە لە ئەکاونتی تویتەرەکەی لەبارەی ئەو داواکارییەی داواکاری گشتییەوە نوسیویەتی “داواکاری گشتی سعودیە باوکیی بە ٣٧ تۆمەت تۆمەتبارکردووە کە یەکێکیان پێکهێنانی لیژنەیەکە بۆ بەرگری لە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم)”.

کوڕەکەی ئەلعۆدە نوسیویشیەتی، ئەندامبوون لە یەکێتی زانایانی موسڵمان و پۆستکردن لە تویتەر دژی زوڵم و ستەم و زۆرداری لەناو تۆمەتەکاندان.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر سعودیە و ئیمارات و میسر یەکێتی زانایانی موسڵمانیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە و سەلمان ئەلعۆدەش یەکێکە لە ئەندامانی یەکێتییەکە.

دوای داواکردنی لەسێدارەدانی ئەم زانایەش لەلایەن داواکارێکی گشتی سعودیە لە دادگای تایبەتی تاوانەکانی سعودیە و دوای دادگاییکردنێکی نهێنی، هەزاران هاووڵاتی سعودیە لە سۆشیاڵ میدیاکانەوە بە هاشتاگی ( #سەلمان_ئەلعۆدە_تیرۆریست_نییە) داوای ئازادکردنی ئەلعۆدە دەکەن.

دوای داواکردنی لەسێدارەدانی سەلمان ئەلعۆدە داواکارانی گشتی سعودیە ڕایانگەیاند کە هەرکەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە (سوکایەتی بە فەرمانە گشتییەکان) بکات سزادەدرێت بە پێنج ساڵ زیندانی و ٨٠٠ هەزار دۆلار غەرامە.

سەلمان ئەلعۆدە لە وتەیەکیدا لەبارەی خۆشەویستییەوە پێشتر وتوویەتی “ئێمە پێویستمان بە جەژنی خۆشەویستی نییە، بەڵکو پێویستمان بە خودی خۆشەویستی خۆیەتی”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close