جیهانی ئیسلامی

چالاکێکی بوزی: بۆرما هاوشێوەی ئەڵمانیای نازییە بۆ موسڵمانان

چالاکێکی بوزی کە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا کاردەکات باسی لەوە کردووە کە، بەئامانجگرتنی موسڵمانانی ڕۆهینگیا لە بۆرما بە شێوەیەکی وەحشییانە هاوشێوەی ئەو کار و بەئامانجگرتنەیە کە دەسەڵاتی نازیی ئەڵمانیا بەرامبەر جولەکە ئەنجامی دەدا.

ئەو چالاکە بوزیە کە ناوی ماونگ زارنی-یە وتووشیەتی، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت هەڵوێستی دژی بۆرما هەبێت. لێدوانەکانی ئەو چالاکە بوزیەش دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان هات کە بەڵگە و دۆکیۆمێنتی لەبارەی کۆمەڵکوژکردنی موسڵمانانی بۆرما و لاقەکردنی ژن و کچانی ڕۆهینگی و لێدان و بێسەروشوێنکردنی موسڵمانانی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی بۆرماوە (سوپای بۆرما و چەکدارانی بوزییەوە) خستبووەڕوو.

چالاکە بوزیەکە وتووشیەتی “ئێمە حاڵەتێکمان هەیە کە تیایدا دەوڵەتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەلایەن براوەیەکی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی (ئاونگ سان سو کی)ی و هاوپەیمانەکانی لە دەسەڵاتەوە و جەنەراڵە سەربازییەکانی بۆرماوە بەڕێوەدەبرێت”، هاوکات دەسەڵاتی بۆرمایشی بە دەسەڵاتی ئەڵمانیای نازی چواندووە کە ملیۆنان جولەکە لەسەر دەستی دەسەڵاتی ئەڵمانیای نازی کۆمەڵکوژکران.

ماونگ زارنی وتووشیەتی “جینۆساید ئەوەیە کە نازییەکان کردیان، جینۆساید ئەوەیە کە لە ڕواندا و لە کامبۆدیا ڕوویدا، یان ئەوەیە کە بەسەر موسڵمانانی بۆسنە هات”.

باسیشی لەوە کردووە کە تەنیا دادگایکردنێک لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەس نییە، وەک ئەوەی بۆ کۆمەڵکوژی ڕواندا و بۆسنە ئەنجامدرا، بەڵکو موسڵمانانی ڕۆهینگی پێویستیان بە “هەرێمێکە کە تیایدا پارێزراوبن و بە سەلامەتی و ئاسایی بژین”.

چالاکە بوزیەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە “ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەڵاتی دەستوەردانی بە چەند شێوەیەک هەیە و دەتوانێت ئەو کارە وەحشیگەرانە ڕاگرێت کە بەرامبەر ڕۆهینگیەکان دەکرێت و ڕۆهینگیەکانیش دەتوانن زەوی و موڵکەکانیان وەرگرنەوە و بە شکۆمەندانە و سەلامەتی بژین”. باسی لەوەش کردووە کە ئێستا ژمارەی ئەو ڕۆهینگیانەی ئاوارەی وڵاتان بوون زیاترە لەوەی کە لە بۆرما ماوە.

بۆ چارەسەرکردنی پرسەکەش زارنی ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەتی بۆرما چوار پایەی سەرەکی هەیە کە ئەوانیش بریتین لە “سوپا، فەرمانی بوزیەکان، حزبە سیاسییەکان و ڕای گشتی”، و وتووشیەتی ”سەرجەم ئەم دامەزراوە سەرەکییانە بە شێوەیەکی بڕاوە ڕۆهینگیەکانیان ڕەتکردووەتەوە، خەڵکی بۆرماش پێیان دەڵێن (بە ڕۆهینگیەکان دەڵێن) کە ئەوان خەڵکی بۆرما نین و نایانەوێت ئەوان لە بۆرما بن”، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە چارەسەرەکە لە بۆرما نییە بەڵکو چارەسەرەکە بە شێوەیەکی نێودەوڵەتی و لەناو دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەکرێت.

زارنی ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و حکومەتی تورکیا پاڵپشتێکی توندی گەلی ڕۆهینگیایان کردووە و “ئێستاش کاتی ئەوەیە کە تورکیا سەرکردایەتیی ئەخلاقیی جددی و سیاسی خۆی نیشانبدات”.

باسیشی لەوە کردووە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە “کۆما”دایە و توشی “شەلەل” بووە و تورکیا دەتوانێت هاوپەیانییەک لە حکومەتە زۆرینە موسڵمان و ناموسڵمانەکان پێکبهێنێت بۆئەوەی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت و کەیسی موسڵمانانی بۆرما بناسێنێت.

زارنی ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار موسڵمانی ڕۆهینگی لە ئێستادا لە بۆرما گیریانخواردووە و لە هەرکاتێکدا بێت دەکرێت کە وەدەربنرێن، باسیشی لەوە کردووە کە ئیستا کاتی نواندنی کردار و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر هەندێک ئامار بڵاوکرانەوە و باسی لەوە دەکرد کە ئەو موسڵمانە ڕۆهینگیانەی لە بۆرما گیریانخواردووە ژمارەیان لە دەوروبەری ٢٠٠ هەزار کەسدا دەبن.

ئەو چالاکە بوزیە لە کۆتایی قسەکانیدا وتوویەتی “داوای من لە گەلی بۆرما نییە، بەڵکو داواکاری من لە جیهانی ئیسلامی و کۆمەڵگای نائیسلامییە بۆئەوەی هاوکاری و یارمەتی موسڵمانانی ڕۆهینگیا بدەن، چونکە ئەمە تەنیا لەبارەی گەلی موسڵمانەوە نییە، بەڵکو ئەمە بابەتێکی مرۆییە، بەڵام ئێمەی بۆرمی لە وڵاتەکەمان لە ئاژەڵ کەمتر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین”.

بەگوێرەی دواین ئامارەکان لە ٢٥ی ئابی ٢٠١٧وە تاوەکو ٢٥ی ئابی ٢٠١٨ زیاتر لە ٢٤ هەزار موسڵمانی ڕۆهینگی کوژراون و زیاتر لە ١٨ هەزار ژن و کچی ڕۆهینگیش لاقە کراون و زیاتر لە ٣١ هەزاریشیان خراونەتە ناو ئاگرەوە کە منداڵی ٤ مانگی تیادابووە، زیاتر لە ٤٠ هەزار ڕۆهینگیش بە فیشەک بریندارکراون و زیاتر لە ١٠٠ هەزار خانو و ماڵی ڕۆهینگیەکانیش سوتێنراون و خاپووکراون، زیاتر لە ٧٥٠ هەزار ڕۆهینگیش بەزۆر ناچار بە ئاوارەبوون بوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close