جیهانی ئیسلامی

سوریا.. لە مانگی ئابی ٢٠١٨دا ٦٦ منداڵ شەهیدکراون

تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی ئابی ٢٠١٨دا ٣٩١ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون کە ٦٦ منداڵی شەهیدیان تێدایە.

ڕاپۆرتی تۆڕە سوریەکە کە دوێنێ ١ی ئەیلولی ٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە تیایدا هاتووە “بەهۆی هێرشەکانی ڕژێمی ئەسەدەوە لە مانگی ئابدا ٢٣٩ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون کە ١٣یان (شەهیدی) منداڵ و هەشتیان ئافرەت بوون”.

هاوکات باس لەوەش کراوە کە هێزەکانی ڕووسیا کە پاڵپشتی لە ڕژێمەکەی ئەسەد دەکەن لە هەمان مانگدا ٣٦ هاووڵاتی مەدەنییان کوشتووە.

هەروەها باسی لەوەش کردووە کە یەپەگە و پەکەکەش لە هەمان مانگدا ١٥ هاووڵاتیی مەدەنییان کوشتووە کە سیانیان منداڵ و سیانی تریشیان ئافرەت بوون.

هەروەها داعشیش لە هەمان مانگدا ١٢ هاووڵاتی مەدەنی کوشتووە کە پێنجیان منداڵ بوون و لایەنەکانی تریش لانیکەم ٨٨ هاووڵاتیی مەدەنییان کوشتووە کە ٢٥یان منداڵ و ١٧یان ئافرەت بوون.

بەگوێرەی سەرچاوەکان لە مانگی ١ی ئەمساڵەوە تا ئێستا لە سوریا زیاتر لە شەش هەزار و ٣٦ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون.

دواین ئامارەکانیش لەبارەی کۆی گشتی ژمارەی کوژراوان لە سوریا ئەوەیە کە نیو ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، جگە لەو هەموو کاولکاریەی کە لە سوریا لە ٢٠١١وە ڕوویداوە و ملیۆنان کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی سوریا بوون و ملیۆنانی تریش برینداربوون و کەمئەندام بوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close