جیهانی ئیسلامیدونیا

ڕاوێژکاری بۆرما وەڵامی نەتەوە یەکگرتووەکان ناداتەوە و باسی “شیعر و ئەدەب” دەکات

دوای داواکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە سەرکردە سەربازییەکانی بۆرما لەسەر کۆمەڵکوژکردنی موسڵمانانی ڕۆهینگی، کەچی ئاونگ سان سو کی ڕاوێژکاری بۆرما تا ئێستا هیچی لەسەر ئەو بابەتە نەوتووە و لە یەکەم دەرکەوتنیشیدا لە میدیاکانی وڵاتەکەیەوە باسی “شیعر و ئەدەب”ی کردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە دواین ڕاپۆرتیدا لەسەر بۆرما باسی لە کۆمەڵکوژی موسڵمانانی ڕۆهینگیا لە ویلایەتی ڕاخین، شان و کاچین کردووە، بەڵام ئاونگ سان سو کی سەرکردەی بۆرما (ڕاوێژکاری بۆرما) لەدوای ڕاپۆرتەکەوە بێدەنگی هەڵبژاردووە لەسەر هەموو پرسە سیاسییەکان و بە هیچ شێوەیەک ناوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی نەهێناوە.

لەلایەکی ترەوە فەیسبووک دوای یەک ساڵ لە قەتڵوعامکردنی موسڵمانانی بۆرما هەستاوە بە سڕینەوەی ئەکاونتی فەیسبووک و ئینستاگرامی ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەربازیی سوپای بۆرما، ئەوەش بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی “ڕق و کینە و زانیاری نادروست”.

بەگوێرەی وتەی ڕوچیکا بودهراجا وتەبێژی فەیسبووک، ئەمەش یەکەمجارە کە فەیسبووک هەستێت بە قەدەغەکردنی سەرکردەی سیاسی و سەربازی وڵاتێک و بڕیاری قەدەغەکردنەکە شایستەی تانەلێدان نییە.

بڕیارەکەی فەیسبووک چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیەندراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هات کە ڕایگەیاند سوپای بۆرما کۆمەڵکوژی دژی موسڵمانانی ڕۆهینگیا ئەنجامداوە و موسڵمانانی ڕۆهینگیای لاقە کردووە، و داوای لێپێچینەوەی لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی بۆرما و پێنج جەنەراڵی تریش کردووە.

فەیسبووک لەبارەی قەدەغەکردنی ئەکاونتی بەرپرسە سەربازییەکانی بۆرما و چەند کەسێکی ترەوە ڕایگەیاندووە “ئێمە ٢٠ پەیجی ڕێکخراو و کەسایەتیەکانی بۆرمامان لە فەیسبووک قەدەغەکردووە کە جەنەراڵ مین ئاونگ هلاینگ، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی بۆرما و تۆڕی تەلەفزیۆنی میاوادی سەر بە سوپای بۆرمایشی تیادایە”.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە “فەیسبووک ١٨ ئەکاونتی سڕیوەتەوە و یەک ئەکاونتی ئینستاگرامیش سڕاوەتەوە و ٥٢ پەیجی فەیسبووکیش سڕاوەتەوە کە نزیکەی ١٢ هەزار لایەنگریان هەبووە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close