دونیا

یۆنان.. لە کامپی ئاوارەکان منداڵان هەوڵی خۆکوشتن دەدەن

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی لە زاری ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، لە کامپی مۆریا لە دورگەی لێسبۆس لە یۆنان قەرەباڵغییەکی زۆر هەیە و منداڵانی تەمەن ١٠ ساڵ هەوڵی خۆکوشتن دەدەن.

ئاوارەیەکی ئەفغانی بەناوی سارا خان وتوویەتی “ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ هەڵهاتن، هەمیشەیش (٢٤ سەعات) منداڵەکانیشمان ئامادەن”.

سارا باسی لەوە کردووە کە تەواوی ڕۆژ خێزانەکەی لە سەرەدا دەوەستن بۆ وەرگرتنی خواردن و تەواوی شەویش ئامادەی ڕاکردنن.

بەگوێرەی ڕێکخراوە خێرخوازی و پزیشکییەکان، بۆنی کامپەکە پیسە و بە ٧٠ کەس تەوالێتێکیان بەردەکەوێت.

بەگوێرەی بی بی سی، لە ئێستادا زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە کامپی مۆریادا دەژین، کە کامپەکە خۆی نزیکەی دوو هەزار کەس دەگرێت.

بی بی سی ئەوەی خستووەتە ڕوو کە لە مانگی ئایاردا لە نێوان سەدان کەس لە عەرەب و کورد شەڕ و توندوتیژی ڕوویداوە و بەوهۆیەوە سەدان کورد کامپەکەیان جێهێشتووە.

عەلی یەکێکە لەوانەی کە کامپەکەی جێهێشتووە و باسی ئەوە دەکات کە لەناو کامپەکەدا نەتەوەپەرستی و نەژادپەرستی لەنێوان ئەفغانی و کورد و عەرەبەکاندا بوونی هەبووە.

عەلی ئاماژەی بەوە کردووە “دۆخی ناو کامپەکە دەڵێی جەنگی سوریا و تەنانەت خراپتریشە، و گوێبیستی حاڵەتی لاقەکردن و گێچەڵی سێکسیش دەبین لەناو کامپەکەدا”.

کامپەکە لە ساڵی ٢٠١٥ کراوەتەوە، بە شێوەیەکیش دیزاینکراوە و ئامادەکراوە کە ئەو کەسانەی دەچنە ناوی بۆ چەند ڕۆژێک بمێننەوە بەڵام هەندێک لە ئاوارەکان ماوەی چەند ساڵێکە لەوێدا ماونەتەوە.

بەهۆی جەنگی ناوخۆی سوریا و سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و سوریا و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و نائارامی ناوچەکە، خەڵکێکی زۆر لە تورکیاوە ڕوویانکردە ئەوروپا و لە ئازاری ٢٠١٦شدا تورکیا و ئەوروپا ڕێککەوتنێکیان کرد بۆ گەڕاندنەوەی هەزاران ئاوارە، بەڵام لەوکاتەوە تا تەموزی ٢٠١٨ زیاتر لە ٧١ هەزار و ٦٤٥ ئاوارەی/کۆچبەری نوێ لەڕێگەی دەریاییەوە خۆیان گەیاندووەتە یۆنان و لەو ژمارەیەش تەنیا دوو هەزار و ٢٢٤ کەسیان گەڕێنراونەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close