جیهانی ئیسلامیدونیا

ئەمریکا.. ئافرەتێکی موسڵمان لە فڕۆکەخانەیەک ناچار بە داکەندنی جلوبەرگی ژێرەوەی کرا

میدیاکانی جیهان بڵاویانکردووەتەوە، ئافرەتێکی موسڵمانی حیجابپۆش لە فڕۆکەخانەیەکی ئەمریکا ناچار بە داکەندنی جلوبەرگی ژێرەوەی کراوە بە بیانووی پشکنین.

ڕۆژنامەی میرەری بەریتانی ئاماژەی بەوە کردووە، زەینەب مێرچانتی تەمەن ٢٧ ساڵ ناچارکراوە کە لە فڕۆکەخانەی بۆستن جلوبەرگی ژێرەوەی داکەنێت بە بیانووی پشکنین.

زەینەب دەرچووی هارڤاردە و هاوکات ڕۆژنامەنوسیشە، ویستوویەتی لە فڕۆکەخانەی بۆستنەوە بەرەو واشنتن دی سی بەڕێبکەوێت و بچێتە واشنتن، بەڵام لەلایەن ئیدارەی ئاسایشی گواستنەوە (ناسراو بە تی ئێس ئەی) ناچار بە داکەندنی جلوبەرگی ژێرەوەی کراوە، وەک ئاماژەی پێکراوە بە مەبەستی “گەڕان و پشکنینی قوڵتر و زیاتر”.

زەینەب ئاماژەی بەوە کردووە کە دەست لە نزیکی عەورەتی دراوە و لە ژوورێکی تایبەتیشدا داوایانلێکردووە جلوبەرگەکانی ژێرەوەی داکەنێت و دواتریش زەینەب داوای کردووە کە ناوی ئەفسەرەکان و باجەکانیان ببینێت، بەڵام ئەفسەرەکان دەستیان خستووەتە سەر باجەکانیان و ڕەتیانکردووەتەوە کە باجەکە نیشانی زەینەب بدەن و زەینەبیان جێهێشتووە.

ئەوەش باسکراوە کە زەینەب لەلایەن یەکەی تەقەمەنییەوە پشکنراوە، و پرسیاری ئەوەی لێکراوە کە ئایا موسڵمانی سوننەیە یان شیعە؟ و ئایا بیروبۆچوونەکانی لەسەر داعش چۆنن؟

هەرچەندە ئیدارەی ئاسایشی فڕۆکەخانەکە باسی لەوە کردووە کە زەینەب ناوی لە لیستی ئەو کەسانەیە کە دەبێت چاودێریبکرێن، بەڵام وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ نە ئەوەی ڕەتکردووەتەوە و نە پشتڕاستیشیکردووەتەوە، بەڵام ئەگەر ناویشی لەناو لیستی ئەو کەسانە بێت کە چاودێریدەکرێن ئەوا بۆیان نییە بەو شێوەیە بێڕێزی بەرامبەر بە ئافرەت بکەن و ناچار بە داکەندنی جلوبەرگی ژێرەوەی بکەن.

زەینەب لە لێدوانێکیدا بۆ هاف پۆست وتوویەتی “هیوادارم کە زۆر بە ڕوونی و بە باشی گوێمان لێبگرن. من لە تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانم ڕاناوەستم. من تەنیا دەمەوێت ئەوان وەڵاممان بدەنەوە کە بۆچی ئەمە ڕوودەدات و من دەبێت چی بکەم بۆ ڕاستکردنەوەی ئەوە، چونکە من هیچ شتێکی هەڵەم نەکردووە، ئەوان دەبێت وەڵاممان بدەنەوە”.

بەگوێرەی میدیاکان، هەرکاتێک زەینەب ویستبێتی بە فڕۆکە گەشت بکات یاخود لە دەرەوەی ئەمریکاوە چووبێتەوە ناو ئەمریکا بە شێوەیەکی توند مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و پشکنراوە. تەنانەت جارێکیان لە گەشتێکیدا بۆ کەنەدا زەینەب و خێزانەکەی ١٠ جار بە مەبەستی پشکنین لەلایەن (تی ئێس ئەی) و ئەفسەرانی سنوورەوە وەستێنراون، و تەنانەت چەندین کاتژمێریش دەستبەسەرکراون.

زەینەب لە باسی پشکنینیدا دەڵێت “زۆر زۆر بێزارکەر و ئازاربەخشبوو، ئەوان هەموو شتێکیان دەکردەوە و لێدەکردەوە، سوخمەکەم و جلوبەرگی ژێرەوەمیان پێ داکەندم و دەیانپشکنی”، دەشڵێت “ئەوەی ئەوان کردیان زۆر گاڵتەجاڕی بوو”، ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە کە نازانیت لەکاتی گەشتکردندا چیت بەسەردێنن و تەنانەت ئەگەر دەستگیریشت بکەن ئەوە نابێت تووشی سەرسوڕمان بیت، دەشڵێت “من دەبێت خۆم بۆ هەموو ڕەفتارێک ئامادەکەم”.

زەینەب بەهۆی خوێندنیەوە لە هارڤارد ناچاربووە بە شێوەیەکی بەردەوام بە فڕۆکە لە فلۆریداوە بۆ بۆستن گەشت بکات، بەڵام لە ئێستادا هەتا بتوانێت گەشتەکانیی سنوردارکردووە. زەینەب خۆیشی نازانێت کە بۆچی ئەم کارەی بەرامبەر دەکرێت و حکومەتیش ڕەتیدەکاتەوە کە هۆکارەکەیی پێبڵێت هەربۆیە زەینەب سکاڵای تۆمارکردووە و داوای زانیاری زیاتری لە حکومەت کردووە.

زەینەب لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەڵێت “ئەگەر نەیەیتە دەنگ، ئەوە ئەوان قسە دەکەن و دێنە دەنگ و چیرۆکەکەت دەگۆڕن، ئەوەش ئەو کارەیە کە من دەیکەم (دێمە دەنگ)”.

ئافرەتێکی موسڵمان لە فڕۆکەخانەیەکی ئەمریکا ناچار بە داکەندنی جلوبەرگی ژێرەوەی کرا!

Posted by ‎ئیسلامی :: eslami‎ on Monday, August 27, 2018

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close