جیهانی ئیسلامیدونیا

کریستیان باکەر: دەمەوێت بە خەڵکی بڵێم کە چی ئیسلامێکی جوانم دۆزیوەتەوە

ئەم خاتوونە پێشکەشکار و ڕۆژنامەنوس و نوسەرە کە ناوی کریستیان باکەرە دەڵێت، “لە ناخەوە خاڵی بووم، گرنگترین شت لە ناخەوە لەبەینچوبوو کە ئەویش خودا بوو، بەڵام ئێستا بە فەزڵی خودا لە ناخەوە دەوڵەمەندم، دڵخۆشم و لە ژیاندا مەبەستێکم هەیە”.

خاتوو کریستیان کە لە وەرزی حەجی ئەمساڵ و مەراسیمەکانی حەجی ئەمساڵدا بەشداریکرد و حەجی کرد لە چاوپێکەوتنێکیدا هەر لە حەج بەم شێوەیە خۆیی ناساند، “ناوم کریستیان باکەرە، گەشتێکی دوورودرێژم هەبوو، پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی بووم لە کەناڵی ئێم تیڤی ئەوروپا (لقی ئەوروپا)، وە بە فەزڵی خوداش موسڵمان بووم، چەند ساڵێک دوای ئەوەش خۆمم لە مەککە بینییەوە، لەڕاستیشدا ئەوە ناوی ئەو کتێبەمە کە نوسیومە کە ناوی (لە ئێم تیڤییەوە بۆ مەککە)یە”.

باکەر هەر لە درێژەی قسەکانیدا وتووشیەتی “لەو گەشتە درێژەمدا کە ئیسلامم تیا دۆزییەوە دەمەوێت بە خەڵکی بڵێم کە چی ئیسلامێکی جوانم دۆزیوەتەوە”.

وتیشی “سەرم لەو ژمارە زۆرەی حاجیان سوڕدەمێنێت کە چۆن پێشوازییان لێدەکرێت، لەوەیش کە هەمیشە کەعبە پاکوخاوێنە، لەو خەڵکانەش کە بە خۆبەخشانە کاردەکەن”.

ئاماژەی بەوەش کرد “تەوافکردن لەگەڵ خەڵکی شتێکی تری ناوازە بوو، هەندێک لە خەڵکی پێکەوە جۆرێکی وتووێژ دەکەن، جگە لەوەی ئەو هەموو خەڵکە لە شێوە و گوفتاری جیاواز تێکەڵ بە یەکتری دەبن”.

کریستیان باکەر ناوی تەواوی کریستیان ڤێرینا باکەرە، لە مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٦٥ لە هامبۆرگ لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، پێشکەشکارێکی تەلەفزیۆنی ئەڵمانی و ڕۆژنامەنوس و هاوکات نوسەرە و لە ئێستادا لە لەندەن نیشتەجێیە.

کریستیان باکەر لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا و بۆ ماوەی یەک ساڵ لە ئەمریکا خوێندوویەتی، لە ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٩ وەکو خۆبەخش لە وێستگەی ڕادیۆی هامبۆرگ کاریکردووە. لە ساڵی ١٩٨٩ چووەتە لەندەن بۆ کارکردن لە کەناڵی تەلەفزیۆنی (ئێم تی ڤی ئەوروپا). هاوکات لەگەڵ کارکردنی لە ئێم تی ڤیدا، لە کەناڵی (ئاڕ تی ئێڵ دوو) لە ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٥ کاریکردووە.

لە ١٩٩٦ بۆ ١٩٩٩ش پرۆگرامی کلتوری لە کەناڵی ئێن بی سی-ی ئەوروپی پێشکەشکردووە. لە ساڵی ١٩٩٤یش خەڵاتێکی گرنگی ساڵانەی ئەڵمانیای بە ناوی (گۆڵدن کامێرا) و خەڵاتێکی تریشی لە ساڵەکانی ١٩٩٣ و ١٩٩٤ بە ناوی براڤۆ ئۆتۆ وەرگرتووە.

باکەر لە ساڵی ١٩٩٥دا موسڵمان بووە و پێشتر مەسیحی بووە، پێشتر پەیوەندی لەگەڵ عیمران خان سەرۆکی ئێستای پاکستان و یاریزانی کریکێتی ئەوکات هەبووە و دەشڵێت کە پلانیان هەبووە کە هاوسەرگیری بکەن بەڵام پەیوەندییەکەیان کۆتاییهاتووە. لە ساڵی ٢٠٠٩دا کتێبێکی بەناوی (لە ئێم تیڤییەوە بۆ مەککە – چۆن ئیسلام ژیانمی گۆڕی) بڵاوکردەوە. لە ١٤ی نیسانی ٢٠٠٦یشدا هاوسەرگیری لەگەڵ ڕۆژنامەنوسێکی مەغریبی بەناوی ڕەشید جەعفەر کردووە بەڵام دواتر جیابوونەتەوە. ئێستاش لە لەندەن دەژی.

پێشکەشکاری بەناوبانگی تەلەفزیۆنی (کریستین بەیکەر) کە هاوکات نوسەری کتێبی (لە ئێم تیڤییەوە بۆ مەککە)یە حەجی کرد و دەڵێت:"هەستدەکەم ئێستا ژیانێکی مەبەستدارم هەیە".چی وای لەم خاتوونە کرد کە دوای موسڵمانبوونی ئەم هەستەی لا دروستببێت؟!

Posted by ‎ئیسلامی :: eslami‎ on Saturday, August 25, 2018

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close