جیهانی ئیسلامی

ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا هەڕەشە لە ئەسەد دەکەن لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە ئیدلیب

دەسەڵاتدارانی سەربازیی ڕۆژئاوا هۆشدارییان دایە حکومەتی سوریا کە لە ئەگەری دووبارە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە سوریا و بە دیاریکراوی لە ئیدلیب وەڵامیان دەبێت، ئەوەش لەکاتێکدایە کە هێرشکردنە سەر ئیدلیب لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە پێشبینیکراوە.

ڕۆژی سێ شەممە ٢١ی ئابی ٢٠١٨ هەریەکە لە ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێنجەمین ساڵڕۆژی هێرشی کیمیاویی ئەسەد بۆسەر غوتەی ڕۆژهەڵات جەختیان لەوە کردەوە کە لە ئەگەری هێرشی کیمیاوی لەلایەن بەشار ئەسەد بۆسەر ئیدلیب وەڵامیان دەبێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکان لە هێرشە کیمیاوییەکەی سەر غوتەی ڕۆژهەڵاتدا کە لە ٢١ی ئابی ٢٠١٣ لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە ئەنجامدرا سەدان کەس گیانیان لەدەستدا.

هەریەکە لە ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانن ڕایانگەیاندووە “لە ئەگەری هەر هێرشێکی کیمیاوی بۆسەر ئیدلیب، ڕژێمی بەشار ئەسەد بە بەرپرسیار دەزانین”، ئەمەش گومانی ئەوە دێنێتە ئاراوە کە خودی ئەم وڵاتانە یاخود کەسانی بەکرێگیراوی سەر بەم وڵاتانە هێرشێکی لەو جۆرە بکەن بۆ ڕەوایەتیدان بە دەستوەردانی زیاتر لە سوریا و دووبارە گەرمکردنی جەنگی ناوخۆی سوریا.

لەلایەکی ترەوە دەزگای هەواڵگری تورکیا هۆشداری داوە لەوەی کە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار هاووڵاتی سوری لە سوریاوە ئاوارەی تورکیا دەبن ئەگەر سوپای سوریا بچێتە ناو ئیدلیبەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا و لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕژێمی ئەسەد لە غوتەی شەرقی بە ئەنقەست خەڵکی برسی کرد و کیمیایی بەسەردا کردن.

لە هەمان مانگ و هەر لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری جەنگێکی گەورەی لە سوریا دا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close