جیهانی ئیسلامی

مەهاتیر موحەمەد چەند پرۆژەیەکی چینی بە بەهای زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار هەڵپەسارد

میدیاکانی جیهان بڵاویانکردووەتەوە، مەهاتیر موحەمەد سەرۆک وەزیرانی مالیزیا چەند پرۆژەیەکی چینی لە وڵاتەکەی هەڵپەساردووە کە بەهاکانیان زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلارە.

مەهاتیر موحەمەد لەوبارەیەوە وتوویەتی، پرۆژەکان هەڵدەوەشێنەوە تا ئەوکاتەی کە مالیزیا توانای وەرگرتن و جێبەجێکردنیانی دەبێت (لەڕووی داراییەوە).

سەرۆک وەزیرانی مالیزیا باسی لەوەش کردووە، تاوتوێی ئەو ڕێککەوتنە “نادادپەروەرانە”ی لەگەڵ چین کردووە کە لەلایەن نەجیب ڕەزاق سەرۆک وەزیرانی پێشووی مالیزیاوە ئیمزاکراون.

مەهاتیر موحەمەد باسی لەوەش کردووە، ئەو پەیامەی بە چین داوە و ئەوانیش تێگەیشتنیان بۆی هەبووە و وتووشیەتی “باوەڕم وایە کە چین نایەوێت مالیزیا وەکو وڵاتێکی موفلیس ببینێت”.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە مەهاتیر موحەمەد لە ٩ی ئایاری ئەمساڵدا حزبەکەی توانی زۆرینەی دەنگی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی مالیزیا بەدەستبهێنێت و دوای چەندین ساڵ لە دوورکەوتنەوەی لە کایەی سیاسیی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیرانی مالیزیا، بەڵام لەکاتی بوون بە سەرۆک وەزیرانی مالیزیادا مەهاتیر موحەمەد هاتە سەر قاسەی خاڵی و ماڵێکی قەرزدار بە بڕی زیاتر لە ٢٥١ ملیار دۆلار.

مەهاتیر موحەمەد لە ئێستادا بەتەمەنترین سەرۆک وەزیرانی جیهانە و تەمەنی ٩٣ ساڵە، دوای ئەوەی مالیزیا لەڕووی داراییەوە فشارێکی زۆر بۆسەری دروستبوو خەڵکی مالیزیا داوایانلێکرد کە جارێکیتر بێتەوە ناو کایەی سیاسی و دوای گەڕانەوەشی خەڵکی ئەو وڵاتە بە زۆرینەی دەنگ حزبەکەی مەهاتیر موحەمەدیان هەڵبژاردەوە و مهاتیر موحەمەدیش بوەوە بە سەرۆک وەزیرانی مالیزیا.

دوای سەرکەوتنی حزبەکەشی لە هەڵبژاردنەکانی ٩ی ئایاری ٢٠١٨ مەهاتیر موحەمەد ڕایگەیان “زۆرم لێکرا کە بگەڕێمەوە بۆ پۆستەکەم” و باسی لەوەش کرد، بوون بە سەرۆک وەزیران بۆ دووەم جار “ترسناکە” و “ئەرکێکی زۆر قورسە”.

لە ئێستاشدا و دوای هەڵوەشاندنەوە یان هەڵپەساردنی ئەو پرۆژە چینیانە لە وڵاتەکەی، هەندێک میدیای چین دەپرسن “ئایا مەهاتیر موحەمەد دژە چینە؟”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close