جیهانی ئیسلامی

چین.. زیاتر لە دوو ملیۆن موسڵمان لە زینداندان

ڕێکخراوی کلاریۆن پرۆجێکت لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوە کردووە، زیاتر لە دوو ملیۆن موسڵمان لە وڵاتی چین لە کامپە نهێنییەکاندا زیندانیکراون و دەستبەسەرن.

ڕێکخراوەکە پشتی بە داتاکانی لیژنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەستووە و باسی لەوەش کردووە نیگەرانی و دوودڵییەکان لەبارەی چارەنوسی ملیۆنان موسڵمانی چینەوە زیادیکردووە.

ڕێکخراوی کلاریۆن پرۆجێکت باسی لەوە کردووە کە بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردە موسڵمانەکان لە چین زانیاریی لەبارەی ئەو کامپە نهێنیانەوە دەستکەوتووە کە دەسەڵاتدارانی چین موسڵمانانی تیادا زیندانی و دەستبەسەردەکەن.

ڕێکخراوەکە لە گرافیکێکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، چین کەمینەیەکی گەورەی موسڵمانی تیادا دەژی و تەنیا موسڵمانانی گەلی ئویغور ژمارەیان ١٠ بۆ ٢٠ ملیۆن کەس دەبێت و لە ناوچەیەک بە ناوی ڕۆژهەڵاتی تورکستان یان شینجیانگ دەژین کە سێ هێندەی خاکی وڵاتی فەڕەنسا دەبێت.

لە گرافیکەکەدا نەخشەی ڕۆژهەڵاتی تورکستانی خستووەتەڕوو و ئاماژەی بەوە کردووە کە دوو ملیۆن موسڵمانی ئویغور و موسڵمانانی تر بەزۆر ڕاپێچی “کامپە سیاسییەکان بۆ پەروەردەکردنەوە” کراون لە ڕۆژئاوای شینجیانگ.

باسی لەوەش کردووە کە چین بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی دینی و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵایەتی ئەو کارە دەکات.

هاوکات بەگوێرەی ووتەی ئەحمەتجان عوسمان سەرۆکی حکومەتی ڕۆژهەڵاتی تورکستان، چین دەیەوێت ڕێگایەک لە وڵاتەکەدا بۆ مەبەستەکانی بازرگانی دروستبکات و بۆ ئەو مەبەستەش چین پێویستە ڕۆژهەڵاتی تورکستان بکات بە “زۆنێکی سەلامەت”، هەر لەبەر ئەمەیشە کە چین لە ڕێگەی سەربازییەوە ناوچەکەی تەنیوە.

بەگوێرەی ڕێکخراوی کلاریۆن پرۆجێکت هەر کەسێک خرابێتە ئەو کامپانە و دەستبەسەربێت ئەوە ماوەی زیندانیکردنەکەی لە یەک ساڵەوە دەستپێدەکات (واتە کەمتر لە یەک ساڵ زیندانیکردنی تیادا نییە) و لە هەر ژوورێکی کامپەکاندا زیاتر لە ٢٠ کەس زیندانیکراون.

لەناو زیندانەکاندا لە کاتژمێر پێنجی بەیانییەوە ئاڵای چین (و حزبی کۆمیۆنیست) هەڵدەکرێت و لە کاتژمێر نۆی بەیانیشەوە تا پێنجی ئێوارە باسی یاسا و سیاسەت و پرۆتۆکۆڵەکانی حزبی کۆمیۆنیست (شیوعی) بۆ موسڵمانان دەکرێت.

ڕۆژانە سێ ژەم خواردن دەدرێت بە زیندانەکان (بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە) و پێش هەموو ژەمەکان موسڵمانان لەسەریان پێویست کراوە کە گۆرانی چینی بڵێن و ستایشی حزبی شیوعی چین و شی جینپینگ سەرۆکی چین بکەن و دروشمەکانی شۆڕشگێڕی بڵێنەوە. کاتژمێر ١٢ی شەویش گڵۆپ و کارەبا دەکوژێنرێتەوە.

بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە ئەمریکییە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەم زیندانی و دەستبەسەرییەی موسڵمانان خراپتربوونی تەندروستی موسڵمانان و نەخۆشیی نامۆیە، و ڕێکخراوەکە باس لەوە دەکات کە دەسەڵاتداران دەستکاری خواردنەکان دەکەن بەمەبەستی زیانگەیاندن بە موسڵمانانی زیندانیکراو. هەروەها منداڵان لە دایک و باوکیان جیاکراونەتەوە و براونەتە هەتیوخانەکان، هاوکات هەموو زیندانیکراوەکان نمونەیەک لە DNAییان لێوەرگیراووە.

ڕێکخراوی کلاریۆن پرۆجێکت، ڕێکخراوێکی ئەمریکییە و بنکەی سەرەکیی لە واشنتن دی سی-یە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close