جیهانی ئیسلامی

سویسرا.. ژن و پیاوێکی موسڵمان لەسەر ڕەتکردنەوەی تەوقەکردن لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر مافی هاوڵاتیبوونیان پێنەدرا

نوێترین پێشێلکاری ئازادییەکان لە وڵاتانی ئەوروپا “ئەگەر موسڵمانان تەوقە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر نەکەن، مافی هاووڵاتیبوون و کاریان پێنادرێت”، ئەمەش لە ئێستادا لە وڵاتانی ئەوروپا خەریکە دەبێت بە دیاردە.

میدیاکانی جیهان لە زاری بەرپرسانی سویسراوە بڵاویانکردووەتەوە، ژن و پیاوێکی موسڵمان دوای چاوپێکەوتن و دوای ئەوەی ڕەتیانکردووەتەوە کە تەوقە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا بکەن مافی هاووڵاتیبوونی سویسرییان پێنەدراوە و ڕەتکراونەتەوە.

ئەو ژن و پیاوە چەند مانگێک بەر لە ئێستا چاوپێکەوتنیان ئەنجامداوە و وەڵامی پرسیاری ئەندامانیان (لە ڕەگەزی بەرامبەر) داوەتەوە.

دەسەڵاتدارانی سویسراش باس لەوە دەکەن کە هاووڵاتی سویسری دەبێت لەگەڵ کۆمەڵگای سویسریدا بگونجێت و پابەندبوونی خۆیان بۆ سویسرا و دامودەزگاکانی بخەنەڕوو و ڕێز لە فەرمانە یاساییەکانی سویسرا بگرن. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو ژن و پیاوە تەنیا پراکتیزەی دین و بیروباوەڕی خۆیانیان کردووە و وڵاتانی ئەوروپاش هەمیشە باس لەوە دەکەن کە ئازادی دینی و بیروباوەڕ پارێزراوە، بەڵام وا پێناچێت ئەم قسە لە بواری کرداریدا لە وڵاتانی ئەوروپا جێبەجێبکرێت.

بەگوێرەی میدیاکانی سویسرا ئەو ژن و پیاوە خەڵکی باکوری ئەفریقیا بوون، و میعیارەکانی/پێوەرەکانی پێدانی مافی هاووڵاتیبوونیان نەبووە کاتێک داوایان لە شاری لاوسانی بۆ وەرگرتنی مافی هاووڵاتیبوون پێشکەشکردووە. میدیاکانی سویسرا باسیان لەوەش کردووە کە ئەو ژن و پیاوە پرسیاریان لەبارەی دینەوە لێنەکراوە، بەڵام بەوپێیەی لێدوانی ئەو ژن و پیاوە وەرنەگیراوە، میدیاکان ناکرێت بە سەرچاوە وەربگیرێن.

گریگۆیر جونۆد سەرۆک شارەوانی لاوسانی لەوبارەیەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، ئازادی دینی لە یاسای ناوچەکەدا جێگرە، و “پراکتیزەکردنی دینی ناکەوێتە دەرەوەی یاساکە”.

چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا و لە وڵاتی سوید کچێک دوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتن بۆ دەستخستنی کار لە کۆمپانیایەک ڕەتیکردەوە کە تەوقە لەگەڵ ئەو پیاوە بکات کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کردووە، و بەوهۆیەشەوە کاری پێنەدرا، دواتریش سکاڵای تۆمارکرد و کەیسەکەی بردەوە، بەڵام دوای بردنەوەی کەیسەکە ئەو کچە سەدان هەڕەشەی لێکراوە.

لە فەڕەنساش ژنێکی جەزائیری لەسەر هەمان پرس و لەسەر ئەوەی ڕەتیکردەوە کە تەوقە لەگەڵ بەرپرسان لە ڕەگەزی بەرامبەر بکات، پێدانی مافی هاووڵاتیبوون پێی ڕەتکرایەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close