دونیا

سوید.. ئەو کچە موسڵمانەی لە دادگا کەیسێکی بردەوە سەدان هەڕەشەی لێکراوە

دوای ئەوەی کچێکی موسڵمان لە دادگایەکی سوید کەیسێکی لە کۆمپانیایەکی سویدی بردەوە، لە ئێستادا دەڵێت بە سەدان هەڕەشە و نامەی بێڕێزی ئاشکرای سێکسیی لێکراوە.

فەرەح ئەلحەجی تەمەن ٢٤ ساڵ دوێنێ شەممە ١٨ی ئابی ٢٠١٨ ڕایگەیاند، دوای ئەوەی کەیسێکی لە کۆمپانیایەکی سویدی بردوەتەوە و ٤٠ هەزار کرۆن (چوار هەزار و ٣٦٦ دۆلار) قەرەبووی لە کۆمپانیاکە وەرگرتووە لە بەرامبەر ئەوەی بێڕێزی پێکردووە، ڕاستەوخۆ دوای بردنەوەی کەیسەکە لە دادگا بە سەدان هەڕەشە و نامەی بێڕێزی ئاشکرای سێکسیی لێکراوە.

فەرەح بە کەناڵی (SVT)ی فەرمی سویدی ڕاگەیاندووە کە ٥٠٠ نامە و کۆمێنتی ڕاستەوخۆ و دوای بڵاوبوونەوەی بڕیاری دادگا و لە ماوەی ٢٠ خولەکدا پێگەیشتووە.

فەرەح بەو کەناڵە سویدیەی ڕاگەیاندووە “دوای ئەوەی هەواڵی بردنەوەم لە کەیسەکە بڵاوبووەوە، نامە هەڕەشە ئامێز و بێڕێزییەکان بە لێشاو پێمگەیشتن. نامەی پاڵپشتیشم بۆ هات، بەڵام یەک پەیامی پاڵپشتی بەرامبەربوو بە ١٠ هەزار پەیامی هەشەڕە، بۆیە بڕیارمدا بە پشتگوێخستنی هەڕەشەکان”.

فەرەح ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆرینەی نامە و پەیامەکان ئەوەیان تیادا هاتبوو کە “بگەڕێرەوە بۆ وڵاتەکەی خۆت، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، بەڵام فەرەح دەڵێت ئەو لە سوید لەدایکبووە و هەر لەوێش گەورەبووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا ڕۆژنامەکان بڵاویانکردووەتەوە، کچێکی موسڵمان دوای ئەوەی ئامادەنەبووە لەکاتی چاوپێکەوتنی کاردا لە کۆمپانیایەک تەوقە لەگەڵ ئەو پیاوە بکات کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردووە کاری پێنەدراوە.

هاوکات دادگای کرێکارانی سویدیش ئەو ڕەتکردنەوەیەی فەرەحی لەلایەن کۆمپانیاکەوە بە “بێڕێزی” بەرامبەر فەرەح هەژمارکردووە و ناوبردووە، و فەرەحیش کەیسەکەی بردووەتەوە و کۆمپانیاکەش غەرامە کراوە.

دادگاکە ڕەتکردنە یان قبوڵکردنی فەرەح بۆ تەوقەکردنی بە “ئازادی دینی و بیروباوەڕ” ناوبردووە، و ڕەتکردنەوەی تەوقەکردنی خاتوو فەرەحیش بە هۆکاری دینی بەپێی یاسای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ئاماژەی پێکراوە.

لە دادگاش سێ دادوەر لە بەرژەوەندی فەرەح دەنگیاندا و لە بەرامبەریشدا دوو دادوەر دژی فەرەح بڕیاریانداوە و بەوەش فەرەح کەیسەکەی بردووەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close