جیهانی ئیسلامی

موسڵمانانی چین لە وڵاتی غەریبییەوە باسی زوڵم و ستەمەکانی چین دەکەن

موسڵمانان، ئەو گەلەی کە میدیاکان و ڕێکخراوەکانی بەناو مافی مرۆڤی جیهانی و وڵاتانی بەناو خەمخۆری مافەکانی مرۆڤ پشتگوێیانخستوون و گرنگییان پێنادەن، ئێستا دەیانەوێت خودی موسڵمانانیش گرنگی بە کەیسەکانی موسڵمانان نەدەن و کەیسگەلێکی تر لەلایەن خۆیانەوە دروستدەکرێت بۆ شاردنەوەی زوڵم و ستەمەکانی سەر موسڵمانان.

موسڵمانانی چینیش لە ئێستادا لە ئازار و میحنەتێکی گەورەدان و بە چەندین شێوە دەچەوسێنرێنەوە و زوڵم و ستەمیان لێدەکرێت، بەڵام زاڵم حزبی کۆمیۆنیستی چینە و مەزڵوم موسڵمانە، بۆیە جیهان گرنگی پێنادات و خەڵکێکی بەرچاویش دەیانەوێت گومان بخەنە سەر ئەو زوڵمەی چین دەیکات بە بیانووی جۆراوجۆری بێبنەمای وەک “تیرۆریست بوون” و توندوتیژی و هەندێک تۆمەتی بێبنەمای تر، بەڵام ئیستا وا منداڵ و گەورە و بچووکی موسڵمانانی چین خۆیان هاتوونەتە دەنگ و خۆیان باسی ئازارەکانیان دەکەن.

بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی منداڵێکی موسڵمانی گەلی ئویغوری چین، منداڵێک باس لەوە دەکات کە حکومەتی چین باوکی ئەویان دەستگیرکردووە و سێ ساڵە باوکی خۆیی نەبینیوە.

ئەو منداڵە ئویغوریە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەڵێت، ”بەهۆی زوڵمە دڕندانەکانی چینەوە لەگەڵ دایکم و خوشکەکەم هاتوومەتە تورکیا”.

دەشڵێت، ”حکومەتی چین بە زۆر منی لە باوکم جیاکردەوە و باوکمیان ناردە زیندان. باوکم هیچ تاوانێکی ئەنجامنەدابوو. ئەوە ماوەی سێ ساڵە باوکمم نەبینیوە”، دەشڵێت “نەتەوە یەکگرتووەکان لە کوێیە؟”

منداڵێکی موسڵمانی ئویغور:"چین باوکمیان دەستگیرکردووە، سێ ساڵە باوکمم نەبینیوە، نەتەوە یەکگرتووەکان لەکوێیە؟"

Posted by ‎ئیسلامی :: eslami‎ on Thursday, August 16, 2018

 

لەلایەکی ترەوە چەند ئویغورییەک ڤیدیۆی خۆیانیان بڵاوکردووەتەوە و باس لەو ئازارە دەکەن کە موسڵمانانی ئویغور لە چین بەهۆی حکومەتی دیکتاتۆری چینەوە تیایدا دەژین.

ئەو کەسانەی کە باسی ئازارەکانیان دەکەن بەگشتی دوورن لە چینەوە و لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی چیندا نەماون، بەڵام دایک و باوک و خزمان و هاوڕێکانیان لە چین دەستبەسەرن.

کەسوکاری ئەو کەسانەی کە قسەدەکەن، یان لەلایەن حکومەتی چینەوە بێسەروشوێن کراون یاخود لەو زیندانانەدا دەستبەسەرکراون کە حکومەتی چین بەناوی کامپی پەروەردەکردنەوەوە دروستیکردوون و موسڵمانان ناچار بە وازهێنان لە ئیسلام و بەیعەتدان بە حزبی کۆمیۆنیستی چین دەکات.

یەکێک لەو ئویغورانە بەناوی ئایپێری دەڵێت “من خەڵکی تورپانم و ئێستا لە ڕووسیا دەمێنمەوە، باوکم ناوی مەمەتە” دواتریش وێنەی باوکی نیشانی چاوی کامێراکە دەدات و دەڵێت “ئەمەش باوکمە”. هەروەها دەڵێت “دایکیشم ناوی هاواهانە” و وێنەی ئەویش نیشانی چاوی کامێراکە دەدات.

ئایپێری دەڵێت “وێنەی ژنبراکەمم لانییە کە ناوی ئابلیکیمجانە، بۆیە ناتوانم پێتان نیشانبدەم”، دەشڵێت “ئەوە ماوەی شەش مانگە هەموویان لە کامپەکانی پەروەردەکردنەوەی چیندا دەستبەسەرن. کاتێک پەیوەندیم بە خوشکەکەمەوە کرد پێی وتم، کەس نازانێت کەی ئەوان لەو کامپانە ئازاد دەکرێن. وتیشی هەفتانە دەتوانێت یەک بۆ دوو جار پەیوەندیی تەلەفۆنییان پێوە بکات و خزمانیشم ڕێگەیانپێدەدرێت بیانبینن. منیش بەشداری هیچ چالاکییەکی سیاسییم نەکردبوو، بێدەنگیش بووم، بەڵام ئەمە لە ستەمی چین ناتپارێزێت، بۆیە چیتر بێدەنگ نابم. من گەورەترین کچی خێزانەکەمم، ئێستاش هەوڵی ڕزگارکردنی ئەوان دەدەم. شاهیدی دەدەم کە دایک و باوکم و ژنبراکەم لە زینداندان”.

کەسێکی تر بەناوی عەبدولڕەحیم دەڵێت “خەڵکی کاشگارم لە ڕۆژهەڵاتی تورکستان. لە ٢٠١٤وە هاتوومەتە تورکیا، ساڵێکیش دوای ئەوەی وڵاتەکەمم جێهێشت بیستم کە هاوسەرەکەم و هاوڕێکانم دەستگیرکراون و سزای ٧ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە. دوای ٢-٣ مانگ باوکم و براکانم دەستگیرکران، ئەمەش لە کۆتایی ٢٠١٥ و سەرەتای ٢٠١٦ بوو. هەتا ئەمڕۆش هیچ هەواڵێکم لێیان نییە. بیستوومە کە ئەوان نەنێردراونەتە کامپەکانی پەروەردەکردنەوە بەڵام دوو خوشکم براونەتە کامپەکانی پەروەردەکردنەوە و لەوێ دەستبەسەرن، ئەمەش لە کۆتایی ٢٠١٦ بووە. لەوکاتەشەوە هیچیان لەبارەوە نازانم. نازانم ئەوان زیندوون یان نا، هیچ نازانم لەبارەی دایک و باوکم و شەش منداڵەکەم و خێزانەکەم و خزمەکانمەوە”، هەروەها ناوی باوک و دایک و خێزانی و براکانیشی دەڵێت و دووبارە جەخت لەوە دەکاتەوە کە “زیاتر لە دوو ساڵە هیچ هەواڵی لێیان نییە و چوار ساڵیشە گوێم لە دەنگی منداڵەکانم نەبووە و نازانم زیندوون یان مردوو، ئەمەش بە نزیکەیی دۆخی ژیانی هەموو ئویغورەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکستانە”.

ئافرەتێکی تر بە ناوی دیلبەر مەمەت دەڵێت “خەڵکی شاری ئاکسوی ڕۆژهەڵاتی تورکستانم، لە ٢٤ی ١٢ی ٢٠١٣ وڵاتەکەمم جێهێشت و ٦ی ئازاری ٢٠١٤ هاتمە مالیزیا. دواتریش لە ١٧ی ١٠ی ٢٠١٤ هاتمە تورکیا و لە ٩ی مانگی ١ی ٢٠١٥ لە شاری قەیسەری نیشتەجێبووم. خوشکەکەشم ناوی بوهیلچیلم مەمەت و لە ناوچەی جینگ کاریدەکرد، لە ٣ی ئابی ٢٠١٥ دەستگیرکراوە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی بیانی پێدانی پارە پێیان”، لە درێژەی قسەکانیدا دیلبەر وێنەی خوشکەکەی نیشانی چاوی کامێراکە دەدات و دەڵێت “ماڵەکەی گەڕاون بەڵام تەنیا کتێبیان تیادا دۆزیوەتەوە. ئەو چالاکی مەدەنی بوو تۆمەتی ئەوەشی درایەپاڵ کە بە شێوەیەکی نایاسایی کتێبی هەڵگرتووە. ئێستاش لە زیندانی ئافرەتانە، دوای تەواوکردنی زانکۆش بۆ ماوەی ٢٤ ساڵ کاریکرد”.

دیلبەر دەشڵێت “لە مانگی ١٢ی ٢٠١٦ کچەکەم و هاوسەرەکەشم دەستگیرکراون و زیندانیکراون. لەوکاتەشەوە هیچ هەواڵم لێیان نییە. دایکیشم ناوی ئایشەم هوشورە، تەمەنی ٧٦ ساڵە ماوەی دوو ساڵە هەواڵی ئەویشم نییە. نازانم دایکم لە زیندانە یان لە کامپەکانی پەروەردەکردنەوەیە، نازانم زیندووە یان مردوو. کچەکەشم کە ناوی بومریەمە لەگەڵ تورسونجانی هاوسەری، هەواڵی ئەوانیشم نییە، نازانم زیندوون یان مردوو. ئەحمەدی هاوسەریشم لە ١٩٩٦ سزای ٨ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، دوای ئازادبوونیشی ئێستا پاسپۆرتی نییە و ناتوانێت وڵاتەکە جێبهێڵێت، بەمهۆیشە کە حکومەتی چین زوڵم و ستەم لە خێزانەکەم دەکات. دوو مانگیش بەر لە ئێستا بیستم کە هاوسەرەکەشم خراوەتەوە زیندان و سزای هەتاهەتایی دراوە. هەواڵم لە خوشکەکەشم نییە”.

ژمارەیەکی بەرچاو لە ئویغورەکان چینیان جێهێشتووە و لە وڵاتانی تر جێگیربوون، بەڵام ئەندامانی خێزانەکانیان لە چین بوونەتە قوربانی سیاسەتی ستەمکارانەی چین.

موسڵمانانی چین لە وڵاتی غەریبییەوە باسی زوڵم و ستەمەکانی چین دەکەن

Posted by ‎ئیسلامی :: eslami‎ on Friday, August 17, 2018

 

لەلایەکی تریشەوە چین هەر بەمەوە نەوەستاوە و سیمبولە دینییە ئیسلامییەکان و بەتایبەتی ئەوانەی کە بە عەرەبی نوسراون لەسەر مزگەوت و خانوو و دوکان و تەنانەت کێلی گۆڕی موسڵمانان لە ڕۆژهەڵاتی تورکستان دەسڕێتەوە.

Image may contain: plant, grass, tree, outdoor and nature

Image may contain: sky, tree, plant and outdoor

Image may contain: tree, plant, shoes, sky, bridge, table, night and outdoor

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close