جیهانی ئیسلامی

جەنگی ئابووری سەر تورکیا لەپێناو قەشەیەکی سیخوڕدا

چەند ڕۆژێکە ئەمریکا هەڕەشەی جۆراوجۆر لە تورکیا دەکات بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە و هەڕەشەی زیادکردنی گەمارۆکانی سەر تورکیا دەکات، لەو میانەیەشدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ڕێژەی ٢٠٪ گومرگی لەسەر ئەلەمنیۆم و ٥٠٪ گومرگی لەسەر پۆڵای تورکیا زیادکرد.

لە بەرامبەر ئەوانەشدا و هەر زوو ئەنقەرە چەندین ڕێوشوێنی گرتەبەر و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد کە هەرچی دۆلار و یۆرۆ و ئاڵتونی پاشەکەوتکراویان هەیە بیگۆڕنەوە بە لیرەی تورکی، هەروەها ڕایشیگەیاند ”لەمەودوا ئەنقەرە مۆبایلی ئایفۆن ناکڕێت و ڕوودەکاتە کڕینی مۆبایلی سامسۆنگ و ڤیستڵی تورکی”، تەنانەت دەستبەرداری ئەو مۆبایلە ئایفۆنەی خۆیشی بوو کە شەوی کودەتاکە کاریگەری باشی هەبوو لە کۆنترۆڵکردنی کودەتاچییەکاندا.

جگە لە مۆبایل ئەردۆغان بایکۆتی کەلوپەلی ئەلکترۆنیی ئەمریکاشی ڕاگەیاند و بەوەش ویستی بە ئەمریکا بڵێت وەڵامدانەوەیان هاوشێوەی ڕەفتارەکانی ئەمریکا دەبێت بەرامبەر تورکیا.

هەر لە درێژەی شەڕی ئابووری ئەمریکا بۆسەر تورکیا ترەمپ ڕایگەیاند “”وڵاتەکەمان لەسەر بنەمای گومرگ و باجەکان بونیادنراوە، گومرگ و باجەکانیش ئێستا بەرەو ڕێککەوتنی بازرگانی نوێی گەورە دەمانبەن”، وتیشی “نابێت ڕێگە بە هاتنە ناوەوەی وڵاتان و دزینی سەروەت و سامانی ئەمریکای مەزنمان بدەین، چیتر نابێت ڕێگە بدەین”، بەمەش هەندێک لە چاودێران باس لەوە دەکەن کە ترەمپ خاڵێکی لاوازی ئەمریکای ئاشکراکردووە بەوەی کە ئاشکرایکردووە وڵاتەکەی لەسەر گومرگ بونیادنراوە.

لە لایەکی ترەوە و هەر لە درێژەی ئەو شەڕە ئابووریەدا تورکیا باجی لەسەر کحول و ئوتومبێل و جگەرەی ئەمریکی بە ڕێژەی زیاتر لە ١٠٠٪ زیادکرد، بە شێوەیەک لەسەر ئوتومبێلی ئەمریکی باجی ١٢٠٪ی زیادکرد و لەسەر کحول ١٤٠٪ و لەسەر جگەرە ٦٠٪.

لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەشدا و بەتایبەتی دوای ڕاگەیاندنی زیادکردنی گومرگ لەسەر ئەلەمنیۆم و پۆڵای تورکی لەلایەن ترەمپەوە، بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی نزیکبووەوە لە ٧ لیرەی تورکی و لیرەی تورکی بەهاکەی نزمبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی، بەڵام لە ئێستادا دۆلارێک بەرامبەرە بە ٥.٧٩ لیرەی تورکی و بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.

ئەم شەڕە ئابووریەش میدیاکان وەک وەڵامێک بۆ ئازادنەکردنی قەشەیەکی ئەمریکی لێکدانەوەی بۆ دەکەن کە تورکیا بە تێوەگلان لە کودەتاکەی تەموزی ٢٠١٦ تۆمەتباریکردووە.

ئەردۆغان لەبارەی ئەو قەشەیەوە باسی لەوە کردووە، سی ئای ئەی و مۆسادی ئیسرائیلی هەوڵی ڕزگارکردنی ئەندرو برۆنسۆن قەشە ئەمریکییەکە دەدەن.

لە لایەکی ترەوە و بەرپرسانی تورکیا لە میدیاکانی تورکیاوە باس لەوە دەکەن کە ئەو قەشە ئەمریکییە لەڕاستیدا سیخوڕی سی ئای ئەی-ی ئەمریکییە.

دوێنێ ١٥ی ئابیش کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەو گومرگ و باجەی تورکیا ڕایگەیاند “هەڵەیە و جێگای داخە”، هەروەها ڕایشیگەیاند “گومرگەکانی سەر هاوردەی پۆڵای تورکی بە ئازادکردنی قەشە ئەمریکییەکەش لانابرێت”.

مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکاش هەر لەوبارەیەوە وتوویەتی “بۆ تورکیا وا باشترە بڕیار و چارەسەریی ترەمپ تاقینەکاتەوە”.

لە بەرامبەر ئەو لێدوانانەشدا مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند “ئەنقەرە ئامادەی گفتوگۆی کێشەکانە لەگەڵ واشنتن بەبێ هەڕەشە”.

هاوکات ئەردۆغانیش هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕایگەیاندووە “گەلێک لە تانکەکان نەترسان ئایا لەم شتانە دەترسن؟ دۆلار ناتوانێت لە ڕێگاکەمان ڕامانگرێت، هەرگیز نیگەران مەبن”.

ماثێو برایزا کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئەنجومەنی ئەتڵەسی کاری لەسەر سیاسەتی تورکیا کردووە لەوبارەیەوە لە وتارێکیدا لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی وتوویەتی “ئەمریکا ناتوانێت تەحەمولی لەدەستدانی تورکیا بکات”.

لەلایەکی ترەوە کۆمپانیایەکی چینی بۆ بازرگانی مێووژ و هەنجیر دوای ڕاگەیاندنی شەڕی ئابووری ئەمریکا بۆسەر وڵاتەکەی بڕیاریداوە بە کڕینی مێووژ و هەنجیر لە تورکیا.

هاوکات قەتەریش کە بە دۆستی تورکیا هەژماردەکرێت، بە بڕی ١٥ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی لە تورکیا ڕاگەیاندووە، ئەمەش دوای سەردانی ئەمیری قەتەر بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان.

پێشبینیش دەکرێت کە تورکیا و ئێران و قەتەر لە داهاتوودا زیاتر لەیەکتری نزیکببنەوە، بەتایبەتی بەهۆی ئەو گەمارۆ توندەی کە لەسەر ئێرانە لە ئێستادا و ئەو شەڕە ئابووریەش کە لە ئێستادا لەگەڵ تورکیا دەکرێت.

لە لایەکی ترەوە، سعودیە کە لە ئێستادا بە نەیاری تورکیا هەژماردەکرێت نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی لە هەندێک لە میدیاکانیەوە بە ٧.٢٢ لیرەی تورکی بڵاوکرایەوە، لەکاتێکدا نرخی دۆلارێکی ئەمریکی تا ئێستا نەگەیشتووەتە ٧ لیرەی تورکی، بەڵکو بۆ ماوەیەک لە ٧ لیرە نزیکبووەوە و لە ئێستاشدا ٥.٧٩ لیرەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close