جیهانی ئیسلامی

ئیمارات یاسایەکی دەرکرد کە سەرپێچیکارانی تا ٢٥ ساڵ زیندانی و ملیۆنێک دۆلار غەرامە دەکرێن

شێخ خەلیفە بن زاید سەرۆکی ئیمارات ڕۆژی دوو شەممە ١٣ی ئاب یاسایەکی دەرکرد بەناوی “یاسای تاوانی ئەلکترۆنی” و سەرپێچیکارانیشی لەوانەیە ٢٥ ساڵ زیندانی و ملیۆنێک دۆلار غەرامە بکرێن.

سەرپێچیکارانی یاساکە لە ١٠ بۆ ٢٥ ساڵ زیندانی و غەرامەی ٥٤٤ هەزار و ٥٨٨ دۆلارەوە تا یەک ملیۆن دۆلار و زیاتریش غەرامە دەکرێن. یاساکەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پەیجێک یان گروپێک بە ئامانجی دروستکردنی “گروپی تیرۆریستی” بەڕێوەببەن، یاخود هەماهەنگ و پاڵپشتی کردەوەی “تیرۆریستی” بکەن.

یاساکە کە دەوترێت پێشتر هەبووە و ئێستا نوێکراوەتەوە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە ماڵپەڕێک (سایتێک) بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی “ڕق و کینە” بەڕێوەدەبەن.

هەروەها بەپێی یاساکە، ئەگەر کەسێک یەکەمجار لەو کارە تێوەگلێت ئەوە دادگا دەیانخاتە ژێر چاودێری ئەلکترۆنییەوە.

ئەو کەسانەشی کە سایت بەڕێوەدەبەن یان زانیاری بەکاردێنن و بلاویدەکەنەوە لە ئینتەرنێت بۆ “زیانگەیاندن بە دەوڵەت یان ئەندامانی سیستمی دادوەری” ئەوە بە شێوەیەکی کاتی زیندانی دەکرێن و غەرامەیش دەکرێن.

هەر بەپێی یاساکە، دادگا دەتوانێت ئەو کەسە بیانیانە دیپۆرت بکاتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان کە تێوەگلاون لەو کردەوانەدا کە لەلایەن ئیماراتەوە قەدەغەکراون.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی ئیمارات بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە جەنگی یەمەندا چەندین کردەوەی دژ بە یاسای ناوچەیی و نێودەوڵەتی کردووە، لەوانە ئەشکەنجەدانی زیندانیان و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر زیندانیان و کوشتنی خەڵکی یەمەن. جگە لەمانەش بە چەندین شێوە هەوڵی نانەوەی بشێوی لە هەندێک وڵاتی وەکو تورکیا لەڕێگەی پاڵپشتیکردنی دارایی میدیا بەناوبانگەکانی جیهانەوە دەدات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close