جیهانی ئیسلامی

نەتەوە یەکگرتووەکان: ملیۆنێک موسڵمانی ئویغور لە کامپی نهێنیدا دەستبەسەرن

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، بەپێی ڕاپۆرتە متمانەپێکراوەکان چین یەک ملیۆن موسڵمانی ئویغوری لە کامپە نهێنییەکاندا دەستبەسەرکردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە چەندین ڕاپۆرتی متمانەپێکراوی بەدەستگەیشتووە کە باسیان لەوە کردووە یەک ملیۆن موسڵمانی ئویغور لە چین لە کامپگەلێکی نهێنیدا دەستبەسەرکراون (و زیندانی کراون).

لەلایەکی ترەوە گای ماکدۆگال ئەندامی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەهێشتنی جیاکاری ڕایگەیاندووە، دوو ملیۆن موسڵمانی ئویغور و کەمینەکان بەزۆر براونەتە ناو “کامپە سیاسییەکان بۆ پەروەردەکردن” لە ڕۆژئاوای شینجیانگ.

ئەو ئەندامەی لیژنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویەتی “زۆر نیگەرانین لەو ڕاپۆرتە متمانەپێکراوە بێشومارانەی کە بەدەستمانگەیشتوون، کە بەناوی ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی دینی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی (چین)ەوە دەکرێت”.

ئاژانسی ڕۆیتەرز باسی لەوە کردووە، چین دەڵێت هەرێمی شینجیانگ (ڕۆژهەڵاتی تورکستان) ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی جدی بووەتەوە لەلایەن “چەکدارە ئیسلامیە توندڕەوەکان و جوداخوازەکانەوە کە پیلانی هێرشکردن و نانەوەی گرژی دەنێنەوە” بەتایبەتی لەنێوان موسڵمانانی ئویغوری کەمینە و گەلی هانی چین-ی زۆرینە.

لە بەرامبەر وتە و ڕاپۆرتەکانی ئەندامی لیژنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، شاندێکی ٥٠ کەسی چینی لە جنێڤ ئامادە نەبوون لێدوان لەوبارەیەوە بدەن.

یو جیانهوا باڵیۆزی چین بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤا پێشتر وتوویەتی، کار بە ئاراستەی یەکسانی و هاوسۆزی لەنێوان هەموو گروپ و گەلەکانی چین دەکەن.

لە لایەکی تریشەوە گای ماکدۆگال وتوویەتی، ئەندامان و خەڵکی موسڵمانی ئویغور باس لەوە دەکەن کە وەکو “دوژمنی دەوڵەت” و لەسەر بنەمای ناسنامەی دینییان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئەندامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، زیاتر لە ١٠٠ خوێندکاری ئویغور کە لە وڵاتانی وەکو میسر و تورکیاوە گەڕاونەتەوە بۆ چین دەستگیرکراون و هەندێکیشیان لە زیندانەکاندا مردوون و خەریکە دەمرن.

موسڵمانانی ئویغور لە ئێستادا لەلایەن چینەوە ڕووبەڕووی چەندین بێڕێزی و پێشێلکاریی مافەکانیان بوونەتەوە و بەپێی چەندین بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، پیاو و کوڕەکان دەستگیردەکرێن و ژنانی ئویغوریش ناچار بە هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕان و پیاوانی گەلی زۆرینەی هان-ی چینی دەکرێن. هەروەها بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ڕێگری لە پراکتیزەکردنی دینی ئیسلام بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و سیمبولە ئیسلامیەکانی وەکو قورئان و بەرماڵ قەدەغەکراون. جگە لەمانە ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە کردووە کە موسڵمانان بەزۆر ناچار بە خواردنی گۆشتی بەراز و خواردنەوەی عەرەق (کحول) دەکرێن، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی چین دەزانن کە ئەو خواردن و خواردنەوانە لە دینی ئیسلامدا حەرام و قەدەغەکراوە لەسەر موسڵمانان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close