جیهانی ئیسلامی

یەکێتی ئەوروپا: غەززە و ئیسرائیل بە شێوەیەکی ترسناک لە پێکدادانەوە نزیکن

یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەجیاتی بەهاناوەچوونی نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتی گەمارۆدراوی غەززە، بەڵام تەپڵی جەنگ دەکوتن و دەڵێن دۆخەکە لە جەنگەوە نزیکە.

لە دواین لێدوانیدا یەکێتی ئەوروپا باسی لەوە کردووە کە “غەززە و ئیسرائیل بە شێوەیەکی ترسناک لە جەنگ و پێکدادانەوە نزیکن”، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بە شێوەیەکی هەفتانە هاووڵاتییانی غەززە دەکوژرێن و شەهید دەکرێن و غەززەش بە مووشەک بۆردوماندەکرێت و وێراندەکرێت.

یەکێتیەکە باسی لەوەش کردووە کە پێویستە بەپەلە دۆخەکە هێوربکرێتەوە و مەترسیەکان نەهێڵدرێن، چاودێرێکی میدیایی دۆخی غەززەش دەڵێت “ئەمە تەنیا قسەی زارە و نابێت بە کردار، چونکە ئەمە یەکەمجار نییە یەکێتی ئەوروپا ئەم قسەیە بکات، بەڵام تەنیا بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و جیهان بووە”.

سەرەڕای ئەمانەش وتەبێژی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا وتوویەتی “موشەک لە غەززەوە ئاراستەی کۆمەڵگاکانی باشووری ئیسرائیل دەکرێت و پێشێلکاری و توندوتیژی تریش دژی ئیسرائیل و لەلایەن بزوتنەوەی حەماس و چەکدارانی فەڵەستینییەوە ئەنجامدردرێت و ئەمەش بە تەواوی جێگای قبوڵ نییە”.

هاوکات لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێکیش نەتەوە یەکگرتووەکان زەنی دەستپێکی جەنگێکی نوێی لە غەززە لێداوە، جگە لە لێدوانە دوژمنکارانەکانی بەرپرسانی گەورە و بچووکی ئیسرائیل دژ بە غەززە و بە بیانووی “تیرۆر” و چەند بیانوویەکی تری هاوشێوە، تەنانەت بەرپرسی ئیسرائیل هەبووە کە یەک بە یەکی هاووڵاتییانی غەززەی بە گەورە و بچووک بە “تیرۆریست” ناوبردووە.

هەر لە ماوەی ڕابردوودا و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەزار کارمەندیی ئەو ڕێکخراوە لە غەززە فەسڵکران.

بەرپرسێکی تری نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە لێدوانێکیدا لە مانگی تەموز ڕایگەیاند ”جیهان دەبێت ئەوکاتە هاوکاریی مرۆیی غەززە بکات کە حەماس دەست لە توندوتیژی هەڵگرێت”، لەکاتێکدا ئەوە ئیسرائیلە کە هۆکاری زۆرینەی توندوتیژیی و دەستدرێژییەکانە و چەندین جاریش ئاگربەستی شکاندووە.

تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ١٨٠ هاووڵاتی بێ چەکی فەڵەستینی کوژراون و شەهیدکراون کە زۆربەیان لەدوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی (گەڕانەوەی مەزن)ەوە بووە و زیاتر لە ٣٠ کەسیشیان منداڵ بوون، ئەمە جگە لە برینداربوونی زیاتر لە ١٧ هەزار فەڵەستینی کە برینی نزیکەی ٤٠٠یان سەختە و دەیانیشیان بەهۆی فیشەکی سەربازانی ئیسرائیلییەوە کەمئەندام بوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close