جیهانی ئیسلامیدونیا

ڕۆژنامەیەکی ئوسترالی بێڕێزی بەرامبەر “اللە اکبر” دەکات

ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی چاپی ئوسترالی لە دواین چاپیدا بە ئاشکرا بێڕێزی بەرامبەر بە ووشەکانی “اللە اکبر” دەکات، بە شێوەیەک لە یەکەم لاپەڕەیدا و بە گەورەیی ئەو بێڕێزییە دەکات.

لە دواین ژمارەی ئەو ڕۆژنامە ئوسترالیەدا بە پیتی گەورە نوسراوە “ALLAH AK BARRED!” کە پیتەکانی “AK” کورتکراوەی “AKBAR”ە و پێکەوە دەبێت بە “ALLAH AKBAR BARRED” و ئەوەش بە مانای “اللە اکبر قەدەغەکرا!” دێت.

ئەو ڕۆژنامە ئوسترالیە ئەم دەستەواژەی لە باسی بابەتێکیدا نوسیوە گوایە چەند چەکدارێکی ئوسترالی لەناو داعش لە عێراق و سوریان و مافی هاووڵاتیبوونیان لێ سەندراوەتەوە و بەو شێوەیەش قەدەغەکراون لە گەڕانەوەیان بۆ ئوسترالیا. لەکاتێکدا هەموو جیهان دەزانێت کە “اللە اکبر” دروشمی زیاتر لە ملیار و نیوێک موسڵمان و ئیسلامە، بەڵام ئەم ڕۆژنامەیە ووشەی “اکبر” لەگەڵ “قەدەغەکردن” تێکەڵدەکات و لەجیاتی نوسینی ئەوەی کە “چەند چەکدارێکی داعش مافی هاووڵاتیبوونی ئوسترالیایان لێ سەندراوەتەوە” ووشەکانی “اللە اکبر” لە جێگای “داعش” بەکاردەهێنێت، کە ئەمەش بێڕێزییەکی تەواوە بەرامبەر ئەو دروشمەی کە ڕۆژانە لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە لانیکەم “٣٠ جار” دەوترێتەوە.

ڕۆژنامەکە نوسیویەتی “بۆیە مافی هاووڵاتیبوون و ناسنامەیان لێ سەندراوەتەوە، بۆئەوەی نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئوسترالیا و کۆمەڵکوژی ئەنجامبدەن”.

ئاماژەش بەوە کراوە کە “لە پرۆسەیەکی تەواو نهێنیدا” ئەو کەسانە کە ژمارەیان پێنج کەسە، مافی هاووڵاتیبوونیان لێ سەنراوەتەوە، کە دوانیان ژنن.

ڕۆژنامەنوسێکیش لەوبارەیەوە دەڵێت “جا ئەوەی بە حاڵ یەک تۆسقاڵ عەقڵ لە کەلە سەریا بێت دەزانێت کە داعش بۆ دژایەتی ئیسلام و موسڵمانان و بەتاڵان بردنی ماڵیان و لاقەکردنی ژن و کچی موسڵمان و کوشتنی موسڵمانان دروستکراوە. ئەوەیشی نەفام و جاهیل بێت پێیوایە داعش و ئیسلام یەک شتن”.

لە دینی ئیسلامیشدا پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) فەرمانی بە سەربازانی کردووە کە لەکاتی جەنگدا “ئافرەت و نەخۆش و منداڵ و کەسی ئاینی و پیر و پەککەوتە و دیل و هەڵهاتوو لە جەنگ نەکوژرێن، و درەخت نەبڕدرێتەوە و شوێنی پەرستشی ئاینەکان تێکنەدرێت و بێڕێزی بە تەرمی کوژراوی دوژمنان نەکرێت و لەگەڵ زیندانیکراوەکاندا بەڕێزبن و خواردنیان پێبدەن، هەروەها بە زۆریش کەس نەهێننە ناو دینی ئیسلامەوە”، جگە لەمانەش سەروەری مرۆڤایەتی (صلی اللە علیە وسلم) فەرمووشیەتی کە “ئاژەڵیش نەکوژن مەگەر بۆ خواردنی گۆشتەکەی نەبێت”.

سەرەڕای هەموو ئەم ڕاگەیەندراوە ڕوونانەی دینی ئیسلام بەڵام کۆمەڵێک نەزان و دژە ئیسلام و نەشارەزا لە ئیسلام (داعش) دەکەن بە نمونە و دەڵێن کە ئەوە ئیسلامە و ئیسلام فەرمانی بەوە کردووە کە داعش دەیکات، لەکاتێکدا ١٨٠ پلە پێچەوانەی ئەو بیرکردنەوەی حەقیقەتی ئیسلامە و داعشیش سەرپێچی سەرجەم ئەم یاسایانەی ئیسلامی کردووە لە شەڕەکانیدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close