جیهانی ئیسلامی

ئیسرائیل تایتڵی هەواڵێکی BBC لەبارەی غەززەوە دەگۆڕێت

دوای ئەوەی کەناڵی BBCی بەریتانی بابەتێکی لەبارەی بۆردومانەکانی شەوی ٨ی ئابی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بڵاوکردەوە، پاش ماوەیەک سەرباسی (تایتڵی) ئەو هەواڵە لەسەر داوای ئیسرائیل گۆڕانکاری بەسەردا هات.

ئەو بابەتەی کەناڵە بەریتانیەکە کە لەبارەی شەهیدبوونی دایکێکی دووگیان و منداڵە ساواکەیەوە بوو، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە شەهیدکران، لەژێر ئەم ناونیشانەدا بڵاوکرایەوە (بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە “ژنێک و منداڵێکی ساوا” کوژران).

بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە کەناڵەکە دوای ماوەیەکی کەم ناونیشانی بابەتەکەی لەسەر داوای ئیسرائیل گۆڕی بەم ناونیشانە (بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی غەززەوە “ژن و منداڵێک کوژران” دوای ئەوەی موشەک بە ئیسرائیلەوە نرا).

ئیسرائیل لەسەر ئەو ناونیشانەی کەناڵە بەریتانیەکە، ئیدانەی کەناڵەکەی کرد و بە “پێدانی زانیاری بە شێوەی نادروست و دوور لە ڕاستی” ناویبرد، لەکاتێکدا ناونیشانی بابەتەکە حەقیقەت و ڕاستی بوو، چونکە هەر بەو شێوەیە بوو کە باسکرابوو، بەڵام ناونیشانەکە بە دڵی ئیسرائیل نەبوو.

سکاڵاکەی ئیسرائیل بەو شێوەیە بوو کە کەناڵەکە باسی ئەو مووشەکانەی نەکردووە کە لەلایەن هێزەکانی بەرخودانی فەڵەستینەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوون، لەکاتێکدا لە ناوەرۆکی بابەتی کەناڵە بەریتانیەکە باسی ئەوەش کرابوو، میدیاکارێکیش لەوبارەیەوە دەڵێت “ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک هەوڵی شاردنەوەی تاوانەکانی دەدات کە دژ بە ژن و منداڵ و خەڵکی بەشمەینەتی فەڵەستین و بەتایبەتی غەززە ئەنجامیاندەدات، و بەو کارەیش کە کەناڵی BBCی کردی، نیشانەیەکی پرسیاری گەورە لەسەر سەربەخۆبوون و بێلایەنبوونی دروستبوو، کە ئەمە یەکەمجار نییە ناونیشانەکانی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دەگۆڕێت”.

شەوی ٨ی ئاب ئیسرائیل هێرشی کردە سەر غەززە و بەهۆیەوە پیاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵ کوژرا و ژنێکی دووگیان بە منداڵێکی نۆ مانگ و کچە تەمەن ١٨ مانگەکەشی شەهیدکران. ئەو ژنە ناوی ئیناس خەماش بوو تەمەنی ٢٣ ساڵ بوو، کچەکەشی ناوی بەیان ئەلخەماش بوو.

لەبارەی گەیاندنی زانیاری لەبارەی زوڵم و ستەمەکانی ئیسرائیل لە غەززە چاودێرێکی دۆخی غەززە باسی لەوە کردووە “هاووڵاتییانی غەززە لە ئێستادا خۆیان بوون بە میدیاکار و پەیامنێری خۆیان و بە مۆبایلەکانیان سەرجەم ئەو زوڵم و ستەم و کوشتوبڕ و کاولکارییە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتی تویتەرەوە دەگوێزنەوە و بە شێوەیەکی ئەوتۆ چاوی میدیاکان لەسەر غەززە نییە و زوڵمەکانی ئیسرائیل ناگوازێتەوە، لەکاتێکدا زیاتر لە ١٧٠ هاووڵاتی لە ئەمساڵدا و تا ئێستا کوژراون کە زیاتر لە ٣٠ کەسیان منداڵ بوون، بەڵام بەهۆی بێلایەن نەبوون و سەربەخۆنەبوونی زۆرینەی میدیاکانی جیهانەوە کەیسی غەززە گەورە نیشان نادرێت و هەوڵی بچووککردنەوەی دەدرێت”.

ناونیشانەکە پێش و پاش گۆڕینی:

No automatic alt text available.

ئیدانەکردن و داواکردنی گۆڕینی تایتڵەکە بە فەرمی لەلایەن ئیسرائیلەوە و لە کەناڵی فەرمی ئیسرائیلەوە:

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close