جیهانی ئیسلامیمێژوو

دایکی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز لە چەند دێڕێکدا

دایکی عومەر ناوی (ام عاصم) کچی عاصم کوڕی عومەری کوڕی خەطاب (ڕەزای خوای لێبێت) بووە و باوکی (ام عاصم) عاصمی کوڕی عومەری کوڕی خەطابە، شارەزا و زانا، بە (ابو عمر و القرشی العدوی) ناوبانگی دەرکردبوو، لە ڕۆژەکانی سەردەمی ژیانی پێغەمبەردا لەدایکبووە و لە باوکییەوە فەرموودەی گێڕاوەتەوە، دایکیشی ناوی جەمیلەی کچی (ثابت)ی کوڕی (ابی الاقلع)ی ئەنصارییە، پیاوێکی کەڵەگەت بووە و لە ڕیزی پیاوە بەرزەکاندا بووە لە موسڵمانێتی و چاکە و خواناسیدا، ڕەوانبێژ و زمان پاراو و شاعیر بووە، باپیری خەلیفە عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بووە لە دایکەوە.

لە عەبدوڵای کوڕێ زەبەیری کوڕی ئەسلەمەوە و ئەویش لە ئەسلەمی باپیریەوە دەگێڕێتەوە و دەڵیت “جارێکیان من و عومەری کوڕی خەطاب لە شەودا بەناو کۆڵانەکانی مەدینەدا دەگەڕاین، تا عومەر -ڕەزای خوای لێبێت- شەکەت بوو و لەلای دیوارێکدا شانی داهێڵا، تا کەمێ بحەوێتەوە، لەوکاتەدا گوێمان لێبوو ئافرەتێک بە کچەکەیی دەوت: کچی خۆم هەستە بڕۆ ئاو بکەرە ناو شیرەکەوە و کچەکەشی ووتی: ئەی نازانی عومەری کوڕی خەطاب چ بڕیارێکی دەرکردووە؟ ئەویش ووتی: نازانم چ فەرمانێکی دەرکردووە؟ کچەکەش ووتی: جاڕچییەکەی جاڕیداوە کە هیچ کەس نابێت ئاو بکاتە ناو شیرەوە. دایکیشی پێیوت: کچی خۆم هەستە ئاو بکەرە ناو شیرەکە، ئێستا کەی عومەر و جاڕچییەکانی ئاگایان لێیە؟! کچەکەیش ووتی: وەڵڵاهی دایەگیان من لەناو خەڵکدا بەقسەی ناکەم و لە چۆڵەوانیدا قسەی بشکێنم. عومەریش گوێی گرتووە بۆ ئەم گفتوگۆیە و ڕوویکردە (ئەسلەم) و پێیوت: ئەی ئەسلەم ئەم دەرگایەم بۆ دیاریبکە و شوێنەکەت لێ تێکنەچێت، پاشان چوون بەدەم گەڕانەکەیانەوە. کاتێ ڕۆژبوویەوە ووتی: ئەسلەم بڕۆ بۆ ئەو جێگایە و بزانە کێ ئەو ووتەیەی وتووە و کێیش ئەو وەڵامەی داوەتەوە؟ وە ئایا بزانم مێردی هەیە؟ و منێش چووم بۆ ئەو ماڵە و دەبینم کچەکەی شووی نەکردووە و دایکیشی مێردی نەماوە، گەڕامەوە بۆلای عومەر و هەواڵەکەم پێدا، ئەویش کوڕەکانی کۆکردەوە و پێیوتن کامتان ئەتانەوێت ژن بهێنن با ژنی بۆ بهێنم؟ و عاصم ووتی: باوکە گیان من ژنم نییە و ژن بۆ من بهێنە. عومەر جوابی نارد بۆ ئەو کچە و هێنای بۆ عاصم و کچێکیان بوو، لەو کچەیش عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بوو”.

دەگێڕنەوە شەوێکیان عومەری کوڕی خەطاب (خوا لێی ڕازیبێت) خەوی بینی و لە سبەینێدا ووتی: دەبێت ئەو خاوەن نیشانەیە کێ بێت لە نەوەکانی من کە زەوی پڕدەکات لە دادپەروەری هەروەک چۆن پڕکراوە لە زوڵم و ستەم.

عەبدوڵای کوڕی عومەر (خوا لێیان ڕازیبێت) دەیوت: بنەماڵەی خەطاب وا گومانیان دەبرد کە بیلالی کوڕی عەبدوڵا ئەو کەسەیە کە لە خەودا مژدەیان داوە بە عومەر بەو نیشانەیەدا کە پێوەی بوو، تا ئەوەبوو عومەری کوڕی عەبدولعەزیز هاتە دونیاوە (واتە دەرکەوت ئەوە نەک بیلال).

کلیک لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم

(خەلیفەی نوێخواز و چاکساز عومەری کوڕی عەبدولعەزیز – عەلی محمد الصلابی)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close