كــوردستان

دکتۆر عەبدولواحید و داشکاندنێکی گەورە بۆ نەخۆشێکی شێرپەنجە

ئەوەی باسیدەکەین نە لە زاری دکتۆر عەبدولواحیدەوەیە و نە لە زاری خزمانیەوە، بەڵکو لە زاری دکتۆر یەحیا محمدەوە باسیدەکەین کە خۆی شاهیدی بابەتەکەیە.

دکتۆر یەحیا محمد باسی لەوە کرد کە ڕۆژی ٣١ی تەموزی ٢٠١٨ (واتە دوێنێ سێ شەممە) خۆی ئامادەی ئەمە بووە کە ڕوویداوە و دەنوسێت، “لە نەخۆشخانەیەک دکتۆر عەبدولواحید نەشتەرگەری لیکەڕژێن (Parotid Gland)ی بۆ کچێکی لاو ئەنجامدا، کە شێرپەنجەی هەبوو”.

دکتۆر یەحیا نوسیویەتی “ئەم نەشتەرگەرییە زۆر زەحمەتە و (زیاد لە ٤ کاتژمێری پێدەچێت) لەبەرئەوەی دەمارێکی زۆر گرنگی دەموچاوی پێدا تێپەڕدەبێت، و هەر بریندارییەکی بچووک لەو دەمارەدا تێکچوونی شێوە و جوڵەی ماسولکەکانی دەموچاوی لێدەکەوێتەوە، بۆیە زۆر کەمن ئەو پزیشکانەی ئەم نەشتەرگەرییە ئەنجامبدەن و بە پارەیەکی زۆر خەیاڵی ئەنجامیدەدەن (لە وڵاتێکی وەک تورکیا بە ۷٠٠٠$ ئەنجامدەدرێت!)”.

ئەو دکتۆرە نوسیویشیەتی، ”لە وڵاتی خۆشمان (ئەو نەشتەرگەرییە) بە (٤ ملیۆن دینار) دەکرێت، ئەوەی ئیشەکەی چەندقات قورسترکردبوو، ئەوەبوو ئەم نەخۆشە جاری تر لای دکتۆری دیکە هەمان نەشتەرگەریی ئەنجامدابوو، بەڵام بەداخەوە دووبارە سەریهەڵدابووەوە، بۆیە ئەمەش مەترسیی بڕینی ئەو دەمارەی زیاتر دەکرد!”

دکتۆر یەحیا دەڵێت، چاوەڕوان دەکرا زۆری پێبچێت، زۆر زەحمەتبێت، بۆیە دکتۆر عبدولواحید سەرەڕای ئەم هەموو زەحمەتە بڕیاریدا (بە تەنها ۲ ملیۆن دینار) نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجامبدات (ئەم بڕە پارەیەش پارەی نەخۆشخانە، ستافی یاریدەدەر بڕێکی باشی لێدەبات)”.

دکتۆر یەحیا باسی لە ڕووداوێکی سەرسوڕهێنەر کردووە دوای ئەوەی کەسوکاری نەخۆشەکە زۆر ڕازیبوون بەو نرخە (واتە بە دوو ملیۆن دینارەکە)، و پارەکەشیان واسڵکردبوو.

دکتۆر یەحیا ئاماژەی بەوە کرد “لێرەدا ویستی خودا وابوو نەشتەرگەرییەکە ئاسانتر هات بەدەستەوە لەوەی چاوەڕواندەکرا، هەر لەناو نەشتەرگەرییەکەوە، دکتۆر عبدولواحید ناردی بەشوێن کەسوکاری نەخۆشەکەدا، وتی نەشتەرگەرییەکە ئاسنتربووە سوپاس بۆ خوا، و یەک کاتژمێری پێچووە، بۆیە ئەو نەشتەرگەریە شایەنی ۷٥٠،٠٠٠ دینارە، نەک ۲ ملیۆن دینار، بۆیە هەر ئێستا بچن ۱،۲٥٠،٠٠٠ دینار وەربگرنەوە (۷٥٠ هەزار بۆ دکتۆر خۆی، نەخۆشخانە، ستافی نەشتەرگەریی هەموویان)”.

ئیسلامی نێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە پەیوەندی بە کەسانێکی نزیک لە دکتۆر عەبدولواحیدەوە کرد و پێیان ڕاگەیاندین، کە ئەوە ئیشی یەکەمجار و کۆتا جاری دکتۆر نییە و ئەوان کە لێیەوە نزیکن ئاگاداری زۆر کاری لەو شێوەیەن، بەڵام دکتۆر پێیخۆش نییە باسبکرێت و کارەکە لەپێناو خودا و مرۆڤایەتیدا دەکات.

پێشتریش ئیسلامی نێت بە پشتبەستن بە سەرچاوەی تەواو باوەڕپێکراو بابەتێکی تری لەسەر کارێکی تری هاوشێوەی دکتۆر عەبدولواحید بڵاوکردەوە بە ناونیشانی (دکتۆر عەبدولواحید ملیۆنان دیناری بۆ نەخۆشێک گێڕایەوە).

ئەمەش لەکاتێکدایە دکتۆرێکی لەم شێوەیە کە وەسڵی عیادەکەی بەو شێوەیەیە (پارەت پێبوو بیدە و پێت نەبوو مەیدە)، وەسڵی عیادەکەشی لە هەموو عیادەکانی تر هەرزانترە (کە تەنیا پێنج هەزار دینارە)، جگە لەوەی دکتۆرێکی زۆر جێمتمانە و ئەمین و دەستپاک و ڕاستگۆ و شارەزایە.

لەگەڵ ئەمانەشدا عەلمانیەکان لەڕێگەی میدیای بینراو و بیستراو و کەسانێکی دژ بە دین و دژ بە ژین و دژ بە مرۆڤایەتیی و کاڵفامەوە ناوبەناو هەوڵی ناشرینکردنی دەدەن، بەتایبەتیش کۆمەڵێکی دیاریکراو لەلایەن کەسانێکی دیاریکراو و بە پارەی میلەتێکی برسی و بێ مووچەی دۆڕاوەوە، و بەو هەوڵانەیان دەیانەوێت دۆڕان و پۆخڵەواتەکانی خۆیان بشارنەوە، کە ئەو کەسانەش زۆر بە ئاشکرا خەڵکی دەیانناسن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close