جیهانی ئیسلامی

مەهاتیر موحەمەد بۆ هیندستان: زاکیر نایک ڕادەستناکەینەوە

مەهاتیر موحەمەد سەرۆک وەزیرانی مالیزیا ڕەتیکردەوە کە زاکیر نایک بانگخوازی هیندستان ڕادەستی حکومەتی هیندستان بکاتەوە.

دوای ئەوەی هیندستان داوایەکی بۆ ڕادەستکردنەوەی زاکیرنایک لە حکومەتی مالیزیا کرد، کە لە ئێستادا لە هیندستان داواکراوە و تۆمەتی جۆراوجۆری وەکو (تیرۆر و هاوکاریکردنی تیرۆر و قسەی ڕق و کینە و هتد)ی دراوەتە پاڵ، سەرۆک وەزیران ئەو داوایەی ڕەتکردەوە.

میدیاکانی هیندستان زاکیر نایکیان بە (بانگخوازێکی تەلەفزیۆنی توندڕەو) ناوبردووە و باسیان لەوە کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٦ هیندستانی جێهێشتووە و ڕووی لە مالیزیا کردووە و مافی هاوڵاتیبوونی هەمیشەیی لەوێ پێدراوە.

داواکەی هیندستان بۆ دیپۆرتکردنەوە و ڕادەستکردنەوەی لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بووە، مهاتیر موحەمەد سەرۆک وەزیرانیش لە وەڵامدا وتوویەتی “ئەو هیچ کێشەیەکی دروستنەکردووە و ئێمەش ناینێرینەوە و دیپۆرتی ناکەینەوە چونکە مافی هاووڵاتیبوونی هەمیشەیی مالیزیای پێدراوە”.

هاوکات زاکیر نایک لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی حکومەتی مالیزیا و سەرۆک وەزیرانەکەیدا سوپاسی کردوون و بەڵێنیداوە کە پابەندی یاساکانی مالیزیا ببێت.

هاوکات بەشێک لە میدیاکانی سعودیەش بە شێوەیەک لە شێوەکان و بە ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی داواکەی هیندستانیان کردووە بۆ ڕادەستکردنەوە، بەشێک لە میدیاکانی هیندستانیش سنوری کاری میدیاییان بەزاندووە لەپێناو داواکەی حکومەتی هیندستان بۆ ڕادەستکردنەوەی زاکیر نایک.

لە ئێستادا موسڵمانانی هیندستان دۆخی ژیانیان خراپە و دەکوژرێن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر و بە چەندین شێوە زوڵمیان لێدەکرێت، لەناویاندا لێسەندنەوەی مافی هاووڵاتیبوونە لە نزیکەی حەوت ملیۆن موسڵمان لە ویلایەتی ئاسام.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close