جیهانی ئیسلامی

مشتێک لە خزمەتەکانی ئیخوان موسلیمین لە سەرەتای دامەزراندنیەوە

لە سەرەتای دامەزراندنی ئیخوان موسلیمین (برایانی موسڵمان)ەوە یەکێک لەو شتانەی کە گرنگیی پێدرا بریتیبوو لە دێهاتەکانی میسر و کارکردن بۆ چاکسازیی، کە لەوکاتەدا بە شێوەیەکی بەرچاو پشتگوێخرابوون.

لێرەدا چەند خاڵێک لەبارەی گرنگیپێدانی ئیخوان موسلیمین بۆ گوندەکان خراوەتەڕوو، کە “مصطفی محمد الطحان” نوسیویەتی:

١- هەر لقێک لە لقەکانی برایان لە ناوچە و دێهاتەکاندا ناوی قوتابیانی ئامادەیی و زانکۆکانی ئەو ناوچەیەی لابوو، بۆئەوەی لە وەرزی هاوین و کاتی گەڕانەوەیان بۆ دێهات پەیوەندییان پێوەبکەن و خولی ڕۆشنبیری و تەندروستی و فێرکردنیان بۆ بکەنەوە، لە خزمەتی دێهاتەکانیاندا خەرکیان بکەن. ئەوان کاریان بۆ ڕێکدەخرا کە لە مزگەوت و جێگا گشتییەکاندا خەڵک فێری خوێندەواری بکەن و ڕێنمایی تەندروستییان بکەن و شێوازی چارەسەری کێشەکانیان بۆ ڕوونبکەنەوە.

٢- هەموو لقێکی برایان کە سەرپەرشتی دێهاتی دەکرد کۆمەڵێکی لەسەر فریاکەوتنی سەرەتایی ڕادەهێنا و بڕێک پێویستی داودەرمانیان لابوو، بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی دووچاردەبوون تا دەگەیەنرانە نەخۆشخانە.

٣- هەموو لقێکی برایان کاری خۆبەخشییان بۆ خاوێنکردنی دێهاتەکان پێکدەهێنا، کە خەڵک ئاسەواری پاکوخاوێنییان دەبینی دەهاتن بۆ لقەکان بۆ کاری خۆبەخشی خۆیان ناونووس دەکرد، جگە لەوەش کارەکانیان جێگای ڕەزامەندی پیاوچاکان و کەسە کاریگەرەکان بوو.

٤- شەوانی تاریک هاوتووچۆی خەڵکی دێهات ناڕەحەت بوو، بۆیە هەموو کەرت یان ناوچەیەکی برایان لە لادێکاندا چرای فانۆسیان لەسەر ڕێگاکاندا هەڵدەواسی، بۆیە لەلایەن خەڵک و بەرپرسانەوە پشتگیری و دەستخۆشییان لێدەکرا.

محمد شەوقی زەکی ئاماژەی بۆ ڕۆڵی ئەم کارانە لە چاکسازیی دێهاتدا کردووە و دەڵێت: ڕێکخراویان بەمەبەستی گرنگیدان بە دێهات و هۆشیارکردنەوە و ڕاپەڕاندنی خەڵکەکەی پێکدەهێنا، هەندێک لە برایان کێڵگەی نمونەییان دروستدەکرد تاکو خەڵک ڕێنمایی بکەن بۆ شێوازی کشتووکاڵی سەرکەوتوو، هەروەها هاریکاری هەژارانیان دەکرد بە خواردن پێدان و یارمەتیدانی خاوەن مردووەکان و ئاشتەواییکردن لەنێوان ئەوانەی پێکەوە ناکۆکییان هەبوو، لە ڕەمەزاندا زەکات و سەرفیترەیان کۆدەکردەوە و دەیانگەیاندە هەژار و دەستکورتەکان. یەکێک لە لیژنەکانی ئەو ڕێکخراوانە سەرژمێری منداڵە بێسەرپەرشت و خێزانە بێ دەرامەتەکانی کردبوو، بۆئەوەی بەگوێرەی توانا و لێهاتنیان کاریان بۆ دابینبکەن، ئەوانەی کە پەککەوتوو بێ توانا بوونایە بەخێویاندەکردن.

زۆرێک سەریان سوڕدەما کاتێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا ئەوەیان دەخوێندەوە کە برایان داوای سنوردارکردنی موڵکایەتی زەوی دەکەن، واتە داوای ئەوەیان دەکرد زەوی لە موڵکدارەکان وەربگیرێتەوە و دابەشبکرێت بەسەر جوتیارەکاندا.

دکتۆر زەکەریا ئەلبیومی ئەوە دوپاتدەکاتەوە، کە کۆمەڵی برایان دەستپێشخەرییان هەبوو بۆ بانگەشەکردن بۆ سنووردارکردنی موڵکایەتی، ئیمام بەننا یەکەم کەس بووە کە دەنگی بەرزکردووەتەوە و لە یەکێک لە وانەکانیدا پرسیویەتی: خانەوادەی شای میسر خاوەنی چەند زەوی و زارن لە میسردا؟

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close