جیهانی ئیسلامی

وەزیری پەروەردەی ئیسرائیل: فڕۆکە جەنگیەکانمان دەبێت بۆمب بەسەر سەری منداڵانی غەززە بەردەنەوە

نەفتالی بێنیت وەزیری پەروەردەی ئیسرائیل پێداگری دەکات و بە میدیاکانی ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دەبێت بۆمب بەسەر سەری منداڵانی فەڵەستین بەربدەنەوە کە کۆلارە هەڵدەدەن بۆسەر “ئیسرائیل”.

لە کۆبوونەوەیەکی ئاسایشی ئیسرائیلدا ڕۆژی یەک شەممە ١٥ی تەموزی ٢٠١٨ تاوتوێی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو کرا و بێنێت وتووشیەتی “بۆچی تەقە لە هەرکەسێک ناکەن کە چەکی ئاسمانییان پێیە (کۆلارەیان پێیە) و هەڵیدەدەنە سەر کۆمەڵگاکانمان؟”

وەزیری پەروەردەی ئیسرائیل وتووشیەتی “هیچ تەگەرە و بەربەستێکی یاسایی نییە، ئیتر بۆچی ڕاستەوخۆ تەقە لەو کەسانە ناکرێت و بۆمبارانی ئەوان ناکرێت؟ ئەوانە تیرۆریستن مەبەست و نیازی جۆراوجۆریان هەیە”.

گادی ئیسینکۆت بەرپرس لە سوپای ئیسرائیلیش وتوویەتی “پێم وانییە کە تەقەکردن و کردنە ئامانجی گەنج و منداڵان ڕاست بێت”.

ئیسینکۆت بە بێنێتی-شی وتووە “ئایا تۆ پێشنیازی بەردانەوەی بۆمب بۆسەر باڵۆنە ئاگرینەکان و خانەکانی کۆلارە دەکەیت؟”، بێنێت-یش لە بەرامبەردا وتوویەتی کە سوپای ئیسرائیل دەبێت ئەو کارە بکات و بەرپرسەکەی سوپای ئیسرائیلیش وتوویەتی “من هاوڕانیم لەگەڵت و ئەوە دژی مۆراڵەکانی ئۆپراسیۆنەکانمە”.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە زۆرینەی ئەو کەسانەی کە کۆلارە هەڵدەدەن لەکاتی گردبوونەوەکاندا کە ناونراون (گەڕانەوەی مەزن)، منداڵانن.

گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکانی فەڵەستینیەکان ئەمساڵ لە ٣٠ی ئازارەوە بە چڕی دەستیانپێکردووە و لەوکاتەشەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٤٠ خۆپیشاندەری بێ چەکی فەڵەستینی کوژراون و شەهیدکراون، زیاتر لە ١٥ هەزاریشیان بریندارکراون کە برینی نزیکەی ٤٠٠یان سەختە، لە بەرامبەریشدا سوپا و هێزەکانی ئیسرائیل نەک کوژراویان نییە بەڵکو برینداریشیان نەبووە.

بەهۆی هەڵدانی کۆلارەوە لەلایەن فەڵەستینیەکانەوە بۆسەر کێڵگە و ڕەزی ئیسرائیلیەکان زیانی ملیۆنان دۆلار لە ئیسرائیل کەوتووە. غەززەش کە نزیکەی دوو ملیۆن کەس تیایدا دەژی ١٢ ساڵە گەمارۆی توندی لەلایەن ئیسرائیل و میسرەوە خراوەتەسەر و ٩٧٪ی ئەو ئاوەی کە دەستیان پێی دەگات بۆ خواردنەوە ناشێت، ڕێگری لە بردنی خواردن و سوتەمەنیش لەو دوو دەروازە سنوریەوە دەکرێت کە پێداویستی بۆ غەززە لێوە دەبرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close