جیهانی ئیسلامی

منداڵێکی تری غەززە بەدەستی ئیسرائیل شەهیدکرا

دوێنێ هەینی ١٣ی تەموزی ٢٠١٨ لە ١٠٠هەمین ڕۆژی بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی (گەڕانەوەی مەزن)دا لە سنوری غەززە لەلایەن قەناسەکانی ئیسرائیلەوە منداڵێکی تری ١٥ ساڵی غەززە شەهیدکرا.

بەگوێرەی سەرچاوەکان جگە لەو منداڵە ١٥ ساڵە، هەر دوێنێ زیاتر لە ٢٠٠ خۆپیشاندەری تر بە دەستی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل بریندارکراون.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ لە سنوری غەززە هەزاران هاووڵاتی خۆپیشاندەری فەڵەستینی گردبوونەوەی هەفتانەیان بەڕێوەبرد و گردبوونەوەکانیان پێینایە ١٠٠هەمین ڕۆژیەوە.

ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان چەند داواکارییەکیان هەیە وەکو، مافی بەدەستهێنانەوەی خاکە داگیرکراوەکانیان کە لە جەنگی ساڵی ١٩٤٨دا ئیسرائیل داگیریکرد. داواکارییەکی تریشیان ئەوەبوو کە گەمارۆکەی ئیسرائیل و میسر بۆسەریان (بۆسەر غەززە) بشکێنرێت.

لە ٣٠ی ئازاری ٢٠١٨وە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییانی غەززە لەژێر ناونیشانی (گەڕانەوەی مەزن)دا بەردەوامی هەیە و بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژییشەوە لەلایەن هێزەکانی سەر بە سوپای ئیسرائیلەوە لەوکاتەوە تا ئێستا نزیکەی ١٤٠ خۆپیشاندەری بێ چەکی فەڵەستینی کوژراون، و زیاتر لە ١٥ هەزار خۆپیشاندەریش برینداربوون کە برینی نزیکەی ٤٠٠ کەسیان سەختە.

لەناو کوژراوەکاندا ژن، منداڵ، پەرستار، ڕۆژنامەنوس هەن، لە بەرامبەریشدا هیچ سەربازێکی ئیسرائیلی نەک نەکوژراون بەڵکو برینداریش نەکراون.

غەززە لە ئێستادا دوو ملیۆن کەسی تێدا دەژی و ١٢ ساڵە لەژێر گەمارۆدایە، زیاتر لە نیو ملیۆنی ئەو دانیشتوانەشی ئاوارەی ناوچەکانی ترن و بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەکانی سوپای ئیسرائیلەوە ئاوارەبوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close