جیهانی ئیسلامی

٦٠٠ پەرلەمانتارەکەی تورکیا سوێندی یاساییان خوارد

دوو هەفتە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ڕۆژی شەممە ٧ی تەموزی ٢٠١٨ ئەو ٦٠٠ پەرلەمانتارەی کە توانییان ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ چوونە پەرلەمان بەدەستبهێنن، سوێندی یاساییان خوارد.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوای گۆڕانکاریی لە دەستووری تورکیادا ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا لە ٥٥٠ کورسییەوە بۆ ٦٠٠ کورسی زیادکرا، کە گۆڕانکارییەکە لە ڕیفراندۆمێکدا و بە دەنگی زۆرینەی خەڵکی تورکیا لە ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ پەسەندکرا.

بەهۆی ڕیفراندۆمەکەی ساڵی پارەوە گۆڕانکاری بنچینەیی لە دەسەڵاتەکانی تورکیا بە گشتی و سەرۆکایەتی بە تایبەتی هات، کە گۆڕانکارییەکانیش لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ٢٤ی حوزەیرانەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا توانی بە بەدەستهێنانی ٥٢.٥٩٪ی دەنگەکان و لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکە زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکە (٥٠+١) بەدەستبهێنێت، و لە ئێستاشدا زۆرینەی دەسەڵاتەکانی تورکیا لە دەستی ئەودایە.

بڕیارە ئەردۆغان ئەمڕۆ دوو شەممە ٩ی تەموز سوێندی یاسایی بخوات، بەوەش دەبێت بە سەرۆکی وڵات و سەرۆکی حکومەتیش، ئەمەش دوای هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی تورکیا بەپێی سیستمی نوێ.

بینالی یەڵدرم کە پێشتر سەرۆکی حکومەتی تورکیا بوو (سەرۆک وەزیران)، وەکو پەرلەمانتاری ئیزمیر سوێندی یاسایی خوارد و لەلایەن ئاک پارتیشەوە بۆ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کاندیدە.

هاوکات ئەردۆغان کە لەکاتی سوێندخواردنی یاسایی پەرلەمانتاراندا ئامادەبوو، بە پەرلەمانتارانی پارتەکەیی ڕاگەیاند “ئامانجی ئێمە پەرلەمانێکی بەهێزە، حکومەتێکی بەهێز و تورکیایەکی بەهێزە”.

ئاک پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا نەیتوانی زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانی بەدەستبهێنێت و ٢٩٥ کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا. بەڵام لەگەڵ هاوپەیمانەکەی کە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بوو لە هاوپەیمانی گەلان توانییان زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا بەدەستبهێنن کە ٣٤٤ کورسی بوو.

هاوکات پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) توانی ١٤٦ کورسی و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) توانی ٦٧ کورسی و ئیی پارتیش ٤٣ کورسییان بەدەستهێنا.

هەریەکە لە ڕومیسا کاداک ٢٢ ساڵ پەرلەمانتاری ئاک پارتی لە ئیستانبوڵ و دەرسیم داغ ٢٢ ساڵ پەرلەمانتاری هەدەپە لە ئامەد بچووکترین پەرلەمانتاری پەرلەمانی تورکیان. دەنیز بایکاڵیش لەسەر جەهەپە بەتەمەنترین پەرلەمانتاری پەرلەمانی تورکیایە و تەمەنی ٧٩ ساڵە، لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close