جیهانی ئیسلامی

ئایا ئەگەر درعا بکەوێت جەنگی سوریا کۆتایی دێت؟

“دکتۆر سەرەی تۆیە”، ئەم سێ ووشە وا دەرناکەوێت کە شۆڕشێکی بەدوادا بێت، بەڵام لە ٦ی ئازاری ٢٠١١ کاتێک چەند گەنجێک ئەم ووشانەیان لەسەر دیواری قوتابخانەکەیان لە درعا نوسی، شۆڕشێکی بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەو “دکتۆر”ەی کە ئەو گەنجانە مەبەستیان بوو بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا بوو، کە پێش ئەمیش هەریەکە لە حوسنی موبارەک سەرۆکی پێشووی میسر و بن عەلی سەرۆکی پێشووی تونس لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرابوون.

ئەو ووشە بێتاوانانەی سەر دیواری قوتابخانەکە پرسیاری ئەوەی هێنایە پێشەوە کە ئایا بەشار ئەسەد دوای لابردنی سەرۆکانی ئەو دو وڵاتە سەرەیەتی؟

ئەوەی لە درعاوە دەستیپێکرد بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێک کە دوای هەشت ساڵ هێشتا بەردەوامیی هەیە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس کوژراون و نزیکەی ١٢ ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون.

بەگوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سەرەتای دەستپێکی ئۆپراسیۆنەکانی باشووری سوریاوە زیاتر لە ١٣٠ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون.

دوای لەدەستدانی زیاتر لە ٨٠٪ی خاکی سوریا لە ماوەی چوار ساڵی یەکەمی جەنگی ناوخۆی سوریا، بەشار ئەسەد بە پشتیوانی ڕووسیا و ئێران و حیزبوڵای لوبنانی هاوپەیمانەکانی بەشێکی زۆری سوریای دوای کاولکردن و خستنەوەی قوربانییەکی زۆری گیانی کۆنترۆڵکردەوە.

دوای ڕاگەیاندنی کۆنترۆڵکردنی دڕندانەی غوتەی شەرقی ئەسەد هۆشداریدابوو کە درعا دوای ئەو غوتەی شەرقی سەرەیەتی، ئێستاش ئەگەر درعا بکەوێت پێدەچێت دەستپێکی کۆتایی جەنگی سوریا بێت.

ئێستاش بەپێی دواین ئامار لە ناوچەکانی باشووری سوریا و بەتایبەتی لە پارێزگاکانی درعا و قەنیترەوە، زیاتر لە ٢٧٠ هەزار کەس ئاوارەبوون و زۆربەیان بەرەو سنورەکانی ئوردن و بەرزاییەکانی جۆلان ڕۆشتوون کە بەشێکی زۆری بەرزاییەکانی جۆلان لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە، و هیچکام لە ئوردن و ئیسرائیلیش ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئاوارەکان نادەن.

ساڵی ڕابردوو هەریەکە لە ئەمریکا و ڕووسیا و ئوردن ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە درعا بەشێکبێت لەو ناوچانەی کە بە ناوچەی ئارام و ئاگربەست حساب بێت، بەڵام دوای بەردانەوەی ڕاگەیەندراو بەسەر درعادا و داواکردن لە چەکداران بە دانانی چەکەکانیان، لە ٢١ی حوزەیراندا سوریا بە بۆمبی بەرمیلی هێرشیکردە سەری.

هەرچەندە واشنتن دەڵێت کە ڕێوشوێنی پێویست دەگریتەبەر بۆ پاراستنی ئاگربەست لە ناوچەکانی باشووری سوریا، بەڵام پێناچێت ئەم قسانەی ئەمریکا ببنە ڕێگر لەبەردەم ئەو کۆمەڵکوژکردن و وێرانکارییەی لە باشووری سوریا ڕوودەدات، چونکە ئەمریکا سەبارەت بە غوتەی شەرقیش لە مانگی شوبات هەمان شتی وت بەڵام دواتر جگە لەوەی قسەکەیی نەبردەسەر، زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ کەس لە ماوەی هەشت هەفتەدا کوژران.

بەگوێرەی ووتەی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئێستا زیاتر لە سێ یەکی هاووڵاتییانی باشووری خۆرئاوای سوریا بەهۆی شەڕ لەو ناوچاونە ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە. محمد حەواری وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاژانس فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، “پێشبینی دەکەین کە ژمارەی ئاوارەکان بگاتە ٢٠٠ هەزار کەس”.

ژنێکی ئاوارە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە “ئێمە ماڵ و منداڵ و هەموو شتێکمان لەدەستدا. خواردنمان دەستناکەوێت، ئاومان بۆ خواردنەوە و شۆردنی دەستەکانمان دەستناکەوێت”.

پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا لەو شوێنەوە کە شۆڕش و ناڕەزایەتییەکانی سوریا دەستیپێکرد، هەر لەوێوە کۆتایی بە شۆڕش و ناڕەزایەتییەکان دەهێنرێت؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close