جیهانی ئیسلامیمێژوو

حەسەن بەننا – بەشی دووەم: بانگەوازی ئیسلام لە چایخانەکاندا

ئەوەی کە ئیمام بەننا لە دیاردەکانی هەڵوەشان و خراپەکاری لە قاهیرە بینیی بۆی دەرکەوت کە تەنیا گەیاندنی ئیسلام و فێرکردنی لە مزگەوتەکاندا بۆ خەڵک بەس نییە، بەڵکو پێی وابوو کە ئەوانەی لە چایخانەن زیاتر پێویستیان بە بانگەواز و ئامۆژگارییە، تا ئەوانەی لە مزگەوتن، چونکە ئەوانە پەیوەندییان لەگەڵ ئایین زیاتر کاڵبووەتەوە و دەمێکە لە ئامۆژگاریی بڕاون، جا بۆچی ئامۆژگاریکردنەکە نەگوێزرێتەوە بۆ لایان؟ ئەمە دەرخەری داهێنەریی عەقڵی ئیمام بەننا بوو.

بەننا ئەم بیرۆکەیەی بۆ کۆمەڵێک لە هاوەڵانی لە (دارالعلوم) و لە زانایانی (ئەزهەر)یش پێشنیازکرد، کە بچن بۆ چایخانە و شوێنە گشتییەکان و لەوێ پەیامی خۆیان بگەیەنن، ئەم ئەزموونە سەرکەوتنێکی چاکی بەدەستهێنا و بوویە هاندەریان کە لەسەری بەردەوامبن.

هەروەها لقی تریشیان لێ جیابوویەوە، کە لە پشووی هاویندا لە شار و دێهاتەکاندا کاری بانگەوازیان ئەنجامدەدا، بەمەش بوونە جێگای متمانەی خەڵک و بە جوانی باسیان دەکرا و هەر لەمەیشەوە لە کۆڕەکانیاندا لەسەر شێوازی جوان دواندنی خەڵک ڕاهاتن.

ئیمام بەننا لە چاییخانەکاندا پەیوەندی بە خەڵکەوە دەکرد و بەرەو مزگەوتی دەبردن، هەوڵی دەدا هەنگاو بەسەر خاڵە جیاوازەکانی نێوان خەڵکدا بنێت، لەکاتێکدا ئەو جیاوازییانە لە کۆمەڵگەی ئیسلامیی ئەو سەردەمەشدا باوبوون.

حەسەن بەننا لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٠٦ لە مەحمودیە لە میسر لەدایکبووە و ناوی تەواوی “شێخ حەسەن ئەحمەد عەبدولڕەحمان محمد ئەلبەننا”یە و لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە مانگی ئازاری ١٩٢٨ بزوتنەوەی (برایانی موسڵمان/ئیخوان موسلیمین)ی دامەزراند، کە لەوکاتەدا تەمەنی تەنیا ٢٢ ساڵ بوو. چەندین کتێبی هەیە، لە ١٢ی شوباتی ١٩٤٩ دا لە قاهیرەی پایتەختی میسر شەهیدکراوە.

وا دەردەکەوێت کە بیرۆکەی دامەزراندنی (برایان) لە مێشکی ئیمام بەننادا لەوکاتەوە کە لە (دار العلوم) بوو گەڵاڵە بووبێت، چونکە کاتێک داوایلێکرا داڕشتنێک بنوسێت لەسەر ئەوەی کە (دوای تەواوکردنی خوێندن ئاوات و هیواکانی ژیانت چیین؟) نوسیبووی (گەورەترین ئاواتم دوای تەواوکردنی خوێندن دوانن: یەکێکیان تایبەتی و ئەوی تریان گشتییە. ئاواتە تایبەتییەکەم ئەوەیە چەندە بتوانم خێزان و خزمەکانم بەختەوەر بکەم، ئاواتە گشتییەکەشم ئەوەیە کە ببمە مامۆستایەکی ڕێنیشاندەر، بە ڕۆژ بە فێرکردنی منداڵانەوە خەریکبم و شەویش بۆ فێرکردنی گەورەکان تەرخانبکەم.. ئامانجی ئایین و سەرچاوەی بەختەوەرییان بە ووتاردان و گفتوگۆکردن و نووسین و پەڕاودانان و بە گەڕان و گەشتکردن بۆ ڕوونبکەمەوە).

کلیک لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close