مێژوو

چەند زانیارییەک لەبارەی پلانەکانی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی ئیسلامی و جێبەجێکردنیەوە

ئەو بارودۆخە نێودەوڵەتییەی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بەسەر جیهانی ئیسلامییدا سەپێنرابوو، بەمشێوەیە بوو:

– لە ساڵی ١٨٩٧ی زاینی دووەم کۆنگرەی زایۆنی لە بازل بڕیاری کارکردنی دا بۆ لابردنی سوڵتان عەبدولحەمید و کۆتاییهێنان بە دەوڵەتی خەلافەت، چونکە سوڵتان ڕازیی نەبوو فەڵەستین بە جولەکە ببەخشێرێت، هەرچەندە هرتزل خۆی پێشنیاری کرد کە سەد ملیۆن لیرەی زێڕ وەک دیاری بدرێت بە سوڵتان و سەد ملیۆنێش وەک قەرزێکی بێ سوود، بە مەرجێک دەوڵەت قەیرانی ئابووریی هەبوو.

– لە ساڵی ١٩٠٥ی زاینیدا کۆنگرەی کامبڵ لە لەندەن بەسترا کە هەموو دەوڵەتە داگیرکەرەکانی وەکو هۆڵەندا و بەریتانیا و فەڕەنسا و بەلجیکا و ئیسپانیا و پورتوگال و ئیتاڵیای تیا بەشداربوون، کە هەموویشیان دەستیانکردبوو بە داگیرکردنی وڵاتانی ئیسلامیی و بڕیاری ئەوەیاندا هەر لایەکیان هەر وڵاتێکیان داگیرکردووە دەست بەسەریدا بگرێت و چەندی تریشیان بۆ داگیردەکرێت داگیریبکەن، خەلافەتی ئیسلامیی کۆتایی پێبهێنن و لەجێیدا ڕژێمی عەلمانیی چەشنی ڕۆژئاوا دامەزرێنن و دەوڵەتی ئیسرائیلیش لە فەڵەستین دامەزرێت، تاکو گەلانی ناوچەکە بە کێشەکانی خۆیانەوە سەرگەرم ببن و بواریان نەبێت تا بیر لە دامەزراندنی خەلافەت بکەنەوە.

– لە ساڵی ١٩٠٩ی زاینیدا بە نەخشەی سێ پیلانگێڕی ڕۆژئاوا و جولەکە و ماسۆنیزم سوڵتان عەبدولحەمید-یان لەسەر کار لابرد، کە بۆ بەرگریکردن لە فەڵەستین کێوێکی دامەزراو بوو، بەم لابردنەش یەکەم ئامانجی خۆیانیان دەستەبەرکرد.

– لە ساڵی ١٩١٤ی زاینیدا بەهۆی پارتی (اتحاد و ترقی)یەوە کە پارتێکی عەلمانی ڕۆژئاوایی بوو، دوای سوڵتان عەبدولحەمید کاروباری وڵاتی دەبرد بەڕێوە، دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانیی یەکەم ئاڵێنرا، کە سەرئەنجامەکەی پارچەپارچەکردنی ئەو دەوڵەتە و سڕینەوەی لەسەر نەخشە لێکەوتەوە، بەمەش داگیرکەران دووەم ئامانجی خۆیانیان هێنایەدی.

– لە ساڵی ١٩١٦ی زاینی، هەردوو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و فەڕەنسا پەیماننامەی سایکس پیکۆ-یان واژووکرد، کە بەپێی ئەو پەیماننامەیە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییان لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد.

– لە ساڵی ١٩١٧ی زاینیدا، بەریتانیا بەڵێنی (بەلفۆر)ی ڕاگەیاند و تیایدا بڕیاردرابوو کە فەڵەستین بدرێت بە جوولەکە و دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر پێشێلکردنی مافی گەلی فەڵەستین دامەزرێت.

– لە ساڵی ١٩٢٣ی زاینی کودەتاچییانی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەتاتورک لەگەڵ دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکاندا پەیماننامەی لۆزانیان واژووکرد، تاکو لە تورکیا بە تەواوی پەردە لەسەر ئایینی ئیسلام دابدرێتەوە و ببێتە دەوڵەتێکی عەلمانی، ڕۆژئاوا ئاسا، چ لەڕووی دەستوور و یاساوە و چ لەڕووی خوێندن و زمان و کەلتورەوە.

– لە ساڵی ١٩٢٤ی زاینیدا خەلافەتی ئیسلامی بە شێوازێکی فەرمی وەلانرا. بێگومان لەو بارودۆخە سەختەدا موسڵمانان خۆیان لەبەردەم ڕووداوێکی گەورەدا بینییەوە، بێ خەلافەت و بێ سەرکردە مانەوە، نیشتمانیان بە پارچەپارچەکراویی لەژێر پێی دەوڵەتاندا بوو، شەریفی مەککە لە حیجاز خۆی بە جێنشین (خەلیفە) دەناساند و مەلیک فوئادی میسریش دەیوت: ئەو شایستەترە بە جێنشینێتی و ئاغا خان لە هیندستان بە هەمانشێواز بیریدەکردەوە.

بەمەش خەلافەتی موسڵمانان لە یاسا و دەوڵەتێکی فەرمانڕەوای گەورەوە بوو بە بوکەشوشەیەک بەدەستی ئینگلیز و داگیرکەرانی ترەوە، بە مەیلی خۆیان یارییان پێدەکرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close