جیهانی ئیسلامیمێژوو

حەسەن بەننا – بەشی یەکەم: دامەزراندنی کۆمەڵی برایانی موسڵمان

دوای جەنگی جیهانیی یەکەم کۆمەڵێک لە زانا و خەمخۆران و بیریاران لە قاهیرە کۆبوونەوە و کۆمەڵی لاوانی موسڵمانیان پێکهێنا.

جا لەو کەش و هەوایەدا حەسەن بەننا لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ لەگەڵ سیان لە هاوەڵانیدا هەندێجار دەگریان بۆ لەناوچوونی دەوڵەتی خەلافەت و ئەو بارودۆخەی کە ئوممەتی ئیسلامیی تێکەوتبوو، لە هەمانکاتدا بیریان دەکردەوە کە چی بکەن باشە، تا فریای ئوممەت بکەون و لەو هەڵدێرە سامناکە ڕزگاری بکەن.

جا لەو حاڵەتە دەروونییەی کە ئەم لاوە تیایدا دەژیا بۆمان دەدوێت و دەڵێت:
“مەگەر خودا بزانێ کە چەندەها شەو شەونخونیمان کردووە و باسی ئەو بارودۆخەمان دەکرد کە ئوممەتی تێکەوتووە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، نەخۆشییەکانمان شیدەکردەوە، چارەسەریانمان باس دەکرد، هەندێجار دەستماندەکرد بە گریانی بەکوڵ بۆ ئەو بارودۆخەی کە تێیکەوتبووین، جاری وا هەبوو سەرسام دەبووین کاتێ کە خۆمان دەبینی لە حاڵەتی دەروونیی ئاواداین، دۆستان و هاوڵاتیانی سەرگەردانیش لە چایخانە و یانە گەندەڵ و ناپوخت و نالەبارەکاندا گرنگترین کاتەکانی تەمەنیان بەسەردەبرد”.

ئینجا ئاماژە دەکات بۆ ئەو بڕیارەی کە خۆی و سێ هاوەڵەکەی لە ساتێکی مێژووییدا لەسەری ڕێککەوتن و دەڵێت “بێگومان ئەو ڕووداوانە کارلێکی زۆری هەبوو لەسەر دڵ و دەروونم و سەرنجی ڕاکێشام بۆئەوەی بە گەرموگوڕی دەستبدەینێ و ڕێبازی خۆ دروستکردن بگرینەبەر، دوای ئەوەی بێداربووینەتەوە، پێویستە دوای لێکۆڵینەوە خۆمان ڕێکبخەین”.

ئا بەو شێوەیە لە ساڵی ١٩٢٨ی زاینی ئەو ساتە مێژووییە سەرەتا بوو بۆ گۆڕانێکی بەرچاو کە بە خەمخۆریی حەسەن بەننا دروستبوو، وە بووەهۆی بەرەوپێشچوونی پرۆژەی ئیسلامیی بە شێوەیەکی شارستانیی و ژیاری نوێ و تازەکردنەوەی دنیای موسڵمانان بە نوێکردنەوەی تێگەیشتن لە ئیسلام.

بەننا بە موسڵمانانی دەوت “ئەی برایانی موسڵمان، بەتایبەتی ئەوانەتان کە زوو هەڵدەچن و پەلەتانە، وەرن یەک بڕیاری ڕوون و دڵنیابەخشم لێوەربگرن: ئەم ڕێگە و ڕێبازەی ئێوە گرتووتانەتەبەر، نەخشەی بۆ کێشراوە، سنورەکانی دیاریکراوە، منیش بڕیارمداوە سەرپێچی لەو سنورانە نەکەم کە دڵنیام چاکترین نەخشە و بەرنامەیە بۆ گەیشتنە ئامانج، بەڵێ ڕەنگە ڕێگە و ڕێبازێکی دوور و درێژبێت، بەڵام چارە سنییە، چونکە ڕێگەی تر نییە، پیاوی پیاوانەش بە خۆگری و ماندوونەناسی و گەرموگوڕی و کاری بەردەوام دەردەکەوێت، جا ئەوەی دەیەوێت میوەکان پێش پێگەیشتنی لێبکاتەوە، یاخود گوڵەکان پێش کاتی خۆی بقرتێنێ، ئەوە من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵیدا نیم، و من پێم باشە کە ڕووبکاتە کۆمەڵێکی تر، بەڵام ئەوەی خۆی دەگرێ تا تۆوەکە گەشە دەکات، درەختەکە دەڕوێت و کاتی لێکردنەوەی بەرەکەی دێت، ئەوە پاداشتی لەسەر خوای گەورەیە، بێگومان بێبەشمان ناکات لە یەکێ لەو دوو سەرئەنجامە: سەرکەوتن و دەسەڵات، یاخود شەهیدبوون و بەختەوەری”.

بەڵێ ئەو پیاوە خۆی گرت و زۆرێکێش لەگەڵیدا خۆیانگرت، پێشەوا و ڕابەرانیش بەدوایدا هاتن، هەتا تۆوەکان ڕووان و درەختەکان گەشەیانکرد، ئەوەتا ئێستا دەبینین ئەو کۆمەڵەی ئەو دایمەزراند کاروانی بێداریی ئیسلامیی لەژێر سێبەرەکەیدا لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای زەویدا کاری بەردەوامی خۆی دەکات و بە کارکردن بۆ ئایینی خودا ئاسودە دەبێت.

نوسینی: محمد مهدی عاکف – ڕابەری گشتیی برایانی موسڵمان – ٥ی شوباتی ٢٠٠٨

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close