جیهانی ئیسلامی

ئەمریکا و بەریتانیا لە میدیاکانیانەوە چیت لەبارەی جەنگی یەمەنەوە پێناڵێن؟

بەهۆی هێرشەکانی ئەمدواییەی هاوپەیمانێتییەکەی سعودیە و ئیماراتەوە لە بەندەری شاری حەدیدە لە یەمەن، زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لەو شارە ئاوارەبوون و ژیانی نزیکەی ٢٢ ملیۆن یەمەنیش لە مەترسیدایە چونکە پشتیان بەو بەندەرە بەستووە وەکو دەروازەی سەرەکیی لە هێنانی هاوکارییە مرۆییەکان و تاکە ڕێگای بازرگانی بوو.

بەگوێرەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە جەنگی یەمەندا کوژراون کە لە ئێستادا جەنگی یەمەن پێی ناوەتە چوارەم ساڵییەوە و نزیکەی ٨٠٪ی دانیشتوانی یەمەنیش پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)یش شەڕ و پێکدادانەکانی یەمەنی بە “جەنگە لەبیرکراوەکە” ناوبردووە.

میدیاکانی ڕۆژئاوا جەنگی یەمەنیان بە شێوەیەک بۆ خەڵکەکەیان وێنا کردووە وەک ئەوەی کە جەنگی نێوان میلیشیا حوسیەکانی سەر بە ئێران و یەمەنییەکان بێت، بەڵام تەرکیزیان نەخستووەتە سەر ئەمریکا و بەریتانیا کە بە بەهای ملیاران دۆلار چەک بە وڵاتانی کەنداو دەفرۆشن و هاوکاریی سەربازییان دەکەن بۆئەوەی لە وڵاتە هەرە هەژارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕ و جەنگی پێ هەڵگیرسێنن.

شیرین ئەلئادەمی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی ویلایەتی میشیگان لەوبارەیەوە وتوویەتی “خەڵکی نازانن کە تا چ ڕادەیەک حکومەتەکانیان بەشدارن لە دروستکردنی ئەو دۆخەی یەمەندا. بە شێوەیەکیش شیکاری بۆ شەڕەکە کراوە کە ئەو شەڕە تەنیا شەڕێکە و ڕوودەدات بۆ کەسانێک کە لەگەڵ یەکتری بەشەڕدێن و جەنگێکی مەزهەبییە، و جەنگێکی وەکالەتی نێوان سعودیە و ئێرانە”.

لە دەستپێکی جەنگەکەوە لە ساڵی ٢٠١٥، ئەمریکا و بەریتانیا بە بەهای زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلار چەکیان تەنیا بە سعودیە فرۆشتووە، هەروەها ئەمریکا سوتەمەنی بۆ فڕۆکەکانی سعودیە و ئیمارات لە ئاسماندا دابیندەکات، و ئەمریکا و بەریتانیاش یارمەتی سعودیە دەدەن لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کە بوونەتەهۆی کوشتنی سەدان هاووڵاتی مەدەنی.

ساڵی ڕابردوو کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی چەند خولەکێک باسی شەڕەکەی کردووە بەڵام تەنیا ڕەخنەی لە سعودیە گرتووە و تاکە جارێکیش باسی ڕۆڵی ئەمریکا، ئەو چەکانەی بە سعودیەی دەفرۆشێت و هاوکاری و پاڵپشتیی لۆجستی و سەربازیی ئەمریکای لە شەڕی یەمەندا بۆ سعودیە نەکردووە.

کەناڵی (ئێم ئێس ئێن بی سی)ی ئەمریکی کەمتر لە چوار خولەک باسی جەنگی یەمەنی کردووە. ئەلێکس ئیمۆنس لە ئینتەرسێپت وتوویەتی “شکستی ڕۆژنامەنوسان جێگای شۆکە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close