جیهانی ئیسلامی

ئەردۆغان: کاتی ئەوەیە کە تەرکیزمان لەسەر داهاتووی تورکیا بێت

دوای یەکلابوونەوەی نزیکەی ١٠٠%ی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و سەرکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەو هەڵبژاردنەدا، ئەردۆغان ڕایگەیاند کە چیتر کاتی ئەوەیە کە تەرکیزیان لەسەر داهاتووی تورکیا بێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، “کاتی ئەوەیە کە تەرکیزمان لەسەر داهاتووی تورکیا بێت و کاتی ئەوەیە کە گرژییەکان وەلانێین” ئاماژەی بەوەش کرد ”هەوڵدەدەم وڵاتەکەم خۆشتر و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانم باشتر بکەم”.

ئەردۆغان ووتیشی “گەلەکەمان کارێکیان پێ سپاردووین. هیواداریشم هیچ کەسێک هەوڵی گومان خستنە سەر دەرەنجامەکان نەدات و زیان بە دیموکراسی نەگەیەنێت بۆ شاردنەوەی شکستەکانی”.

وتیشی “ئەم هەڵبژاردنە بووەتەهۆی بردنەوەی هەموو لایەک، چونکە زیاتر لە ٩٠% خەڵک بەشداری هەڵبژدنەکانی کردووە، ئەمەش وانەیەکی بەهێزی دیموکراسیی داوتە هەموو دونیا”.

لە درێژەی قسەکانیدا ووتیشی “ئەمڕۆ ڕۆژێکی دیموکراسی بوو لە مێژووی تورکیادا، چونکە ٩٠% هاووڵاتیان بەشداریان کردووە، وڵاتانی تریش ڕێژەی بەشداریکردنیان ناگاتە ٤٠% بەڵام خۆیان بە دیموکرات دەزانن و بە چاوێکی ترەوە تەماشای تورکیای ئازاد دەکەن و چاویان بە سەرکەوتنەکانمان هەڵنایەت”.

باسی لەوەش کرد، “ئەم سەرکەوتنەی داد و گەشەپێدان ئەمڕۆ بەدەستیهێنا وادەکات ئێمە زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین و زیاتر کاربکەین بۆ گەشەپێدانی ئابووری تورکیا و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و دورخستنەوەی تورکیا لە بەڵای تیرۆر، و چەسپاندنی دادگای سەربەخۆ”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئەوانەی تورکیا بەرکادێنن بۆ کاری چەتەیی و تیرۆر سزای خۆیان وەردەگرن و ئەو ڕێگە دەگرینەبەر کە وڵات بەرەوە ڕووناکی دەبات”.

وتیشی “ئەمڕۆ هاوڵاتیانی تورکیا تەنها سەرۆکیان دەستنیشان نەکرد یان ٦٠٠ ئەندام پەرلەمانیان دیارینەکردووە، بەڵکۆ ئەمڕۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و نوێ بوو لە بواری ئیدارە و دەستوری نوێی وڵاتدا”.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەپێی ئەنجامە بەراییەکان ئەردۆغان سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا بەدەستهێناوە و تا ئێستا کە ٩٨.٨%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی جیاکراونەتەوە ڕێژەی دەنگی کاندیدەکان بەم شێوەیەیە، ئەردۆغان ٥٢.٦% و موحەڕەم ئینجە ٣٠.٨% و سەڵاحەدین دەمیرتاش ٨% و مێراڵ ئاکشینەر ٧.٥%.

هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیهانیش دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان پیرۆزبایی خۆیانیان ئاراستەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close