جیهانی ئیسلامیدونیا

ئایا ڕژێمەکەی سیسی بەرەو تیاچوون هەنگاو دەنێت؟

لە ساڵی ٢٠١٢ لە میسر بۆ یەکەمجار یەکەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بە شێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەچوو، کە تیایدا موحەمەد مورسی هەڵبژێردرا، کە ئەندامێکی ئیخوان موسلیمین بوو، بەڵام دوای یەک ساڵ مورسی بە کودەتای سەربازی لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی-یەوە لە دەسەڵات دوورخرایەوە و مورسی و سیاسی و زانا ئاینییەکانی لەگەڵ هەزاران ئەندامی تری ئیخوان موسلیمین خستە زیندانەوە.

بەم دواییانەش لە میسر خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەچوون، ئەوەش بەهۆی ناجێگیریی ئابووری و سیاسەتی ئەو وڵاتەوە، لە خۆپیشاندانەکاندا دەرکەوت کە خەڵکێکی بەرچاو لە ڕژێمی سیسی بێزار و وەڕزن و ئەو بێزاری و وەڕزییەش لە زیادبووندایە.

ئەنجومەنی شۆڕشی میسری لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە، کە ڕێکخراوێکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی سەربازی لە میسر، دژی کودەتای سەربازیی ساڵی ٢٠١٣ بوو دژ بە موحەمەد مورسی وەک یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێردراو بە شێوەیەکی دیموکراسی، هەروەها دژی هەر ڕژێمێکی تری سەربازییە. لەلایەن مەها عەزامەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

مەها عەزام سەرۆکی ئەنجومەنی شۆڕشی میسری دەڵێت، “ئەنجومەنی شۆڕشی میسری باوەڕی بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتیی مەدەنی هەیە لە میسر و، باوەڕی وایە کە لەکارلابردنی موحەمەد مورسی یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی میسر لە دەسەڵات تاوانێک بوو دژی گەلی میسر ئەنجامدراوە.”

عەزام دەشڵێت، “کاری ئێمە پەیوەندیی بە دەرەوە و ناوەوەی میسر هەیە، تا ئێستاش وەکو دەنگی بێدەنگەکان ماوینەتەوە.” وتووشیەتی، “ئێمە تا بتوانین خوش و براکانمان لە میسر دڵنیادەکەینەوە کە ئێمە لەپشتیانین و نابێت دەستهەڵگرن لەوەی کە ئەم ڕژێمە سەربازییە کۆتایی دێت، بەڵام هەنگاوی گرنگ هەن کە دەبێت بنرێن، ئەو هەنگاوانەش دەبێت لەلایەن ئەو کەسانەوە بنرێن کە لەناو میسردان و دەبێت لە کاتێکی دروستدا هەنگاوەکان بنێن.”

سەرۆکی ئەنجومەنەکە وتووشیەتی، “ڕژێمی سەربازیی میسر ڕژێمێکی دڕندەیە، بەڵام گەلی میسر پێویستە بەردەوامبن لە دژایەتیکردنی ئاشتیانەی ئەو ڕژێمە. بەهێزترین چەکی ئەوان ئەوەیە کە لە خەباتە سەختەکەیاندا بە ئاشتی بمێننەوە دژ بەم ڕژێمە.”

لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی میسرەوە عەزام وتی، “پێموایە ئەوە کاردانەوەیەکە کە نیشاندەری ئەوەیە کە بەربەستی ترس دەستی بە شکان کردووە، ئەو کۆماری ترسەی کە سیسی جێگیریکردووە هێشتا زۆر زۆر بەهێزە. هەربۆیە ژمارەیەک لە خەڵکی دەرپەڕین، بەڵام ئەوەش بەسبوو بۆئەوەی کە نیشانیبدەن کە خەڵک زۆر دژی ئەم ڕژێمەیە.”

هەر لەوبارەیەوە وتیشی، ئەو ڕژێمە بۆ مانەوەی دەبێت “تانکەکانی بەردەوام لەسەر شەقامەکان بن و لە زوڵم و بڵاوکردنەوەی ترس بەردەوامبێت، چونکە ئەگەر وانەکات، ئەوا لە ماوەی یەک ڕۆژدا نامێنێت.”

عەزام وتیشی، حەقیقەتی میسر ئەوەیە کە دیکتاتۆر لەدوای دیکتاتۆر “لە کار دووردەخرێنەوە یان دەکوژرێن،” ئاماژەی بەوەش کرد، “کەوتنی موبارەکمان بینی، کوشتنی ساداتمان بینی، مردنی ناسرمان بینی، بەڵام گرفتاریی گەلی میسر هەر وەک خۆیەتی.”

سەرۆکی ئەنجومەنەکە وتیشی، پرسەکە هەر پەیوەست نییە بە لابردنی سیسی-یەوە، “ئێمە دەبێت وانە لە ڕابردوو وەرگرین و” ئەوە بزانین کە پێویستە دەستووری “ڕژێمی گەنەڵ و دزراوی گەل” بگۆڕین. وتیشی، بۆیە وشەی “دزراو” بەکاردەهێنێت چونکە ٦٠%ی خەڵکی میسر لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، کە ئەوەش ژمارەیەکی زۆری خەڵکە. باسی لەوەش کرد، “ئەو خزمەتگوزارییە کەمەی تەندروستی کە لە میسر هەیە بۆ ئاژەڵیش گونجاو نییە.”

عەزام باسی لەوەش کرد، سیستمی پەروەردە زۆر لاوازە و شکستیهێناوە بۆ سەدەی ٢١، هەروەها ئازادیی سیاسی و دەربڕینی کۆمەڵگای مەدەنی بوونی نییە. ئەوەیشی خستەڕوو، “میسر لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە،” چونکە بەرژەوەندییە ئەمنییە نیشتمانییەکانی سازانی لەسەر کراوە. عەزام وتیشی، “سەرۆکی سەربازیی هاوپەیمانیی میسر لەگەڵ ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل زۆر خراپدایە، بە شێوەیەک کە پێشتر هەرگیز نەبووە.” باسی لەوەش کرد، میسر ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئاو دەبێتەوە بەهۆی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئەسیوپیا کراوە و بڕیارەکان لە میسر بەبێ هیچ بەرپرسیارێتییەک دەدرێن.

هەر لە درێژەی قسەکانیدا عەزام ئاماژەی بەوە کرد، “پەرلەمانی سەربەخۆ لە میسر بوونی نییە، سیستمی دادوەریی سەربەخۆ بوونی نییە و بڕیارەکان لەلایەن یەک کەسەوە دەدرێن و زیانەکانیش نەک تەنیا بۆ بەرژەوەندیی ئەم نەوەیە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندیی نەوەکانی داهاتووشن.”

لەبارەی چۆنێتی ڕاستکردنەوەی دۆخەکەوە عەزام باسی لەوە کرد، “تاکە گەرەنتی سیستمێکی دیموکراسییە کە ڕێگە بە بەشداریی تەواو و لێپرسینەوە بدات و سیستمێکی سەربەخۆی دادوەری هەبێت و بڕیارەکانیش لە بەرژەوەندی گەل بدرێن و شەڕی دژی گەندەڵی بکرێت و پرۆگرامێکی ئابووریی ڕوون هەبێت.”

هەروەها باسی لەوەش کرد، یەکێک لە هەرە گرنگترین ئاماژەکانی گۆڕانکاری کە هیوا بە هەموو لایەک دەبەخشێت هەڵبژاردنەکانی تونس و ئەو پرۆسە دیموکراتییە بوو کە بەڕێوەچوو، کە تیایدا خەڵک بژاردەی خۆیانیان خستەڕوو، “بەڵام بەداخەوە لە کەیسی میسردا ئەو چانسەمان هەبوو، لە ٢٠١٢ میسرییەکان پیاوێکیان هەڵبژارد کە گەندەڵ نەبوو، مەدەنی بوو، لە دەرەوەی دامەزراوە سەربازییەکان بوو، دەستپاک بوو و چاکسازیی دەویست و دەیویست دەوڵەمەندەکان باج بدەن، هەروەها دیدگایەکی ڕوونی هەبوو بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانیی میسر.”

عەزام وتیشی، سوپا بە هاوکاری و پاڵپشتیی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەستوەردانی کردووە.

لەبارەی ئیخوان موسلیمینەوە وتی، “پێموایە ئیخوان موسلیمین تەواوکەری کۆمەڵگان و نوێنەرایەتی بیرۆکەیەک دەکەن، ئەو بیرۆکەیەش ناتوانرێت لەڕێگەی خەفەکردن و سەرکوتکردنەوە تێکبشکێنرێت. ڕژێمە عەرەبییەکان پێیانوایە کە ئیخوان موسلیمین دوژمنە، چونکە زۆر باش دەزانن کە ئیخوان موسلیمین بانگەشەی بیرۆکەیەک دەکات کە لەسەر ئیسلام بونیادنراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، وەک لە میسر و وڵاتانی تر بینیمان، ئەوان ویستیان یاری بە یاسای یاریی دیموکراسی بکەن، ئەوەیش ڕژێمە دیکتاتۆرە عەرەبییەکانی ترساند، چونکە ئەم ڕژێمانە دەیانەوێت بمێننەوە و نایانەوێت لێپرسینەوەیان لێبکرێت، هەربۆیە ئیخوان موسلیمین وەک هەڕەشەیەک دەبینن. بێگومان ئێستا دەبینین ئەو ڕژێمانە دژایەتی هەرکەسێک دەکەن کە دژایەتییان دەکات، جا ئیتر ئیخوان موسلیمین بێت یاخود لیبراڵ و عەلمانی بێت جیاوازیی نییە.”

هەر لەبارەی ئیخوانەوە وتیشی، “ئیخوان موسلیمین وەک بەشێکی سەرەکیی کۆمەڵگاکان دەمێنێتەوە و ناتوانرێت پشتگوێبخرێن، ئەوان هیوای ملیۆنان کەسن، پێموایە ئەو بیرۆکەیەی کە پێیوایە ئیخوان موسلیمین گەورە و بایەخدار نییە، ناڕاستە. پێموایە تەنانەت ڕۆژئاواش زۆر باش ئاگاداری ئەوەیە، هەر پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی سیاسیی دیموکراسی پێویستە گەورەترین بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو وڵاتەی تیادابێت.”

لەبارەی دۆخی سیاسەتی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە عەزام وتی، “لەو باوەڕەدام کە گەلەکەمان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەست نادادگەرییەکی توندی سیاسی و ئابوورییەوە دەناڵێنێت. سەربەخۆییمان نییە و باوەڕیشمان وایە سەربەخۆین، بەڵام لەڕاستیدا سەربەخۆ نیین. لە تەواوی جیهانی عەرەبیدا دەسەڵاتە دەرەکییەکان یاری بە بەرژەوەندی و داهاتووی گەلەکانمان دەکەن، ئەوەش لەڕێگەی ئەو ڕژێمانەوە کە نوێنەرایەتیی گەلەکانیان ناکەن.”

سەرۆکی ئەنجومەنەکە وتیشی، پێیوایە دەستپێکی ئەو سیستمی ناسەربەخۆیی و بوون بە کلکی دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا “دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دەستیپێکردووە.” وتیشی، “دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ بەردەوامیدان بوو بە داگیرکاری بە هەموو مانایەک. ئەمڕۆ ئیسرائیل پاڵپشتیی هەندێک لە هەرە زیانبەخشترین ڕژێمەکان دەکات و ئاراستەیان دەکات.”

لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە عەزام وتی، “هەندێک دەڵێن کە لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە گۆڕانێک دەبینن، نەخێر، ئەمریکا دڵنیایە لەوەی کە لایەنەکانی تر کارەکانی بۆ دەکەن. زیاد لەوەش، ئەمریکا لایەنگیریی ئیسرائیل دەکات و پێیوایە کە دەتوانێت بیانپارێزێت لە توڕەیی گەلەکەیان.”

باسی لەوەش کرد، “ئێمە ئێستا لە دۆخێکی زۆر زۆر مەترسیدارداین لە ناوچەکەدا، بەڵام لە هەمانکاتدا باوەڕم وایە کە ڕژێمەکان لاوازترینن، چونکە بە ڕاست و چەپدا بەدوای هاوپەیماندا دەگەڕێن لەناو دوژمنەکانی گەلەکانیاندا، بەڵام سەرەنجام ئەوە بەکارناخوات و چونکە سەرەنجام ئێمە (گەل) زۆرینەین. سەرەنجام ئەمە خاک و سامانی ئێمەیە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close