مێژوو

قازی موحەمەد.. ئەو سەرکردەی بۆ خەڵكەکەی ژیا و لەنێو خەڵکەکەشیدا شەهیدکرا

ڕۆژی ٣٠ی نیسانی ١٩٤٧ ڕۆژێکی ڕەشە لە مێژووی کورد دا، کە تیایدا پێشەوا قازی محەمەد سەرۆک کۆماری کۆماری کوردستان لەلایەن حکومەتی پەهلەوی ئێرانەوە لە مەیدانی چوارچرای شاری مهاباد لەسێدارەدرا، واتە لە هەمان ئەو مەیدانەی کە کۆماری کوردستانی تێدا ڕاگەیاند بۆ یەمەکجاریش لە مێژووی کورد دا ئاڵای کوردستانی لەو مەیدانەدا هەڵکرد.

جەواهیر لال نەهرۆ، یەکەمین سەرۆک وەزیرانی وڵاتی هیند، کە بە نزیکترین کەس دادەنرێت لە ماهاتما گاندی ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ئەو وڵاتەوە لەبارەی کەسایەتیی قازی محەمەدەوە دەڵێت “قازی محەمەد کەسایەتییەکی هاوشێوەی ماهاتما گاندی بوو بۆ کورد و ناوچەکە، بەڵام بە لەسێدارەدانی ڕێگەی پێنەدرا ڕۆڵی زیاترببینێت”.

قازی محەمەد ساڵی ١٨٩٣ لە شاری مهابادی خۆرهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، باوک و باپیرانی قازی محەمەد هەموویان خوێندەوار و لە کەسایەتییە ئایینی و ڕۆشنبیرەکانی مهاباد و ناوچەی موکریان بوون.

هەر لە تەمەنی گەنجێتیدا دوای مردنی باوکی بووە قازی شاری مهاباد و هاوکات پۆستی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ئەوقافی مهابادی پێدرا و بۆ یەکەمجاریش خوێندنگەیەکی تایبەت بە ژنانی لە شاری مهاباد دامەزراند.

دوای ئەوەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ناسراو بە کۆمەڵەی ژێکاف لەلایەن ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرانی ئەو کاتی کوردەوە دامەزرا، قازی محەمەد بووە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە و زۆری نەخایاند بووە ناسراوترین ئەندامی کۆمەڵەکە و دواتریش لەسەر هەمان رێبازی کۆمەڵەی ژێکاف لەساڵی ١٩٤٥دا حیزبی دیموکراتی کوردستانی دامەزراند.

چەند مانگ دواتر و لە ٢٢ی کانونی دووەمی ١٩٤٦ کۆماری کوردستانی لە مهاباد دامەزراند و لەلایەن حیزبی دیموکراتیشەوە وەک سەرکۆماری کۆماری کوردستان دیاریکرا، کۆماری کوردستان تەنها ١١ مانگی خایاند و لە ١٧ی کانونی یەکەمی ١٩٤٦دا و دوای هێرشی سوپای ئێران بۆ سەر کوردستان ڕووخا و قازی محەمەدیش خۆی ڕادەستی سوپای ئێران کرد.

سەرچاوە مێژووییەکان لەبارەی هۆکاری خۆبەدەستەوەدانی قازی محەمەدەوە باس لەوەدەکەن کە قازی محەمەد ترسی ئەوەی هەبووە هێزەکانی سوپای ئێران بە هەمان شێوەی ئازەربایجان لە کوردستانیش ڕەشەکوژی بکەن و خەڵکی مەدەنی زۆر بکوژرێت، بۆیە بەو مەرجە ئامادە بووە خۆی بەدەستەوە بدات کە سوپای ئێران خەڵکی مەدەنی و بێتاوان نەکوژن.

ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە مەلا مستەفا بارزانی و تەنانەت نوێنەرێکی یەکێتیی سۆڤییەتیش داوایان لە قازی محەمەد کردوە، وەک پەنابەر بچێتە یەکێتی سۆڤییەت، بەڵام قازی محەمەد ڕەتیکردوەتەوە و وتوویەتی ئامادەنیم لە ڕۆژە ناخۆشەکاندا خەڵکەکەم بە تەنها جێبهێڵم.

یەکێک لەو تاوانانەی کە لەدادگادا رووبەڕووی قازی محەمەد کرابووەوە پەنادان بوو بە چەکدارانی بیانی، کە مەبەستیان مەلا مستەفا بارزانی و کوردانی باشوری کوردستان بوو، بەڵام بە وتەی ئەو دادوەرەی قازی محەمەدی دادگایی کردوە قازی محەمەد زۆر ئازایانە وەڵامی تۆمەتەکانی دادگای داوەتەوە و رایگەیاندوە کوردستان ماڵی هەموو کوردێکە و کوردەکان بیانی نین بەڵکو ئەوە ئێرانییەکانن لە کوردستان بیانین.

بەپێی بەڵگەنامەکان لەکاتی لەسێدارەدانی دواین داواکاری قازی محەمەد لە بەرپرسانی دادگا ئەوە بووە بەپێچەوانەی نەریتە باوەکان چاوەکانی دامەپۆشن بۆ ئەوەی لەدواین ساتەکانی ژیانی بە سەربەرزییەوە سەیری وڵاتەکەی بکات و هەست بکات بە مردنی ئەو بەڵێنەی بە خەڵکەکەی دابووی، جێبەجێی کردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close