بیروڕا

سیاسه‌تكاری دیندار یان دینداری سیاسه‌تكار؟

گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ سیاسه‌ت و حوكمڕانی به‌شێكی گرنگی ئایینی ئیسلامه‌ و، له ‌شه‌ریعه‌تدا بایه‌خ و پێگه‌ و ئه‌حكامی ڕۆشن و دیاری هه‌یه‌؛ به‌ڵام كێ ئه‌م به‌شه‌ی شه‌ریعه‌ت ئه‌نجامبدات؟

ئه‌مه‌ قسه‌ هه‌ڵئه‌گرێ، یان به‌ واتایه‌كی تر ئه‌م به‌شه‌ی شه‌ریعه‌ت ئه‌ركی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی موسڵمانه‌ و ئه‌حكامی (موجته‌مه‌عی) ئه‌یگرێته‌وه‌ و پاش ئاماده‌كاری ته‌واو دێت. واته‌،

ده‌بێت كه‌سه‌كان و تاكه‌كان په‌روه‌رده‌ بكرێن له‌ڕووی عه‌قیده‌ و ئه‌خلاقه‌وه‌، ئینجا به‌ كۆمه‌ڵ و به‌ شێوازی (كۆمه‌ڵیه‌تی) و به ‌ڕێكخراوه‌یی هه‌ستن ئه‌حكامی حوكمڕانی بۆ به‌رپاكردنی عه‌داله‌ت، ئاسوده‌ییی و یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕابگه‌یەنن و پیاده‌یبكه‌ن.

لێره‌وه‌ ماوه‌ی (١٣) ساڵی مه‌ككه‌ و ده‌ورانی قۆناغی نهێنی و ئاشكرای ئه‌و ماوه‌یه‌ بریتیبوو له‌ قۆرخكردن و، ته‌نها خستنه‌وه‌ی بایه‌خ به‌ په‌روه‌رده‌ی تاك و چه‌سپاندنی ئیمان و ڕه‌فتار و ئه‌خلاق له‌ سنوری تاكه‌ كه‌سه‌كاندا. به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست ببه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆیان، سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌. ته‌نانه‌ت (٣٦٠) بت له‌ كه‌عبه‌ی پیرۆزدا به ‌سه‌لامه‌تی مابوونه‌وه‌ و هه‌رگیز نه‌مانبینی ئیبراهیم ئاسا (علیه‌ السلام) بتێك بشكێنن. ئه‌ركیان پێكهێنان و بنیاتنانی تاكه‌ كه‌سه‌ ئیمانداره‌كان بوو، له‌باره‌ی عه‌قیده‌ و ئیمان و له‌باره‌ی ڕه‌وشت و به‌ها و ئه‌خلاقه‌وه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ له‌ مەككه‌دا نه‌ (زه‌مینه‌ی) هه‌بوو نه‌ (زه‌مانی) هاتبوو، به‌ڵام‌ ده‌بینی له‌ مه‌دینه‌دا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، چوونه‌ ناو به‌رنامه‌ی كاروباری و ئیداره‌ و ده‌وڵه‌تدارییه‌وه‌، وه‌كو كردنه‌وه‌ی مزگه‌وت و دانانی ده‌ستووری مه‌دینه ‌و كرانه‌وه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ به ‌گشتی و نه‌خشه‌كێشانی ئیداره‌ی شاره‌كه‌. لێره‌دا ئه‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ به‌بێ ئاماده‌كاری نابێ بچینه‌ قۆناغی ئه‌حكامی موجته‌مه‌عی.

به ‌كێ ئه‌م بابه‌ته‌ پیاده‌ ده‌كرێ؟

به ‌كه‌سه‌ په‌روه‌رده‌كراوه‌كان، واته‌ به ‌كه‌سه‌ دینداره‌كان ئه‌ركی ڕاپه‌ڕاندن و سیاسه‌تیان پێ ئه‌سپێردرێ، چونكه‌ ئاینداری و ئیمانداری بنه‌ڕه‌تی كاره‌كه‌یه ‌و سیاسه‌ت مه‌سه‌له‌یەكی پسپۆڕی فه‌رعییه‌.

سیاسه‌ت له‌ بازنه‌ی ئیجتیهادات و گۆڕاوه‌كاندایه‌ له‌ لایه‌ك و، له‌ سنوری پسپۆڕی و لێهاتن و شاره‌زاییدایه‌ و (فه‌رزی كیفایه‌ – فرض الكفایة)یه‌ له‌ لایه‌كی تر و مامه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به ‌گشتی ده‌كات.

به‌لام ئاینداری و په‌روه‌رده‌ی دینداری بۆ مرۆڤ (چ له‌ عه‌قیده‌ و چ له‌ ئه‌خلاقدا) له‌ بازنه‌ی نه‌گۆڕاوه‌كانه‌ و (فه‌رزی عه‌ینه‌ – فرض العین) و ئه‌ركی هه‌موو مرۆڤێكه‌.

به‌ كورتی، له‌ دیدی ئیسلامه‌وه‌ ده‌بێ تاك ئیماندار بێت و، ڕێژه‌ی زه‌روره‌ت و ئه‌ساس له‌ عه‌قیده‌ و ئه‌خلاق ته‌واوبكات له‌ كاروانی خه‌بات و تیكۆشاندا، ئینجا به‌گوێره‌ی توانا و پیشه‌ و پسپۆڕی و لێهاتنی موماره‌سه‌ی حیزبایه‌تی و، له‌ زه‌مان و زه‌مینه‌ی سروشتی خۆیدا ئه‌چێته‌ مه‌یدانی كاری سیاسی و پۆستی ده‌وڵه‌تداری، وه‌ك ئه‌ركێكی ئیمانی خۆی و پێداویست و ده‌رئه‌نجامی ئاییندارییه‌كه‌ی بۆ دابینكردنی عه‌داله‌ت و ڕێگرتن له‌ سته‌مكاری و پیاده‌كردنی ئه‌حكامی ده‌وڵه‌تداری و، به‌رپاكردنی حوكمێكی دادپه‌روه‌ر و هاوسه‌نگ بۆ خزمه‌تی گه‌ل و وڵات.

ئه‌وكات پێویسته‌ پێناسه‌ی سیاسه‌تكارێكی دیندار و دیندارێكی سیاسه‌تكار هه‌ریه‌كه‌و یه‌ك مانا ده‌به‌خشێت.

صلاح الدین محمـد بهاءالدین
نوسینەوەی: خالید عەلی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close