جیهانی ئیسلامیدونیا

یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان ئیدانەی زوڵم و ستەمەکانی حکومەتی چینی بۆ سەر موسڵمانانی ئویغور کرد

لە ڕاگەیەندراوێکدا یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان ئیدانەی زوڵم و ستەمەکانی حکومەتی چینی بۆ سەر موسڵمانانی گەلی ئویغور کرد، کە لە هەرێمی شینجیانگ لە وڵاتی چین نیشتەجێن و، تیایدا داوایانکردووە:

١- موسڵمانانی زیندانیکراو (کە زیاتر لە یەک ملیۆنن) ئازادبکرێن.
٢- ئازادی دینی بە هەموو خەڵک بدرێت و ڕێگەیان پێبدرێت کە پراکتیزەی دینەکەیان بە ئازادانە بکەن لەناویاندا ڕێگەبدرێت بە:
– دروستکردنی مزگەوت.
– وتنەوەی وانەی دینی لەبارەی دینەکەیانەوە.
– ڕێگەدان بە ئەنجامدانی نوێژی بەکۆمەڵ.
– ڕێگە بە موسڵمانان بدرێت کە بە شێوەیەکی ئازادانە گەشت بکەن بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە بەبێ هیچ سنوردارکردنێک.

یەکێتییەکە داوای لە سەرجەم موسڵمانان و گەلانی موسڵمان کردووە کە زۆر بە جدییەوە ئەم پرسە وەرگرن و شوێنپێی ئەو ڕووداوانە هەڵگرن کە ڕوودەدەن و بیگەیەنن بە دەسەڵاتدارانی چین و ئەو ڕێکخراوانەی مافی مرۆڤ کە پەیوەندییان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمانی گەلی ئویغور لە وڵاتی چین لەلایەن دەسەڵاتدارانی چینەوە لە کامپگەلێکدا بە ناوی کامپەکانی پەروەردەکردنەوە، کە هاوشێوەی کامپی نازییەکانە کە بۆ جولەکەیان دروستکردبوو، دەستبەسەرکراون.

لەناو کامپەکاندا موسڵمانان ناچاردەکرێن بە خواردنەوەی عەرەق و خواردنی گۆشتی بەراز و وازهێنان لە دینی ئیسلام و بەیعەتدان بە حزبی کۆمیۆنیستی چین (حزبی شیوعی چین). هاوکات منداڵانی ئەو ژن و پیاوانەشی کە براونەتە ئەو کامپانە، لە دایک و باوکیان دابڕێنراون و براونەتە هەتیوخانەکانی سەر بە حکومەتی چین و لەوێ لەسەر شیوعییەت پەروەردە دەکرێن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close