جیهانی ئیسلامی

یەمەن.. ئاماری قوربانیان و دۆخی ئێستای خەڵک

یەمەن، ئەو وڵاتەی کە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) لەگەڵ (شام/سوریا) پێش زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵ لەبارەیانەوە دەیفەرموو (اللهم بارك لنا في شامنا، اللهم بارك لنا في يمننا)، لە ئێستادا لەژێر ڕەحمی مووشەکی خوێنڕێژاندایە.

هەردوو وڵاتەکە ماوەی چەندین ساڵە لە گەلەکەیان دەکوژرێت و خوێنیان دەڕژێنرێت بەناوی وەدیهێنانی ئاشتی و ئازادکردنی خاکەکانەوە، بەڵام ئاشتییەک کە تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەز و ئازادکردنێک کە تەنیا گوفتاری سەر زارەکانە و چەندین ساڵە هیچی لێ سەوز نەبووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەریەکە لە سعودیەی عەرەبی و ئیماراتی عەرەبی هێرشەکانیان بۆسەر شاری حەدیدە لە یەمەن دەستپێکرد، و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداریدا لەوەی کە مەترسی لەسەر ژیانی ٢٥٠ هەزار هاووڵاتی حەدیدە هەیە.

هەریەکە لە سعودیە و ئیمارات بەناوی شەڕی دژی چەکدارانی حوسی هێرشەکان دەکەن (کە وەک باسدەکرێت حوسیەکان لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن).

کەناڵی جەزیرە باسی لەوە کردووە کە ئەو جەنگەی سعودیە و ئیمارات دەستیانپێکردووە لە شاری حەدیدە لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە، هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە هێزە زەمینییەکانی یەمەن پاڵپشتی سعودیە و ئیمارات دەکەن.

ئەو حکومەتەشی کە بە شێوەیەکی نێودەوڵەتی دانیپێدانراوە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە کە هەموو “هۆکارێکی سیاسیی و ئاشتیخوازییان” لەبەردەستدایە بۆ وەدەرنانی میلیشیا حوسیەکان لە بەندەری حەدیدە و “ئازادکردنی بەندەری حەدیدەش دەبێتە خاڵی بنچینەیی تێکۆشانەکەمان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی یەمەن”.

ئەوەش لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “ئازادکردنی بەندەری حەدیدە دەستپێکی شکست و کەوتنی میلیشیا حوسیەکان دەبێت”، و دەستی ئێران دەبڕێتەوە کە بە وتەی حکومەتی یەمەن ماوەیەکی زۆرە بەهۆی چەکەکانیەوە خوێنی پیرۆزی یەمەنی ڕشتووە.

بەپێی کەناڵی ئەلعەرەبیەی ئیماراتی، هێزەکانی یەمەن کۆنترۆڵی باشووری شاری نەخیلەیان کردووە.

بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، بەهۆی هێرشەکانی هاوپەیمانێتیی وڵاتانی عەرەبی کە سعودیە سەرۆکایەتی دەکات (و ئەمریکاش هاوکاری و پاڵپشتی لۆجستی دەکات) لە مانگی ئازاری ٢٠١٥وە زیاتر لە ١٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی یەمەن کوژراون.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا باسی لەوە کرد کە قەیرانی مرۆیی یەمەن خراپترین قەیرانی مرۆییە لە جیهاندا، بە جۆرێک کە خواردن و سوتەمەنی و پێداویستی پزیشکی دەستناکەون یان بە زەحمەت دەستدەکەون.

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری حەدیدە و دەوروبەری نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەس دەژین و زیاتر لە ٢٥٠ هەزاریان لەوانەیە بەهۆی ئەو هێرشەوە کە دەستیپێکردووە هەموو شتێک لەدەستبدەن “بە ژیانیشیانەوە”.

نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کردووە کە شاری حەدیدە زۆرترین ژمارەی خەڵکی نەخۆشی لە یەمەن تیادایە کە زیاتر لە ٧٠%ی دانیشتوانەکەیەتی، بەتایبەتی منداڵان و مەترسی بەدخۆراکیشیان لێدەکرێت.

ڕێکخراوی یونیسێفیش باسی لەوە کردووە کە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار منداڵ لە شاری حەدیدە ژیانیان لە مەترسیدایە و بە ملیۆنان کەسیش پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە.

هەر بەهۆی جەنگی یەمەنەوە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس ئاوارەبوون، ئەمە جگە لە دابڕانی ملیۆنان خوێندکار لە خوێندن و قەیرانە جۆراوجۆرەکانی تری یەمەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close