جیهانی ئیسلامی

بەمەبەستی نەخشاندنەوەی، تورکیا قوتابخانەی ئیسلامیی زیاتر دروستدەکات

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە دەیەوێت “نەوەیەکی دیندار” بۆ گۆڕینی گەلی تورکیا دروستبکات.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەمە کردووە و نوسیویەتی، حکومەت “پارە هەڵدەڕێژێت بۆ ئەو قوتابخانانەی کە بەها ئیسلامییەکان فێری فێرخوازانیان دەکەن”.

لەسەر گردێکەوە کە بەسەر ئیستانبوڵدا دەڕوانێت قوتابخانەیەکی دینیی هەیە، کە ٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا کوڕێکی بچکۆلە وانەی ئیسلامی تێدا خوێندووە، ئەو کوڕە بچکۆلەش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بوو.

قوتابخانە ئیسلامیەکە یەکێک بوو لە یەکەمین قوتابخانەکانی ئیمام خەتیب کە لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ پەروەردەکردنی گەنجان دروستکرا بۆئەوەی ببن بە ئیمام و کەسی بانگخواز.

لە سەرەتای خوێندنی ئەکادیمیی ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨ لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٧دا ئەردۆغان گەڕایەوە بۆ قوتابخانە کۆنەکەی کە ئێستا ناوەکەی گۆڕاوە بۆ (ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی ئەنادۆڵی ئیمام و خەتیب)، و لەوێ باسی لە “ڕۆژە سەختەکان”ی ژیانی منداڵیی و ئەو ڕۆحیەتەی قوتابخانەی کرد کە قوتابیەکانی بەرەو سەرکەوتن دەبرد.

ئەردۆغان ووتی “ئامانجی هاوبەشی هەموو پەروەردە و سیستمی فێرکردنی ئێمە بەرهەمهێنانی خەڵکی باشە، خەڵکانێک کە ڕێز لە مێژوو، کلتور و بەهاکانیان بگرن”. وتیشی “یەکێک لە ئامانجەکانم داڕشتنی نەوەیەکی دیندارە کە کار بۆ بونیادنانی شارستانیەتێکی نوێ بکەن”.

بەگویرەی سەرچاوەکانی ڕۆیتەرز، بودجەی تەرخانکراو بۆ قوتابخانە ئیسلامییەکان (بۆ خوێندکارانی کوڕ و کچی تەمەن ١٤ بۆ ١٨ ساڵ) لە ساڵی ٢٠١٨دا، بۆ شەش ملیار و ٥٧٠ ملیۆن لیرەی تورکی (کە دەکاتە ملیارێک و ٦٨٠ ملیۆن دۆلار) بەرزکراوەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٢وە پەروەردەی قوتابخانە ئیسلامییەکان زیاتر فراوانکراوە و بۆ قوتابیانی ١٠ بۆ ١٤ ساڵیش زیادکراوە، بەوەش ژمارەی قوتابییەکان بۆ ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار قوتابی بەرزبووەوە کە لە زیاتر لە چوار هەزار قوتابخانەدا دەخوێنن. هاوکات حکومەت پلانی داناوە کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا ١٢٨ قوتابخانەی تری ئیسلامی تەواوبکات و دروستکردنی ٥٠ قوتابخانەی هاوشێوەی تریشی خستووەتە پلانەکانییەوە. هەروەها تورکیا پەروەردەی دینیی لە قوتابخانە حکومییەکانی دەوڵەتیشدا زیادکردووە.

بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٨ کە کەمتر لە هەزار قوتابخانەی ئیسلامی هەبووە لە ئێستادا ئەو ڕیژەیە بۆ زیاتر لە چوارهێندە (زیاتر لە چوار هەزار قوتابخانەی ئیسلامی) زیادیکردووە و ژمارەی قوتابییەکانیشی بە ڕێژەی ١٢% زیادیکردووە.

خەرجی حکومەت بۆ پەروەردەی دینیی بۆ هەر قوتابییەک بەپێی پلانی بودجەی ٢٠١٨ زیاتر لە ١٢ هەزار و ٥٠٠ لیرەی تورکییە، بۆ هەر قوتابییەکی پیشەگەری تەکنیکی نزیکەی حەوت هەزار و ٥٠٠ لیرەی تورکییە، و بۆ قوتابیی تر نزیکەی پێنج هەزار و ٥٠٠ لیرەی تورکییە.

ڕاوێژکارێکی حکومەتی تورکیاش باسی لەوە کردووە کە “ئیسلام بەزۆر بەسەر خەڵکیدا ناسەپێنرێت و کەسیش بەزۆر ناچار ناکرێت بچێتە قوتابخانە ئیسلامییەکان، بەڵکو ئێمە تەنیا دەرفەت بەو خێزانانە دەدەین کە دەیانەوێت منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە ئیسلامییەکان”.

لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئاک پارتی-یەوە و لەسەر بنچینەی ئەو باکگراوندی ئیسلامی ئەردۆغان، لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە ڕەخنەگران ئەردۆغان بەوە تۆمەتباردەکەن کە هەوڵی لەباربردنی دەوڵەتە سێکیولارەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورک دەدات کە لە ساڵی ١٩٢٣دا دایمەزراند و هەوڵی لاوازکردنی پایەکانی ئەو دەوڵەتە لەڕووی سەربازی و دادوەری و میدیاییەوە دەدات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، حکومەتەکەی ئاک پارتی لە ئساتی باڵادا ئەولەویەتی داوە بە پەروەردەکردن بە شێوەیەک بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٣ کە بودجەی تەرخانکراوە بۆ وەزارەتی پەروەردە ٦.٩% بووە بەرزیکردووەتەوە بۆ ١٢.٣%.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، تورکیا لەڕووی خوێندنی زانستەکان، ماتماتیک و خوێندنەوە بەراورد بە ڕابردوو گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، و ئەردۆغان لە ئێستادا هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە تا ساڵی ٢٠٢٣ تورکیا بخاتە ناو یەکێک لە ١٠ وڵاتە گەورە ئابووریەکەی جیهانەوە، کە لە ئێستادا یەکێکە لە ٢٠ یەکەمین گەورەترین خاوەن ئابووری بەهێز.

ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، قوتابخانە ئیسلامییەکان لە شار و شارۆچکەکانی سەرانسەری تورکیادا دەبینرێن، چ دەوڵەمەند نشین بن چ هەژار نشین.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە تورکیا دوای نزیکەی سەدەیەک لە ئەزموونکردنی دەسەڵاتی عەلمانی هیچی لێ سەوز نەبوو، خەڵکەکەی لە هەژاری و نەداریدا دەژیان و بە هەموو شێوەیەک لە چەندین ئەرکی ئاینی قەدەغەدەکران، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٢ و دۆخەکە گۆڕا و بە گەڕانەوەی مافەکانی تاک و لەناویاندا مافی دینیی ڕووی لە بەهێزبوون کرد، بە شێوەیەک پەروەردەی دینیی تاکی دڵسۆز وڵاتی تورکیای بەرەو هاوچەرخبوونێکی ئێجگار خێرا برد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close