جیهانی ئیسلامی

تورکیا.. لەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران چی دەگۆڕێت؟

بڕیارە ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچن، و لە ئێستاشدا پرۆسەکە لە وڵاتانی دەرەوە بە بەشداری زیاتر لە سێ ملیۆن دەنگدەری تورکی بەڕێوەدەچێت، کۆی گشتی دەنگدەرانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتیش نزیکەی ٦٠ ملیۆن دەنگدەرن، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران چی دەگۆڕێت؟

بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا کە گەلی تورکیا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە یەک کاتدا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکەکەیان و ئەندامانی پەرلەمانیان دەدەن، لەدوای هەڵبژاردنەکانیش سەردەمێکی نوێ دێتە ئاراوە.

موحەمەد چەلیک سەرنوسەری سیاسیی میدیایی لەوبارەیەوە دەڵێت “هەڵبژاردنەکان خاڵی وەرچەرخان دەبن، لاپەڕەیەکی نوێ دەکاتەوە لە سیاسەتی تورکیادا”.

لە نیسانی ساڵی ٢٠١٧دا ڕیفراندۆمێکی نیشتمانی بەڕێوەچوو و خەڵک دەنگیان بۆ چاکسازی لە دەستوردا دا بە ٥١.٤١٪ دەنگی بەڵێ و ٤٨.٥٩٪ دەنگی نەخێر.

تورکیا لە ئێستادا سیستمێکی پەرلەمانیی سێ لقیی هەیە، بەپێی سیستمی ئێستا ئەو پارتەی کە زۆرینەی پەرلەمان بەدەستدەهێنێت دەسەڵاتی تەشریعی/یاسادانان (پەرلەمان) و دەسەڵاتی تەنفیزیی/جێبەجێکردن (سەرۆک و سەرۆک وەزیران و کابینەی حکومەت)ی بەدەستەوەدەبێت، و دەسەڵاتی دادوەریش سەربەخۆیە.

بەڵام لە سیستمە نوێیەکەدا کە لە دوای ٢٤ی حوزەیرانەوە جێبەجێدەکرێت، پۆستی سەرۆک وەزیران نامێنێت و دەسەڵاتەکانی دەدرێت بە سەرۆکی وڵات کە پێنج ساڵ لە دەسەڵاتدا دەبێت.

چی تر دەگۆڕێت؟

سەرۆکی وڵات، سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی دەسەڵاتی تەنفیزی/جێبەجێکردن دەبێت، و پەرلەمانیش بەرپرسیار دەبێت لە پرۆسەی تەشریعی/یاسادانان.

سەرۆکی وڵات هەریەکە لە جێگرانی سەرۆک و وەزیرەکان و پۆستە باڵا خزمەتگوزارییەکان دیاریدەکات، هەروەها ناچارنییە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزبەکەیدا بپچڕێنێت، کە لە سیستمی پێش ٢٤ی حوزەیراندا سەرۆک بەپێی یاسا ناچار بەم کارە دەکرا.

لە سیستمی نوێدا، پێشکەشکردنی بودجە کار و بەرپرسیارێتی سەرۆک دەبێت، بەڵام پێش جێبەجێکردنی پێویستی بە قبوڵکردنیەتی لەلایەن پەرلەمانەوە. هەرچەندە سەرۆک دەتوانێت پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە بەڵام باجیشی هەیە چونکە سەرۆک خۆیشی دەبێت ئەوکاتە هەڵبژێردرێتەوە.

هۆکاری ئەوەیش کە دەبێت سەرۆک لەکاتی هەڵوەشانەوەی پەرلەماندا هەڵبژێردرێتەوە ئەوەیە کە هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی پێویستە لە یەک ڕۆژدا بەڕێوەبچن.

لەدوای هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرانەوە پەرلەمانی تورکیا لەجیاتی ٥٥٠ پەرلەمانتار ٦٠٠ پەرلەمانتاری دەبێت و ٥٠ کورسی بۆ پەرلەمان زیاد دەبێت، و پێکەوە هەردوو سەرۆک و پەرلەمان پێکەوە کاردەکەن.

دادگا سەربازییەکان چیتر بوونیان نامێنێت، جگە لە هەندێک کەیسی تایبەتی نەبێت کە بەرپرسە سەربازییەکان تێوەگلابن لە کارێکی نایاسایی، هەروەها دادگا مەدەنییەکانیش دەسەڵاتی بڕیاردانی یاسایی و دادوەرییان دەبێت.

هەندێک لە شارەزایانی تورکیاش باس لەوە دەکەن کە ئەمە دەبێتەهۆی گۆڕانکارییەک بەو ئاراستەیەی کە زیاتر “دەستووری مەدەنی” بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close