جیهانی ئیسلامیدونیاكــوردستان

وەزیری بەرگریی ڕووسیا: هەسەدە پێش تەواوبوونی وادەی دیاریکراو ٣٠ کیلۆمەتر کشاوەتەوە

سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، هێزە کوردییەکانی سووریا پێش تەواوبوونی وادەی دیاریکراو ٣٠ کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا کشاونەتەوە.

شۆیگو ڕایگەیاندووە، “پاسەوانانی سنووری سوریا و پۆلیسی سەربازیی ئێمە چوونەتە ناوچەکانی نزیک لە سنووری تورکیا.”

لەلایەکی ترەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە تورکیا لە سووریا بۆردومانی ئوتومبێلە سەربازییەکانی ڕووسیای کردووە، بەڵام بەرپرسانی باڵای سەربازیی ڕووسیا ئەو دەنگۆیەیان ڕەتکردووەتەوە و ڕایشیانگەیاندووە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی سووپای ڕووسیا و تورکیا، ئامێرێک لە نزیک ئوتومبێلە سەربازییەکانی ڕووسیا تەقێنراوەتەوە.

ڕووسیا ڕایگەیاندووە، “ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، گوایە لە سنووری نێوان تورکیا و سووریا، هێزەکانی ڕووسیا کراونەتە ئامانج دوورە لە ڕاستییەوە.”

لەلایەکی ترەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە، “ڕووسیا پێیڕاگەیاندووین کە تیرۆریستانی یەپەگە و پەکەکە لە ناوچەی ئارام کشاونەتەوە.” ئاماژەی بەوەش کرد کە بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕووسیادا.

ئەردۆغان وتیشی، “هەمووان بە پلەی یەکەم چاویان لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوچە نەوتییەکانی سوریایە، جگە لە تورکیا.”

هاوکات میدیاکانی سەربە حکومەتی تورکیا لە وەڵامی ڕەخنەی میدیاکانی سعودییە لەبارەی ئۆپراسیۆنی کانیی ئاشتیی تورکیا لە باکوری سوریا بڵاویانکردووەتەوە، گرنگترین پاڵپشتی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیایە، کە [ڕژێمەکەی ئەسەد] منداڵ و ژن و کەسانی بەتەمەنی کوشتووە، بەڵام سعودییە پێشوازیی لێ دەکات و ڕێککەوتنی گرنگی لەگەڵدا واژۆدەکات.

میدیایەکی تورکیا باسی لەوە کردووە، ئەوانەی سەریری میدیاکانی سعودییە دەکەن، لەوانەیە وا بیربکەنەوە کە تورکیا لەگەڵ سعودییە لە جەنگدایە و تورکیا بۆمبارانی بنکە و بارەگا نەوتییەکانی سعودییە دەکات و تورکیا لە یەمەن چەک بە حوسییەکانی سەربە ئێران دەفرۆشێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە میدیاکانی سەربە حکومەتی میسر، ئیمارات، سعودییە و بەحرەین هەڵمەتێکی بەرفراوانی دژ بە تورکیا بەڕێوەدەبەن و پرسەکان زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەکەن، لەکاتێکدا کەمترین قوربانیی مەدەنی لە ئۆپراسیۆنەکەی تورکیادا هەبووە.

میدیاکانی ئەو وڵاتانە بە پێچەوانەوە چاویان لەئاست کردەوەکانی ڕووسیا و ڕژێمەکەی بەشارئەسەد نوقاندووە، تەنانەت میدیاکانی سعودییە نیو هێندەی ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا بۆسەر باکووری سوریا گرنگییان بە هێرشی چەکدارانی سەربە ئێران بۆسەر بنکە و بارەگا نەوتییەکانی سعودییە نەدا.

بە نمونە بەشار ئەسەد، کە تیرۆریستی ژمارە یەکی سووریایە هێشتا زیندووە. ڕژێمەکەی ئەسەد بەرپرسیارە لە کوژرانی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار هاووڵاتیی مەدەنیی، بە هەزاران کەس لەلایەن سوپا و چەکدارانی سەربە بەشارەوە لاقەکراون و ئەشکەنجەدراون تا مردن. هەروەها ١٠١ هێرشی کیمیایی دژی هاووڵاتییانی مەدەنی لەلایەن ڕژێمەکەی ئەسەد و گروپە چەکدارییەکانی سەربە ڕژێمەکەی ئەسەدەوە ئەنجامداوە، ٦.٧ ملیۆن کەس ئاوارەی دەرەوەی سووریا بوون و ٦.٢ ملیۆن کەس لە ناوخۆی سووریادا ئاوارەبوون. جگە لەمانەش دەیان هەزار خانوو و باڵەخانەی حکومی و مەدەنی لە سووریا وێرانبوون و سەدان هەزار منداڵ هەتیوکەوتن. سەرەڕای هەموو ئەم تاوانانەش هێزە کوردییەکانی سووریا لەگەڵ ئەم گەورە تیرۆریستەی سووریا ڕێکدەکەون و بە سەرکەوتنیش هەژماریدەکەن، لەکاتێکدا تیرۆریستانی داعش و سەرۆکەکەی هێندەی ڕژێمەکەی ئەسەد و ئەسەد خەڵکیان نەکوشتووە و ماڵوێرانییان ئەنجامنەداوە.

لە تورکیاش لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا کورد (کە هەدەپە نوێنەرایەتیی دەکرد) دەنگی خۆیی لە چەندین شوێن خستە پاڵ هاوپەیمانێتییەکەی جەهەپە و ئیی پارتی، هەدەپە داوایکرد کە جەهەپە و ئیی پارتی لە هاوپەیمانێتییەکەی جێگای بکاتەوە، بەڵام هاوپەیمانێتیی هەدەپەیان ڕەتکردەوە، کەچی هەدەپە هەر پاڵپشتیی جەهەپەی کرد و دواجار ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی بەربژێری جەهەپەی کرد بە سەرۆک شارەوانیی ئیستانبوڵ، کەچی ئیمامئۆغڵو پاڵپشتیی خۆی بۆ ئۆپراسیۆنەکانی سەر باکوری سوریا ڕاگەیاند و جەهەپە و سەرۆکەکەشی بە هەمان شێوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close