دونیا

دوای موسڵمانبوونی یوتیوبەرە کۆرییەکە دایکی لێی توڕەبوو

بەگوێرەی نوێترین پەیامی ڤیدیۆیی جەی کیم (داود کیم)، لەکاتێکدا کە بە دایکی دەڵێت موسڵمان بووە، لە بەرامبەردا دایکی توڕە دەبێت و بە “شێت” وەسفی دەکات.

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، جەی کیم سەرەتا دایکی لێی توڕە دەبێت و دەڵێت “تۆ شێت بوویت!” پێغەمبەریشمان (صلی اللە علیە وسلم) کاتێک بانگەوازی بۆ ئیسلامەکەی کرد یەکێک لەو شتانەی پێی وترا ئەوەبوو کە پێیانوت “شێت بووە!”

داود لە وەڵامی ئەوەی کە دایکی لێی دەپرسێت، ئایا ناتوانیت پەشیمان ببیتەوە؟ دەڵێت، نەخێر!

دوای چەند خولەکێک (وەک جەی کیم خۆی نووسیویەتی دوای ١٥ خولەک) لەم قسە ڕەقانەی دایکی، دایکی داوای لێبوردنی لێ دەکات و دەڵێت، “زۆر بێتاقەت بووم و هاوارم کرد بەسەرتا، داوای لێبوردن دەکەم. بە دڵنیاییەوە دەمزانی کە تۆ لەبارەی ئیسلامەوە ئەرێنی و پۆزەتیڤی. لەوکاتەشەوە کە پێت وتم کە دەتەوێت ببیتە موسڵمان، هەستم بەوە کردبوو کە ڕۆژێک دادێت دەبیتە موسڵمان. بەڵام هێشتا زۆر زووە بۆ بوون بە موسڵمان. تۆ تەنیا یەک ساڵە لەبارەی ئیسلامەوە دەخوێنیتەوە. پێموایە زۆر پەلەت کردووە، بۆچی بە تەنیا و بەبێ ئەوەی بە من بڵێێت بڕیارت داوە؟”

لە وەڵامی ئەو پرسیارەش داود دەڵێت، “داوای لێبوردن دەکەم کە پێم نەوتوویت، بەڵام ماوەیەکی زۆرە بیر لەمە دەکەمەوە.”

دایکی: پێت وایە لە کاتێکی گونجاو و دروستدا موسڵمان بوویت؟

داود: باسکردنی کاتی موسڵمانبوونەکەم مانادار نییە، چونکە کاتەکەی هەر کاتێک بێت ئەوە بژاردەی خۆمە و بەرپرسیارێتیی خۆمە. بەڵام دەتوانم پێت بڵێم کە هەرگیز لە موسڵمانبوونمدا پەلەم نەکردووە. بیرم لە ئیمان کردووەتەوە، لە ڕەمەزاندا بەڕۆژوو بووم، نوێژیشم کردووە (واتە ئەزموونەکانم پێشتر تاقیکردووەتەوە)، لەگەڵ موسڵمانانیش گفتوگۆم زۆر کردووە، دواتر لە خۆمم پرسیوە کە ئایا دەتوانم وەک موسڵمان بژیم؟ لەڕاستیدا کاتێک لەسەر دەستی ئەو ئیمامە موسڵمان بووم، یەکەم جارم نەبوو کە بیبینم، یەکەم جار کە بینیم پێم وت کە دەمەوێت موسڵمان ببم، ئەو پێی وتم کە ئایا ئەگەر ئیمان بێنیت دەتوانیت ئیسلام پراکتیزە بکەیت؟ وتی کە ئەگەر ئامادەیی ئەوەم تیادا نییە ئەوە باشترە کە زیاتر بیربکەمەوە. وتی کە دەبێت لە بڕیارداندا ئاگاداربم. هەر لەبەر ئەوە کاتێک کە بڕیاری تەواوم دا گەڕامەوە بۆلای (و موسڵمان بووم). پەلەم نەکردووە، پێش ئامادەبوونم.

دایکی: هەر بەڕاستی ئامادەی (بوون بە موسڵمانیت)؟ چونکە پێموایە لە بڕیارەکەتدا پەلەت کردووە. تۆ دەبێت لێکۆڵینەوەی زیاتر بکەیت و ئیمامەکە ببینیتەوە و دواتر بڕیار بدەیت. تۆ لەناکاو بڕیارت دا، بۆیە من توشی سەرسوڕمان بووم. من هەرگیز لە ژیانمدا موسڵمانی کۆریم نەبینیوە، بەڵام کوڕەکەی خۆم موسڵمانە، باوەڕ بەمە ناکەم! ئایا بوون بە موسڵمان لە کۆریادا قورس نییە؟

داود: بەڵێ ئامادەم، بەڵێ بە دڵنیاییەوە موسڵمانبوون لە کۆریا قورسە، کۆمەڵگای کۆری بڕیاری پێشوەختەی زۆری دژ بە ئیسلام هەیە.

دایکی: پێشتر لەگەڵت دانیشتم چونکە ویستم کە بچیت بۆ کەنیسە. بەڵام لەناکاو موسڵمان بوویت؟ ئەمە مانای نییە! تۆ ناتوانیت بە ئاسانی لەبارەی دینەوە بیربکەیتەوە، چونکە ئەوە هەڵبژاردنێکە بۆ تەواوی ژیانت. تۆ دووبارە لەدایکبوویتەتەوە، بەڵام ئایا دەتوانیت لەو ژیانەدا بژیت؟ من نیگەرانی ئەوەم. بە دڵنیاییەوە مرۆڤەکان تەواو نین (بێ عەیب و عار نین)، بە باشی هەوڵدەدەین تا باشتر بین. بەڵام ئایا تۆ لەڕووی دینییەوە ئامادەیت وەک موسڵمان ژیان بکەیت؟

داود: من هەرگیز بە شێوەی ڕوون لەبارەی ئیسلامەوە (بەم شێوەیە) بیرم نەکردووەتەوە، من زۆر جددیم، بەڵام هەندێک هەڵە تێگەیشتن هەیە، من باوەڕێکی بەهێزم بە اللە هەیە کە منی خەلق کردووە. هەموو شتێک لێرەوە دەستپێدەکات، ئەمە بابەتێک نییە بڵێین “ئۆی! من موسڵمانم! دەبێت لەبارەی ئیسلامەوە بخوێنم وەک زانایەک و خەڵکی سەرسامکەم!” مانای نییە کە من ژیانێکی سەخت و قورس بژیم بەو شێوەیەی تۆ بیردەکەیتەوە. پێموایە تۆ (دایکی) هەڵە تێگەیشتوویت.

دایکی: بەڵێ من نیگەرانم.

داود: من تەنیا بە ئیمانەوە شوێن اللە کەوتووم، ئەمە شتێکی قورس نییە (بۆئەوەی تۆ قبوڵیکەیت).

دایکی: تێدەگەم، تۆ تەنیا یەکێکیت لەوانەی باوەڕیان بە اللە هەیە. ئەی دەتوانیت واز لە خواردنەوەی عەرەق و خواردنی گۆشتی بەراز بهێنیت؟ بێگومان تۆ حەزت لە عەرەق نییە، بەڵام ئایا نەخواردنی گۆشتی بەراز مومکینە؟

داود: من بۆت ڕوون دەکەمەوە، من موسڵمانێکم کە باوەڕم بە اللە هەیە. اللە پێمان دەڵێت کە گۆشتی بەراز نەخۆین، بۆ ئەوەش هۆکارێک هەیە، ئێستاش من ئەو هۆکارە دەزانم، لەبەرئەوە ناتوانم گۆشتی بەراز بخۆم. تەنانەت ئەگەر بزانم تامەکەشی چۆنە و حەزیشم لێی بێت، ئێستا دەزانم کە بۆچی ناتوانم بیخۆم، لەبەرئەوە گۆشتی بەراز ناخۆم.

دایکی: هەر بەڕاستی دەتوانیت ئەوە بکەیت؟

داود: بە دڵنیاییەوە دەتوانم. دەزانم ئەمە ئاسان نییە، چونکە من پێشوەختە دەستم بە پراکتیزەکردنی کردووە، بەڵام ئەگەر نەتوانم ببمە موسڵمان لەبەرئەوەی لەم یاسایانە دەترسم، ئەوە بەهانەیەک دەبێت بۆ خۆم، منیش نامەوێت ئەوە بکەم (بەهانە بێنمەوە). هەموو ئەوانە شتانێکن کە دەتوانم بەسەریاندا زاڵبم. لەوە دڵنیام، هەر لەبەر ئەوەش موسڵمان بووم، لەبەر ئەوە نیگەرانی من مەبە.

دایکی: کەواتە لەم دینە دڵنیایت؟

داود: من خۆم ئەمەم هەڵبژارد چونکە قەناعەتم کردووە.

دایکی: ئایا هیچ خراپییەک (بۆسەر ژیانت) هەیە لە بوون بە موسڵمان لە کۆریا؟

داود: بە دڵنیاییەوە خراپیی تیایە (بۆسەر ژیانم)، بەڵام دەتوانم بەسەریدا زاڵبم. نیگەران مەبە ان شاء اللە. ئەگەر تەنانەت بە سەختیشدا تێپەڕین، ئەوە پلانی خودایە (قەدەرە)، دواتر اللە خۆی یارمەتیمان دەدات، چونکە ئەو باشترینی پلانداڕێژەرانە. ئەگەر باش یان خراپ بێتە ڕێم، ئەوە ویستی خوایە، نابێت ئێمە نیگەران بین!

دایکی: خودا تۆی لە ساتێکی دروستدا ڕێنوێنی کردووە؟

داود: بەڵێ ڕاستە، موسڵمان بوونیشم هەر لە پلانی ئەوە (اللەیە). موسڵمانان بەم شێوەیە بیردەکەنەوە، منیش بەو شێوەیە بیردەکەمەوە.

دایکی: بەهەرحاڵ من نیگەرانم، تۆ کوڕی منی. بەڵام ناتوانم زۆرت لێ بکەم، ئەمە ئەو ڕێگایەیە خۆت هەڵتبژاردووە، ناتوانم بۆ ئەو ئاراستەی خۆم دەمەوێت زۆرت لێ بکەم، چونکە تۆ بوکەڵەیەک نیت. ئەم ڕێگایە تەنیا هی خۆتە، من تەنیا دەتوانم چاودێریت بکەم. بەڵام نیگەرانم، ئەوەش دایکە ئیتر. بە باشی کارەکەت بکە چونکە ئەوە بژاردەی خۆتە، چونکە ئەوە تەنیا بۆ یوتیوب نییە.

داود: بێگومان ئەوە هەر ئەوە بوو کە من ویستم بیڵێم. تەنانەت ئەگەر ١، ٢، ٣ ملیۆن سەبسکرایبەری یوتیوبم هەبێت، ناتوانم لەگەڵ خۆم بیبەم کە دەمرم، بێگومان من لەڕێگەی یوتیوبەوە بە ئیسلام گەیشتم، بەڵام لەڕێگەی یوتیوبەوە زەبەلاحترین دیاریم دەستکەوت (کە ئیسلامە). دەزانم خودا لەگەڵ منە، ئەمە گرنگە.

دایکی: من دەترسم لەوەی کە تۆ سەبسکرایبی یوتیوبەکەت زۆرە و بینەرت زۆرە. بەناوبانگ بوون زۆر شتێکی مەترسیدارە.

داود: خۆت دەزانیت کە ناوبانگ و بەناوبانگبوون ساتێکە. بە خێرایی دێت و بە خێرایی دەڕوات. لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەوەیە کە من شوێن ویستی خودا کەوتبێتم. ئەگەر بتوانم لەڕێگەی موسڵمانبوونمەوە ڕۆحیەتی خەڵکی باشکەم، ئەوە من دڵخۆش دەکات. دەمەوێت بە ناموسڵمانان بڵێم کە موسڵمانان خراپ نین، ئەوانیش مرۆڤن وەک ئێمە. بەڕاستی من هیچم، بەڵام زۆر دڵخۆش دەبم ئەگەر کاریگەریی باش لەسەر خەڵک جێبێڵم، تەنانەت ئەگەر کاریگەرییەکە بچووکیش بێت.

دایکی: منیش هەر ویستم ئەوە بڵێم. پێم وایە خەڵکێکی زۆر تەماشات دەکەن، دەمەوێت کەسێکی باش بیت و کاریگەریی باش لەسەر خەڵک جێبێڵیت. گرنگ نییە کاریگەرییەکە بچووکە یان گەورە، هیوادارم بە شێوەیەکی ئەرێنی و پۆزەتیڤ کاریگەری بخەیتە سەر خەڵک. لوتبەرز و خۆبەزلزان مەبە، هەمیشە بەڕێز و خاکی بە. ئەمە لە مێشکت هەڵگرە، هەمیشە سوپاسگوزار و بەڕێزبە بەرامبەر ئەوانەی تەماشات دەکەن. ویستم ئەوە بڵێم، من هێشتا نیگەرانم، بە جددی نیگەرانم. دایک و باوکان ناتوانن گرەو لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، من ناتوانم هەڵبژاردنەکانت بگۆڕم. من چاودێریت دەکەم تا بزانم چۆن دەگۆڕێیت و چۆن دەژیت.

داود: هیوادارم نیگەران نەبیت، ئەمە هەڵبژاردنی خۆمە و دڵخۆشم. هیوادارم لەوە تێبگەیت. دەمەوێت دواجار شتێکت پێ بڵێم، من موسڵمان بووم، دینەکەمم گۆڕیوە، بەڵام ئەوە نەگۆڕاوە کە من هێشتا هەر کوڕی تۆم، من هێشتا خۆشمدەوێیت، خانەوادەکەمم خۆشدەوێت. هەرگیز خانەوادەکەم لەدەستنادەم، چونکە من باوەڕم بە ئیسلام هەیە، بۆیە نیگەران مەبە.

ئامادەکردن: کۆشش بێستانسووری

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close