جیهانی ئیسلامی

پێنج زانیاری لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە بزانە

لە ٧ی حوزەیرانەوە هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەستیپێکردووە و تا ١٩ی حوزەیران بەردەوام دەبێت، لە تورکیاش ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت، لێرەدا پێنج ڕاستی دەخوێنیتەوە کە لەوانەیە تا ئێستا نەتزانیبێت:

١- سیستمی سەرۆکایەتی
هەڵبژاردنەکان تورکیا لە قۆناغێکەوە دەبەنە قۆناغێکی تر، و سیستمی سەرۆکایەتی لەدوای ئەم هەڵبژاردنەوە دەگۆڕێت، ئەمەش دوای ئەوەی کە پێشتر و لە ڕیفراندۆمێکدا لە نیسانی ٢٠١٧ خەڵکی دەنگیاندا بۆ گۆڕینی سیستمەکە، و ٨٦٪ی خەڵکی بەشدارییان تیاداکرد کە ئەوەش لە ساڵی ١٩٨٨ەوە بەرزترین ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵکە لە یەکلاکردنەوەی پرسێک بە دەنگەکانیان.

٢- هاوپەیمانێتی
ئەمە یەکەمینجارە کە لە مێژووی تورکیادا بە یاسا پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردن. هاوپەیمانی گەل لە هەریەکە لە ئاک پارتی و مەهەپە و بی بی پی (پارتی یەکگرتووی مەزن) پێکهاتووە، هاوپەیمانی نەتەوەیی لە هەریەکە لە جەهەپە و ئیی پارتی و پارتی سەعادەت و پارتی دیموکراتی پێکهاتووە کە هاوپەیمانێتی نەتەوەیی تەنیا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانییە، و ١٠ پارت و لایەنی تریش بە جیا بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دەکەن.

٣- بەربەستی پەرلەمانی
پارتە کەمینەکان دەتوانن کورسی لە پەرلەمان بەدەستبهێنن ئەگەر هاوپەیمانێتییەکەیان بتوانێت لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنێت، ئەمەش وادەکات کە پەرلەمانی تورکیا زیاتر هەمەچەشنە بێت.

٤- کاندیدەکانی سەرۆکایەتی
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا شەش کاندید کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی دەکەن. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی گەلە، و پارتەکانی تر کاندیدی جیای خۆیانیان بۆ هەمان پۆست هەیە بەمشێوەیە: موحەڕەم ئینجە کاندیدی سەرۆکایەتی جەهەپەیە، مێراڵ ئاکشینەر کاندیدی سەرۆکایەتی ئیی پارتییە، سەڵاحەدین دەمیرتاش کاندیدی سەرۆکایەتی هەدەپەیە، تەمەل کەرەمولئۆغلو کاندیدی سەرۆکایەتی پارتی سەعادەتە، و دۆغو پێرینچێک کاندیدی سەرۆکایەتی پارتی وەتەنیەیە.

٥- سیستمی دوو قۆناغی
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا دوو قۆناغ هەیە، ئەگەر کاندیدێک ٥٠٪ + ١ی دەنگەکان لە قۆناغی یەکەم بەدەستبهێنێت ئەوە قۆناغی دووەم بەڕێوەناچێت و ئەو کاندیدە سەردەکەوێت، ئەگەریش هیچ کاندیدێت ڕێژەی ٥٠٪ + ١ بەدەستنەهێنێت ئەوە لە ٨ی مانگی داهاتوو (تەمووز) قۆناغی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان کاندیدی یەکەم و دووەم بەڕێوەدەچێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close