جیهانی ئیسلامی

لە سەرەتای جەنگی ناوخۆوە لە ٢٠١٨دا بەرزترین ئاستی ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی سوریا تۆمارکراوە

بەگوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ ١١ی حوزەیرانی ٢٠١٨ بڵاویکردووەتەوە، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٩٢٠ هەزار هاووڵاتی سوری لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا ئاوارەبوون.

پانۆس مۆمتازیس لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنوسانی وتووە “ئاوارەبوونێکی زەبەلاح لە ناوخۆی سوریادا بەدیدەکەین.. لە مانگی یەکی ئەمساڵ تا مانگی چوار، زیاتر لە ٩٢٠ هەزار کەس لە ناوخۆی سوریادا ئاوارەبوون”.

مۆمتازیس وتووشیەتی “ئەمە بەرزترین ئاستی ئاوارەبوونە لەو ماوە کورتەدا کە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریاوە بینیومانە”.

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەم شێوەیەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ناوخۆی سوریادا ئاوارەبوون دەگاتە زیاتر لە شەش ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس و لە وڵاتانی دراوسێش ژمارەی ئاوارە سورییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە پێنج ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس.

بەگوێرەی گوتەی مۆمتازیس، زۆرینەی ئەوانەی کە تازە ئاوارەبوون ناچارکراون بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و زۆرینەیان لە غوتەی شەرقیی و ئیدلیبەوە ئاوارەبوون.

بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریاوە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژراون و هەندێک سەرچاوەی تر باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە ٣٥٠ هەزار کەس لەو ماوەیەدا کوژراون، بەڵام مۆمتازیس دەڵێت “نیگەرانی ئێمە دۆخی ئیدلیبە، لەوانەیە قەیرانێکی خراپتر لەوەمان لە سوریا نەبینیبێت”.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتووشیەتی “جیهان دەبێت دڵنیایی ئەوە بدات کە سیناریۆی غوتەی شەرقی دووبارە نەبێتەوە”، کە دوای دوو مانگ لە هێرشی دڕندانەی سوپای ڕژێمی سوریا و دوای چەندین کۆمەڵکوژی و قوربانی و کاولکاری کۆنترۆڵکرایەوە.

وتووشیەتی “ئێمە نیگەرانی ئاوارەبوونی ٢.٥ ملیۆن کەسین کە زیاتر بەرەو سنوری تورکیا ئاوارەببن”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close