جیهانی ئیسلامی

لەسەر داخستنی حەوت مزگەوت و دەرکردنی دەیان ئیمام ئەردۆغان ئیدانەی نەمسای کرد

دوای ئەوەی سێباستیان کورز ڕاوێژکاری نەمسا بڕیاریدا کە حەوت مزگەوتی وڵاتەکەی دابخات و زیاتر لە ٤٠ ئیمامی مزگەوتەکانی ئەو وڵاتەش دەربکات، سەرۆکی تورکیا ئیدانەی ئەو کارەی کرد.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەخنەی لە سێباستیان کورز ڕاوێژکاری نەمسا (سەرۆک وەزیرانی نەمسا) گرتووە و لەوبارەیەوە وتوویەتی، تورکیا وەڵامی ئەو بڕیارەی حکومەتی نەمسا دەداتەوە.

ئەردۆغان لەکاتی بەشداریکردنی لە ئیفتارێکدا کە لە ئیستانبوڵ ڕێکخرابوو وتووشیەتی، “ئەو هەنگاوانەی کە سەرۆک وەزیرانی نەمسا ناویەتی جیهان لە جەنگی خاچپەرستەکان نزیکدەکاتەوە”.

کورز ڕایگەیاندووە کە ئەو کارەیان بەشێکە لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی “ئیسلامی سیاسیی”.

سێباستیان کورز ڕاوێژکاری نەمسایە کە هاوشێوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانە و لە ساڵی ٢٠١٥دا کاتێک وەزیری نەمسا بووە بۆ ئەوروپا پاڵپشتی ئەوەی کردووە کە “یاسا لە سەرووی ئیسلام”ەوە بێت.

لە وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی و لە فەڕەنسا و نەمسا و بەلجیکا و ئەڵمانیا بە تایبەتی دژایەتییەکی توندی ئیسلام و موسڵمانان و کۆچبەران دەکرێت، و هەوڵی قەدەغەکردنی سومبولە ئیسلامییەکان و ئەو ئەرکانە دەدرێت کە لەسەر موسڵمانان فەرزن، لەناویاندا حیجابپۆشین و ڕۆژووگرتن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close