بیروڕا

ئەم ماستانە موویان تێدایە!!

کەناڵی ڕووداو لەم مانگی ڕەمەزانەدا کۆمەڵێک بەرنامە پێشکەش بکات بۆ گومان خستنە دڵی موسوڵمانان لە ثوابت ی ئیسلام شتێکی هەڕەمەکی نییەو بێ مەرامەت نییە. ئەم ماستە موویەکی تێدایە!

هەموو ئەزانن ئەم کەناڵە سەر بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمە ، ئەی سەرۆکی حکومەت بۆ کێ ولە پێناو چیدا لەکەناڵەکەیەوە ئەم کارە ئەکرێت ؟ نازانم . ئەوەندە ئەزانم سەرۆکی حکومەت نابێ دژایەتی ئاین و موقەددەساتی میللەتەکەی بکات تەنانەت ئەگەر ئاینی کەمینەش بێ ، ئەی چجای ئەگەر ئاینی زۆرینەی ڕەهای میللەتەکەی بێ؟
کوا یەکێتی زانایان لەکوێیە دەنگ هەڵبڕێ بەرامبەر ئەم هێرشە بەرنامەڕێژکراوە دژ بە ئیسلام؟

کوان ئەومەلایانەی لەسەر لیستی پارتی خۆیان کاندید کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵی زیاتر ببینن؟ بۆ کەی هەڵتان گرتووە؟

حەفتەی پێشوو کابرایەکی دەمڕووتی نەزانیان هێنابوو گومان لەسەر بەهەشت و دۆزەخ دروست بکات ! ئەمجارەش مەلایکی بەحیساب صۆفی نەزان هاتووە گومان لەسەر شتێک دروست دەکات کەئیجماعی چواردەسەدەی موسوڵمانانی ئەهلی سوننەی لەسەرە کەلە سەدا نەوەدی موسوڵمانان پێک دێنن!

مەلایەکی صۆفی بڵێ تەراویح بیدعەیە شتێکی سەیرەو بێ مەرامەت نییە! بە چیش؟ بە پشت بەستن بە فەرمودە!

ئەمە مەنهەجی ئەهلی تصوف نییە ، چونکە صۆفییەکانی کوردستان شافعی مەزهەبن و تا فەتوای زانایانی مەزهەب وەستابێ ئاوڕ لە ئەهلی حەدیس نادەنەوە ، نەک لەبەر ئەوەی باوەڕیان بەفەرمودە نییە بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەڵێن فەتوا لە فوقەها وەرئەگیرێ نەک لە ئەهلی حەدیس.

ئەم قسەیە وەکو لە هی ئەهلی تصوف ناچێ لەقسەی کەسێکی شارەزا لە فقهیش ناچێ ، چجای مەلایەک کە عەمامەیەکی گەورەی بەستووە ، چونکە ئەم شتە ئیجماعی هاوەڵان و تابعین و هەموو ئوممەی ئیسلامی لەسەرە لە زەمانی عومەرەوە ڕەزای خوای لێبێ تا ئەمڕۆ و جگە لە شیعە کەس لەدەرەوەی ئەم ئیجماعە نەبووە!

کەواتە ئەبێ قسەکانی ئەم مەلایە نهێنییەکی تێدابێ، ئەو نهێنییە چییە ؟ دەبێ بگەڕێین بەدوایدا . ئایا دەستێک هەیەلەناو پارتیدا بە ئاشکرا دژایەتی دین ئەکات بەتایبەت خەتی ڕووداو بۆیە ئەو ئادەمە بێدینەیان هێناوە ئەو بەرنامانەی پێ پێشکەش ئەکەن و دوایی کە بەرنامەکان پەیامی خۆیانیان گەیاند تاوانەکە ئەخەنە ئەستۆی ئادەم وئەو بەوەندەیتر بەناشیرینی لەبەرنامەکە دێتە دەرەوە؟ یان دەستێکی مولحید لەناو دەزگای ڕووداودا هەیە ئەم چوون بەدەم ڕەمەزانەی خەڵکی ناڕەحەتی کردوون و پێی قاڵسن .

یان ئەو مەلایە بێدینە لە نموونەی مەلا میزۆی میسری و احمد قوبانچی و ئەیاد جمال الدینی عێراقییە و ئەیەوێ هەر بەجلی مەلایەتییەوە وەکو مەلاسامانەکەی چەمچەماڵ دژایەتی دین بکات.

یان چووە بۆ ئێران و لەوێ موتعەی کردووەو وێنەی گیراوەوئێستا ئەبێ فەرمانەکان جێبەجێ بکات چونکە شەعیرەی نوێژی تەراویح جوانییەک و حەیەوییەتێک بە ڕەمەزان و ڕۆژوو ئەبەخشێ لای خەڵکی تر دەسناکەوێ و یەکێکە لە ئیشە جوانەکانی عومەر و عەبقەرییاتی عومەر هەندێک کەس چاویان پێدا هەڵنایە.

خوڵاصە ئەمە ئەرکی سەرشانی شیوخی تەصەوف و طريقة و یەکێتی زانایانی ئیسلامی و ئەو مەلا پەرلەمانتارانەیە کەلەناو پارتیدا خۆیان کاندید کردووە کە بێنە جواب لەسەر ئەم شتانەو سنورێک بۆ ئەو سوکایەتیکردن و شێواندنە بەئەنقەستییانەی کەناڵی ڕوداوو پێشکەشکارەکەی دابنێن.

نوسینی: دکتۆر کەریم ئەحمەد

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close