جیهانی ئیسلامیدونیا

نەمسا حەوت مزگەوت دادەخات و ٦٠ ئیمامیشی دوورخستەوە

حکومەتی نەمسا ڕایگەیاند کە حەوت مزگەوتی وڵاتەکە دادەخات و ئەو ئیمامانەش دووردەخاتەوە کە بە ووتەی ئەوان “لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە هاوکاری دەکرێن”.

سێباستیان کورز ڕاوێژکارە گەنجە دژ بە ئیسلام و موسڵمانان و کۆچبەرانەکەی نەمسا لە هەوڵەکانی بۆ قەدەغەکردنی موسڵمانان لە بابەتە ئیسلامییەکان بەردەوامە، هەوڵەکەشی لەژێر ناوی ڕووبەڕووبوونەوەی “ئیسلامی سیاسیی”دایە.

بی بی سی ئاماژەی بەوە کردووە کە هەندێک لە مزگەوتەکان گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کە پەیوەندییان بە تورکیاوە هەبێت، لەکاتێکدا وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی لە وڵاتی تورکیا و وڵاتانی تری ئیسلامی قوتابخانە و زانکۆیان داناوە و بە ئاشکرا و نائاشکرا و بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خەڵکی موسڵمان لە دینی ئیسلام دووردەخەنەوە و لە دین و فەریزەکانی دینی ئیسلام دایاندەماڵن، لە کوردستان بە نمونە قوتابخانەی میدیا و زانکۆی ئەمریکی بە هەموو شێوەیەک هەوڵی داماڵینی دینی قوتابیانی کوردی دیندار دەدەن.

لە بەرامبەردا نوسینگەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەو کارەی نەمسای بە “ئیسلامۆفۆبیک، نەژادپەرستی و بێڕێزی” ناوبردووە.

بەگوێرەی حکومەتی نەمسا، لە کۆی ٢٦٠ ئیمامی مزگەوتەکانی نەمسا ٦٠ ئیمامیان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە و دوورخراونەتەوە کە بەگوێرەی حکومەتی نەمسا “٤٠یان سەربە گروپی ئاتیب-ن کە گروپێکی ئیسلامی نزیک لە حکومەتی تورکیایە”.

ئەوەی دەخوێنرێتەوە لە سیاسەتی وڵاتانی ئەوروپی زیاتر دژایەتیکردنی ئەو گەشەکردنە ئابوریی و پەروەردەیی و دیموکراسییەی تورکیایە کە ڕەنگدانەوەی خێرای لەسەر ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان هەیە، وە ئەو حزبەشی کە تورکیای بەم گەشە خێرایە گەیاندووە حزبێکی ئیسلامییە و وڵاتانی ئەوروپیش دەیانەوێت لەڕێگەی لێدان لە ئیسلام و ناشرینکردنی موسڵمانانەوە لە سیاسەتی پارتە ئیسلامییەکەی تورکیا بدەن.

سێباستیان کورز ڕاوێژکاری نەمساش وتوویەتی “کۆمەڵگای پارالێڵ، ئیسلامی سیاسی و مەیلکردنی توندڕەوی لە وڵاتەکەماندا جێگەی نابێتەوە”.

شارەزایەکی کاروباری ڕۆژئاواش دەڵێت “کارەکەی خودی سێباستیان کورز کارێکی توندڕەوانە و سیاسییانەی دژ بە موسڵمانان و ئیسلامە”.

هەر نەمسا نییە کە دژایەتی توندی ئیسلام و موسڵمانان و کۆچبەران دەکات، بەڵکو چەندین وڵاتی ئەوروپی و ڕۆژئاوا دژایەتی توندی سیستماتیکیان هەیە، لەناویاندا هەریەکە لە فەڕەنسا و بەلجیکا و ئەڵمانیا هەن، کە سەرجەمیان خۆیان وەکو وڵاتی دیموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین نمایشدەکەن.

شارەزایەکی کاروباری ئەوروپاش دەڵێت “ئەو نمایشەی وڵاتانی ئەوروپا جگە لەوەی دژایەتی ئاشکرای موسڵمانان و کۆچبەران و دینی ئیسلامی بە تایبەتی لێ دەخوێنرێتەوە، لە هەمان کاتدا نمایشێکی سیاسییە، چونکە دینی ئیسلام بە شێوەیەکی خێرا لە گەشەکردندایە”.

موسڵمانێکیش لەوبارەیەوە وتوویەتی “دینی ئیسلام دینێکە کە لەگەڵ گەیشتنی بە دڵەکان، دڵەکان فەتح دەکات و هەرچەند ڕەقبن نەرمیان دەکات، کە ئەمەش لەلایەن سەرۆکە ئەوروپی و ڕۆژئاواییەکانەوە بە مەترسی دەبینرێت بۆ دەسەڵاتیان و ناچارن کە سیناریۆی جۆراوجۆر و گروپی تیرۆریستی جۆراوجۆر لە وڵاتانی ئیسلامی و کردەوەی تیرۆریستی بەناوی گروپی ئیسلامیی دروستکراوی دەستی خۆیانەوە دروستکەن، بۆئەوەی وای لە خەڵک بگەیەنن کە کردەوەی گروپە بەناو ئیسلامییەکانی دەستی خۆیان ناوەرۆکی ئیسلامە، کە ئەوەش دوورە لە ڕاستییەوە و موسڵمانان و ناموسڵمانان دەبێت زیاتر لەبارەی ئیسلامی ڕاستەقینەوە بخوێننەوە کە دوورە لە هەر کردەوەیەکی ناعادیلانە و نادادپەروەرانە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close